Accessibility links

ئامارەکانی سەنتەری میترۆ دەریدەخەن لە سنوری پارتی زۆرترین پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان کراوە و لە سنوری یەکێتیش زیادی کردووە


ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ
ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ
لە کۆی 431 پێشێلکاری بەرامبەر بە 301 ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی لە ساڵی 2022، سنوری ژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین ژمارەی تۆمارکرکردنی بەردەکەوێت، ئەمە بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان کە ڕۆژی دووشەممە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە.

هەرچەندە سەنتەری میترۆ بە دیاریکراوی ئاماری نەداوە لەسەر بنەمای پێشێلکارییەکان بەپێی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی یان یەکێتی، بەڵام ئامارەکانی دەریدەخەن کە لە کۆی 118 حاڵەتی تۆمارکراو لە سنورەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە و هەڵەبجە، تەنها لە ژێر دەستەڵاتی پارتی 72 پێشێلکاری تۆمارکراوە کە دەکاتە زیاتر لە 60٪ ی کۆی پێشێلکاریەکان.

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەبێت حکومەت دان بەوەدا بنێت کە کێشەیەک هەیە، بەڵام حکومەت هەمیشە نکوڵی لە بوونی ئەو کێشەیە دەکات و کێشەکان ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەکەنەوە و تاوانباریان دەکەن، بەبێ ئەوەی تەنها جارێک بەرپرسێکی ئەمنی هەڵسەنگاندن بۆ مامەڵەی خۆی لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بکات، یاخو ڕۆژیک ئەوانەی پێشێلکاریان کردووە، سزایەکی ئیداری یان بچووکترین سزا درابێت."

ئامارەکانی ڕاپۆرتە هەروەها دەریدەخەن پێشێلکاریەکان لە هەردوو سنوری ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی زیادیانکرووە، وە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو پێشێلکارییەکان لە سلێمانی زیاتربوون.

پێشتر بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم بەردەوام ستایشی ئازادی کاری ڕۆژنامەگەرییان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بە تایبەت بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مانگی چواری ساڵی ڕابردوو لە پەیامێکیدا بە بۆنەی یادی ڕۆژنامەگەری کوردی، ڕایگەیاند کە ئەو پشتگیری لە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکات چونکە "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەکی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان ھەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی کۆمەڵگەی کوردستاندا بکات."

سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانیش لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، "سلێمانی شوێنێک نییە بۆ زیندانیکردن و ئازاردانی ڕۆژنامەنووس و نووسەران. بەڵکو پایتەختی ڕۆشنبیری جێگەیەکە بۆ ڕێزگرتن لە ڕەخنە و ئازادییەکانی ڕۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەمە ئازا و بوێرەکان."

ڕاپۆرتەکەی سەنتەری میترۆ دەریدەخات کە زۆرترین پێشێلکارییەکانی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو، ئەو کاتەی لە ئەنجامی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکدا لە شاری سلێمانی هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردن ئەنجامدرا دژ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕووماڵکار، لە نێوانیان تیمی دەنگی ئەمەریکا.

ڕەحمان غەریب هۆکاری بەرزبوونەوەی ئامارەکانی گەڕاندەوە "بۆ بێباکی حکومەتی هەرێمی کوردستان" بەرامبەر بە مافی ئازادی کاری میدیایی.

ڕەحمان غەریب ئاماژەشی بەوە کرد کە "تا ئێستا ئاستەنگەکان و بەربەستەکان بۆ کاری ڕاگەیاندن بەردەوامن. بۆ لابردن و نەهێشتنی ئاستەنگیەکانیش پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاسپاردانەی سەنتەری میترۆ پێشکەشی کردووە بە هەند وەری بگرێت."

بە پێی ڕاپۆرتەکە لە ساڵی ڕابردوو پێشێلکاریەکان بریتیبوون لە 195 ڕێگری، 68 زەوتکردن و شکاندن، 46 هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی، 64 دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا، 4 دەستگیرکردن بە بڕیاری دادگا، 26 لێدان و برینداربوون، 1 داخستنی کەناڵ، 2 هێرشی موشەکی، 3 هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس، 6 هێرشی ئەلکترۆنی و 16 بەڵێننامە پڕکردنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لەساڵی 2021 دا 353 حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکرابوون.
بەرپرسانی سەنتەری میترۆ ساڵێ ڕابردوویان بە "یەکێک لە خراپترین ساڵەکان" بۆ ڕۆژنامەنووسان هەژمارکرد و هۆشداریاندا کە ئامارەکان "ئاماژەی مەترسیدارن" لەسەر ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی و بەرتەسک بوونەوەی ئازادی لە هەرێمی کوردستاندا.

پێشتریش ڕێكخراوە جیهانیەکان لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی کاری میدیایی چەندین جار هۆشداریان داوەتە حکومەتی هەرێم.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور کە ئۆفیسی سەرەکی لە فەڕەنسایە لە ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردوویدا لە کۆی 180 وڵات، عێراقی لە ڕیزی 10 خراپترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان بۆ کاری ڕۆژنامەگەری داناوە. ڕێکخراوەکە عێراقی خستۆتە پلەی 172 لە کۆی وڵاتانی جیهان، واتا بەراورد بە ساڵی 2021 عێراق 9 پلە پاشەکشەی کردووە. ڕێکخراوەکە نمونەی هێناوەتەوە بە پێنج ڕۆژنامەنووسی زیندانی کراو کردووە لە هەرێمی کوردستاندا کە مەبەست لێی زیندانیانی بادینانە.

ئەمە بەدەر لەوەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە ساڵی 2022 ئاماژەی بەوە کردووە کە لە عێراقدا سێ زیندانی کراو هەن و هەرسێکیان لە هەرێمی کوردستانن وەک ئاماژەیەک بۆ زیندانیانی بادینان.

XS
SM
MD
LG