Accessibility links

بەهۆی پاڵەپەستۆی هاندەران بەر لە یاری کۆتایی جامی کەنداو، کەسێک گیانی لە دەستدەدات و دەیان کەسیش بریندار دەبن


چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکردنی یاری کۆتایی جامی جیهانی کەنداو لە عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە بەهۆی پاڵەپەستۆ و پێکدادانەوە لە دەرەوەی ئەو یاریگەیەی کە یارییەکەی تێدادەکرێت، بەلایەنی کەم کەسێک گیانی لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.

عێراق لەمێژە لە میوانداریکردنی یارییە نێودەوڵەتییەکانی تۆپی پێی قەدەغەکرابوو. ئەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووە خوازیاربوو بەم جامی کەنداوە بتوانێت وێنای خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی باشتربکات، بەڵام ناچاربوو داوای لێبوردن بکات بەهۆی هەڵە ڕێکخراوەییەکانەوە.

هەزاران لە هاندەران، زۆربەیان بەبێ بلیت، لە دەرەوەی یاریگەکەی شاری بەسرە لە بەرەبەیانەوە کۆبونەتەوە بەو هیوایەی بتوانن یاری کۆتایی جامی کەنداو لە نێوان عێراق و عومان ببینن کە کاتژمێر هەشتی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی عێراق دەستپێدەکات.

کاربەدەستانی تەندروستی دەڵێن کەسێک گیانی لەدەستداوە و دەیان کەسی تریش بریندار بوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی کە بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوونی ئامادەکارییەکان گەیشتە بەسرە، لە تویتێکدا داوای لە خەڵکی بەسرە کرد هەر وەکو چەند ڕۆژی ڕابردوو " بە گیانێکی نیشتمانی بەرزەوە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانبن بۆ کۆتاییەکانی پاڵەوانێتی کەنداو 25 بە جوانترین شێوە پیشان بدرێت."

وێنەو گرتە ڤیدیۆکانی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە نیشان دەدات هەزاران کەس لە بەردەم یاریگەکە کۆبونەتەوە.

سوپا داوای لە هاندەران کردووە ڕێنماییەکانی کارمەندانی هێزی ئاسایش ڕەچاوبگرن سەبارەت بە چوونە ناو یاریگاکە بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت پاڵەوانێتییەکە "بە شێوەیەکی شارستانی کۆتایی پێبێت ببێتە مایەی ڕێز بۆ عێڕاق".

هەتا ئێستا یاری تۆپی پێ زۆربینەرترین وەرزشە لە عێراق و خەڵکی عێراق دەرفەتێکی دەگمەنیان هەبووە بۆ بینینی یاری نێونەتەوەیی ڕاستەوخۆ.

جامی کەنداو لە عێراق هەزاران هاندەری بیانیشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە کە لە وڵاتی کوێتی دراوسێوە چوون بۆ بینینی یارییەکان لە شاری بەسرە کە کەمێک زیاتر لە 50 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە.

وڵاتانی جامی کەنداو بریتین لە بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر، سعودیە، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)، یەمەن و عێراق.

ئەمە 25 هەمین جامی کەنداو بوو بەڵام یەکەم جار بوو لەوەتای ساڵی 1979 وە هەمان ساڵی کە سەدام دەسەڵاتی گرتە دەست، عێراق میوانداری بکات.

لە پاش داگیرکردنی کویەت لەلایەن سەدامەوە، عێراق لەلایەن فیفاوە قەدەغە کرابوو.

پاشانیش بەهۆی شەڕو ناسەقامگیری قەدەغەکردنی تریش دەستیپێکرد هەتا سەرەتای ساڵی ڕابردوو ئەو قەدەغەکردنە لەسەر عێراق هەڵگیرا.

بەڵام سەرەڕای سوربوونی عێراق بۆ سەلماندنی ئەوەی کە دەتوانێت بە سەلامەتی میوانداری یارییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان بکات، پاڵەوانێتییەکە تووشی کێشەی لۆجستی بووە کە هاندەرانی خاوەن بلیت و هەروەها ڕۆژنامەنووسانی باوەڕپێکراویش دوورخراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG