Accessibility links

چیرۆکی ئەو شوانکارانەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون


"لە نێو ئەشکەوتێکدا لە سنوری زنجیرە چیای حەمرین زیندانییان کردبووم، هەردوو قاچیان بەستمەوە، بە درێژایی سێ مانگ، تەنها خورمایان پێدەدام." ئەمە چیرۆکی سەیف محیەدینە، یەکێکە لەو شوانکارانەی کە ساڵی رابردوو لە لایەن داعشەوە و لەسنوری خورماتوو رفێنرا و چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەبەرانبەر 50 هەزار دۆلاردا ئازاد کرا.

سەیف محیەدینی شوانکارە ڕوونیکردەوە، چەکدارەکانی داعش ژمارەیەکی زۆر تونێل و حەشارگەیان لە زنجیرە چیاکانی حەمرین هەیە و لەو حەشارگانەدا رفێنراوەکان زیندانی دەکەن تا ئەو کاتەی لەگەڵ کەسوکاریاندا ڕێکدەکەون و پارەیان لێوەردەگرن.

زنجیرە چیای حەمرین، لەکەرکوکەوە شۆڕ دەبێتەوە تا دەگاتە دیالە.

محیەدین دەڵێت "کاتێک لای داعش دەست بەسەربووم، چەکدارەکان قسەیان لەگەڵ دەکردم، زانیاری تەواویان هەبوو لەسەر خەڵکی گوندەکان، دەیانزانی کێ پۆلیسە، کێ سەربازی عێراقییە و کێ پێشمەرگەیە. دەیانگوت، ئەوان بگرین دەیانکوژین، بەڵام ئێوە بۆ پارە ئازاد دەکەین."

بەرپرسان دەڵێن رفاندنی شوانکارەکان و ئازادکردنیان لەبەرانبەر بڕە پارەیەکی زۆردا، پلانی نوێی چەکدارانی داعشە لە پارێزگاکانی ( دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین)، بەو پێیەی داعش سەرچاوەکانی داهاتی لەدەستداوە و لە ڕێگەی رفاندنەوە سەرچاوەی داهات دەست دەخات.

نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، لە گوندی قەڵای سەربە ناحیەی زنانەی نزیک قەزای خورماتوو، داعش دوو شوانکارەی کوردی رفاند، کە تەمەنیان لە نێوان (23_25) ساڵیدایە و چاوەڕوان دەکرێت چەند ڕۆژێکی تر، لە زنجیرە چیاکانی حەمرینەوە پەیوەندی بە کەس و کاریانەوە بکرێت و بڕێک پارە بکرێتە مەرج بۆ ئازاد کردنییان.

ئەو ناوچەیەی دوو شوانکارەکەی تێدا ڕفێندراوە پێشتر سوپای عێراق و پێشمەرگە بە هەماهەنگی یەکتری چەندینجار ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعشیان تێدا ئەنجام داوە، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکان هێز لەو ناوچانە جێگیر نەکراوە، چونکە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی قەدەغەکراوی نێوان هەردوولایە هێشتا ڕێکنەکەوتون لەسەر پڕکردنەوەی.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە ناحیەی زنانە، بە دەنگی ئەمەریکای وت "چەندین جار خەڵکی ناوچەکەمان ئاگادار کردووەتەوە نەچنە ئەو ناوچانەی موحەرەمەن و چەکداری داعشیان تێدایە، بەڵام هەندێک لە شوانکارەکان هەر دەچن."

ئەو وتیشی"ئەو دوو شوانکارەی گوندی قەڵا کە ئەمڕۆ رفێنراون، مەڕەکانیان بردووەتە ئەو سنورانەی پێشمەرگەیان تێدا نییە، بۆیە داعش رفاندوونی."

دانیشتوانی ناوچەی زنانە درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە و داوای کۆبونەوەی عەشایەری دەکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ بەرگرتن بە ڕفاندنی گەنجان و شوانکارانی ناوچەکەیان.

هەفتەی رابردوو، داعش گرتەی ڤیدیۆیی گەنجێکی تری دانیشتووی ناحیەی سەعدیەی بەناوی ( حسێن برهان) بڵاوکردەوە، چەکدارێکی داعش کە جلی سەربازی لەبەردایە، فیشەکێک دەنێت بەسەریەوە و دەیکوژێت.

ئەو گوندنیشینانەی کە کارمەندن لە ریزی هێزە عێراقی و کوردییەکاندا، داعش دوای رفاندنیان دەیانکوژێت و گرتەی ڤیدیۆیی کوشتنەکانیان بڵاو دەکاتەوە، بەڵام هاووڵاتیانی سڤیل لەبەرانبەر پارەدا ئازاد دەکات.

لیوا محەمەد رۆستەم، جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە_حەمرین ی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"داعش سەرچاوەی داهاتی لە دەستداوە و بۆ خەرجی چەکدارەکانی، پێویستی بە پارەیە، بۆیە خەڵک دەرفێنن و لەبەرانبەر پارەدا ئازادی دەکەن."

رفاندنی دوو شوانکارەکەی گوندی قەڵای سەربە ناحیەی زنانە لە کاتێکدایە، تا ئێستا داعش لەو ناوچەیە پێنج شوانکارەی تری لەبەرانبەر بڕێکی زۆر پارەدا ئازاد کردووە.

محەمەد ئەحمەد، ناوی خوازراوی شوانکارەیەکی رفێنراوە و دوای مانەوەی بۆ ماوەی 6 مانگ لە ئەشکەوتێکدا لە زنجیرە چیای حەمرین، داعش لەبەرانبەر 58 هەزار دۆلار ئازادیکردووە.

محەمەد، بۆ دەنگی ئەمەریکای گێڕایەوە "داعش پەیوەندییان بە کەس و کارمەوە کرد و لەسەر 60 هەزار دۆلار رێککەوتن بۆ ئازاد کردم، دوای مامەڵەکردن پارەکە بۆ 58 هەزار دۆلار کەمکرایەوە."

بە پێی وتەی محەمەد، چەکدارەکانی داعش بە ئاشکرا بە سنوری زنجیرە چیای حەمریندا دەسوڕێنەوە، وتی "کاتێک باوکم هاتە زنجیرە چیای حەمرین بۆ ڕادەستکردنی پارەکە و هێنانەوەی من، سێ چەکدار بە بێ ترس بە گوندەکاندا، منیان هێنا و ڕادەستی باوکمیان کردم و پارەکەیان وەرگرت."

محەمەد وتیشی"باوکم 100 دۆلار زیاتری دابووە داعش، دوای چەند رۆژێک لە حەمرینەوە پەیوەندی بە باوکمەوە کرا و پێیوترا، تا بڕوات 100 دۆلارەکە وەربگرێتەوە، گوایە ئەوان حەرام ناخۆن."

"باوکم پێیوتن، ئەی 58 هەزار دۆلارەکەی تر حەڵاڵە؟ وتیان لە سەر ئەوە مامەڵەمان لەگەڵ کردوویت و پارەکەمان بۆ کەس و کاری شەهیدەکانمانە." بەپێی وتەی محەمەد.

رفاندنی گوندنیشین و شوانکارەکان لەلایەن داعشەوە لەکاتێکدایە، پێشتر چەند فەرماندەیەکی باڵای سەربازی بەدەنگی ئەمەریکایان راگەیاندبوو، رێنمایی دراوەتە چەکدارانی داعش لە ڕێگەی رفاندنەوە پارە کۆبکەنەوە، ئەمەش بۆ خەرجی رۆژانەی چەکدارەکانیان.

XS
SM
MD
LG