Accessibility links

سەعدی پیرە: "مەلا بەختیار تەوازنی تێکچووە و تووشی هیستریایەک بووە"


سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بە توندی هێرشی کردە سەر مەلا بەختیار دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کە دەگوترێت هی مەلا بەختیارە و تێیدا چەند سەرکردەیەکی یەکێتی بە گەندەڵی و خیانەت تۆمەتبارکراون.

سەعدی پیرە ڕایگەیاند، "پێموایە کاک بەختیار کای کۆن بەبا دەکات؛ ئەو بابەتانە پێشتر قسەی لەسەر کراوە. لە سەرکردایەتی یەکێتی قسەی لەسەر کراوە و پلینێومێکی لەسەر گیراوە هەریەکە سزای خۆی وەرگرت. ئەوەی ڕاست بوو سزایان وەرگرت و ئەوەی ڕاست نەبوو دەستبەکاربوون، بە تایبەتی ئەو سێ کەسەی کە ئەو ناوی هێناون."

تۆمارە دەنگیەکە، کە دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت سەربەخۆ پشتڕاستی بکاتەوە، زیاتر لە سێ خولەک و نیوە و تێیدا چەند سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی، لە نێوانیاندا سەعدی پیرە، تۆمەتبارکراون بەوەی کە گوایە فایلی بەعسیبوونیان هەبووە و پێشتر موچەیان لە ڕژێمی بەعس وەرگرتووە.

تا ئێستا یەکێتی هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەسەر ئەم تۆمارە دەرنەبڕیوە و هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی مەلا بەختیار سەرکەوتوو نەبوون.

سەعدی پیرە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئەو سکاڵای یاسایی لە دژی مەلا بەختیار تۆمار نەکردووە بەهۆی ئەوەی بابەتەکە "کەسی نییە" و دەیەوێت لە ڕێگای حیزبەکەیەوە یەکلایی بکرێتەوە.

ئەو ڕایگەیاند، "بەڵام لەهەموو حاڵەتەکان مەلا بەختیار ناتوانین جارێکی تر وەکو پیاوێکی هاوسەنگی مەعقول سەیری بکەین."

هەروەها گوتی، "هەرچی بڵێم بە کاک مەلا بەختیار کەمه.‌ بەڵام مەلا بەختیار تەوازنی تێکچووە و تووشی هیستریایەک بووە، دەیەوێت ناوی خۆی بێنێتەناو ناوان. پێموایە دەیەوێت دەستە چەورەکەی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسڕێتەوە. هەموو ئەو شتانەی باسی دەکات ئەگەر لەسەر ئەو موناقشەی لەسەر بکەین لەهیچیان دەرناچێت."


"هێزی دووپشک"

لێدوانەکەی سەعدی پیرە لە کاتێکدایە کە یەکێتی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ئاستی ناوخۆیی حیزبەکەی و لەگەڵ پارتی توشی چەندین ئالۆزی هاتووە.

هەفتەی ڕابردوو چەند ڕاگەیاندنێکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، سەرقاڵی پێکهێنانی هێزێکی چەکداری تایبەتە بەناوی هێزی دووپشک.

سەعدی پیره ئاماژەیدا کە ئەو زانیاری نییە لەسەر دروستکردنی هێزێکی وەها. وە ڕایگەیاند، "هێزەکان زۆرن. ئێمە ئەوکات دەتوانین لەو هێزستانە تەواو بن ئەگەر هەوڵماندا پێشمەرگە حزبیەکان بکەینە هێزێکی میللی."

ئاراس شێخ جەنگی، سەرکردەی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و برای لاهور شێخ جەنگی، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدایی ڕووداو لە ڕێکەوتی 2023-1-15، ڕایگەیاند کە ئەو لەو باوەڕەدا نییە لاهور شێخ جەنگی هێزی تایبەت بە خۆی دروستکردبێت "بەڵام ئێستا یەکێتی پاسەوانەکانی لێسەندۆتەوە، ڕەنگە ئەوانە پاسەوانی بن نەک هێزی چەکدار."

ئاراس شێخ جەنگی هەروەها هۆشداری دا کە کێشەکانی یەکێتی شیانی هەیە بگەنە ئاستی "پێکدادانی چەکداری."

بەڵام سەعدی پیرە بە دووری زانی کێشەکان بگاتە ئەو ئاستە و دەڵێت، "لەکاتی بوونی ناڕەزایی و گرژی، شتێک زیادەڕەوی تێدایە ڕەنگە هەندێک کەس لێکدانەوەی هەڕەشەی بۆ بکات، هەندێک کەس لێکدانەوەی لێکترازان و قوڵبوونەوەی کێشەکانی بۆ بکات، بەڵام لەڕاستیدا ئەوانە هەمووی شیانی چارەسەرکردنن."

پەیوەندی یەکێتی و پارتی

لە بارەی گرژیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کە گەیشتنە ئاستێک تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکان بکەن، سەعدی پیرە ڕایگەیاند کە دوای دوو بەیاننامەکانی دوێنێ هەردوو تیمی یەکێتی و پارتی پەیوەندی ئەو دوو حیزبە دەستەڵاتدارەی هەرێم "فۆرمێکی تری وەرگرتووە."

ڕۆژی یەکشەممە، 15-01-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا سەرکردایەتی یەکێتی بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕێگربوونە لە کۆکردنەوەی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، وە بەوە تۆمەتباری کردن کە "هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر ئەوە بکرێت شەڕی ناوخۆ روودەدات."

لە بەرامبەردا، تیمی یەکێتیی لە حکومەت لێدوانەکەی مەسرور بارزانیان بە "چەواشەکاری" لەقەڵەم دا و ڕایانگەیاند، "بە داخەوە ئەم کابینەیە خراپترین کابینە بووە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستان."

سەعدی پیرە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەم ماوەی دواییدا بڕیاروابوو گرژیەکان بەرەو خاوبوونەوە بڕۆن و هەوڵبدەن لەڕێگەی زنجیرەیەک کۆبوونەوە ڕێککەوتنامەیەکی نوێ ئامادە بکەن، ئەو ناکۆکیانەی کە لەسەر بابەتی گۆڕانکاری لەتیمی حکومەت هەردوولا بە ڕێککەوتن جێبەجێی بکەن. بەڵام دیارە ناکۆکیەکان لەوە قوڵترن، ڕیشەی دارایی و ئابوری و شتی تری هەیە بۆیە لە دوێنێیەوە بەداخەوە فۆڕمێکی نەخوازراوی بەخۆوە بینیووە."

هەروەها سەعدی پیرە گوتی، " ێموایە کاک مەسرور ئەو وتارەی نەدایە زۆر قازانجی زیاتر دەبوو."

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی نەشاردەوە کە وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستەکانیان هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدەن بۆ کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.

ئەو ڕایگەیاند، "ئەوانەی کە لێرەن لە ئاستی باڵوێزەکان کە هەیانە و لەئاستی تیمە سەربازییەکانی کە لێرە هەن بۆ ئیشی ڕاهێنان لە بەغداد و لە هەرێمی کوردستانن بەردەوام خەریکن لە ناوبژیوانی و لێک نزیککردنەوه."

لەوەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی کە ئایا هیچ کەناڵێکی پەیوەندی لەنێوان پارتی و یەکێتی ماوە، پیرە ڕایگەیاند کە پەیوەندیەکان لەسەر ئاستی کادیرەکان بەدەوامن بەڵام لەسەر ئاستی بەرپرسی یەکەمی حزبەکان پەیوەندییەکان "زۆر کزە و خاو بۆتەوە پێموایە پێویستیان بە یارمەتیدان هەیه."

‌ئەو ڕایگەیاند کە هانی سەرکردەکانی هەردوو حیزب دەدات بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە قوڵتربوونەوەی ناکۆکیان "چونکە بۆ خەڵک لە هەرێمی کوردستان لەپێکەوە ئیشکردنی پارتی و یەکێتی هیچ بەدیلێکی تریان نییە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:59 0:00

XS
SM
MD
LG