Accessibility links

تێڕوانینی شیکەرەوەیەکی سیاسی لەمەڕ ڕەزامەندی عێراق بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا


سەرەک وەزیری عێراق داکۆکی لە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات بە شێوەیەک کە کاتێکی دیاری کراو بۆ دەرچوونیان لە وڵاتەکە دانەنرێت.

محەمەد شیاع ئەلسودانی لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی، واڵ ستریت جۆرناڵ (The Wall Street Journal) کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت " لەو بڕوایەداین کە پێویستمان بە هێزی بیانی هەیە."

سودانی، پێویستی مانەوەی هێزە بیانییەکانی لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش گەڕاندەوە.

شارەزایەکی کاروباری سیاسی عێراق پێی وایە دامەزراوە ئاسایشییەکانی عێراق هێشتا بە پێی پێویست تۆکمە نین بۆیە مەترسییەکانی داعش هەر بەردەوامە.

یاسین تەها
یاسین تەها

یاسین تەها مامۆستای زانکۆ و شارەزای کاروباری سیاسی عێراق دەڵێت " ئێستا گوشاری زۆر لە سەر عێراق هەیە کە هێزی فیدراڵی زۆر بنێرێت بۆ سنوورەکان لەگەڵ ئێراندا و بۆشاییەکی ئاسایشی زۆریش هەیە لە ناوچە جێناکۆکەکان. داعش هێشتا یەکێکە لەو مەترسییە سەرەکییانەی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە. لە کاتێکدا کە عێراق هێشتا لە بوارەکانی لۆجستی ئەمنی زۆر بەهێز نییە پێویستیەکی زۆری هەیە بە هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا."

ئەو هێزە بیانیانەی لە عێراق ماونەتەوە چەندین ساڵە لە عێراق ڕاهێنان بە هێزەکانی عێراقی دەکەن لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی کە لە ساڵی 2014 دا بەشێکی عێراق و سوریای داگیرکرد و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیادا ڕاگەیاند. لە ساڵی 2017 حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیری ئەو کاتەی عێراق بە فەرمی شکستپێهێنانی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند.

محەمەد شیاع ئەلسودانی دەڵێت " بنبڕکردنی داعش کاتی زیاتری پێویستە."

مانەوەی هێزە بیانییەکان بە تایبەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بابەتێکی مشتومڕلەسەرە لە نێو لایەنە عێراقییەکاندا. بەشێک لەو لایەنانەی کە پشتیوانیان لە سودانی کرد بۆ بوون بە سەرەک وەزیر و زۆرینەن لە پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانن لەگەڵ لایەنەکانی سەر بە ئێران و لە ماوەی ڕابردوودا دژی ئەوە بوون هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا کە هەر شیعەکان تیایدا باڵادەست بوون، بەرنوسێک پەسەند کرا بۆ چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان، بەڵام لەو بەرنوسەدا هیچ وادەیەک دەستنیشان نەکرابوو.

یاسین تەها لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " لەم دواییانە کۆمەڵێک پێشهات هاتوونەتە پێش، یەکێک لەوانە مەسەلەی دۆلارە کە ترسێکی زۆری لەلای شیعەکان دروست کردووە کە ئەگەر بێت و گوشار لە ئەمەریکا بکەن ڕەنگە پێدانی گەڕانەوەی دۆلار لە ئەمەریکا بۆ عێراق سەختتر و ئاڵۆزتربێت. ئەو کاتە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بە مانای ناسەقامگیری ئابوری و کۆمەڵایەتی و بە مانای مەترسی بۆ سەر حکومەتی سودانی دێت."

لە ماوەی ڕابردوودا دۆلاری ئەمەریکایی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبووەوە و ئەمەش پشێوی و ئاڵۆزی لە بازاڕی دراوی عێراقدا دروست کرد.

میدیا جیهانییەکان هاوکاتی گەشتەکەی بۆ ئەڵمانیا لە هەفتەی ڕابردوو، ئاماژەیان بەوە دابوو کە محەمەد شیاع سودانی جەختی کردووەتەوە لەوەی وڵاتەکەی پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە هەروەها ئەو ڕاوێژکارە لەشکریانەی سەر بە هێزی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیین بابەتێکە بۆ تاوتوێکرن لە ئێستادا.

سودانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئولاڤ شۆڵز جەختی لە گرنگی پشتیوانییە لەشکریی و ئاسایشییەکانی ئەڵمانیا کردەوە لە شەڕی دژ بە داعشدا گوتیشی " جەخت دەکەینەوە لەوەی دەزگا ئاسایشییەکانمان بە هەموو جۆرەکانییەوە دەتوانن بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە و ئاستیان گەیشتووەتە ئەندازەیەک کە ئامادەن بۆ پاراستنی ئاسایش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد هێزە ئاسایشیەکانی عێراق تاوتوێی دۆسێی مانەوەی ئەو هێزە بیانیانە دەکەن لە وڵاتەکەدا کە ئەرکی مەشق و ڕاهێنانپێکردنی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقیان هەیە.

یاسین تەها شیکەرەوەی سیاسی عێراق، دەڵێت ئەو بابەتە بەردەوام جێگای مشتومڕەو ئێستاش پێشهاتی نوێ هاتووەتە ئاراوە و کە پێی وایە تەنانەت ئێرانیش نایەوێت عێراق بکەوێتە ژێر فشاری ئەمەریکاوە " عێراق پەنجەرەیەکی گرنگە بۆ هەناسەدانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتنی بە دۆلار بۆ ئاودیوکردنی و ساغکردنەوەی کاڵاکانی. بۆیە ئێرانیش نایەوێت عێراق بە زەقی بەرەنگاری خواستی ئەمەریکا ببێتەوە و بکەوێتە ژێر فشارەکان. ئەمەی سودانیش پێشهاتێکی تازەیەو دەیسەلمێنێت کە هێزەکانی چوارچێوەی هەمئاهەنگی ڕای خۆیان گۆڕیوە و پێیان وایە ناتوانن لە ئێستادا بچنە ژێر باری ئەوەی فشار بۆ دەرکردنی هێزکانی ئەمەریکا ببەن لە کاتێکدا پێشتر هێرشیان دەکردە سەر کازمی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەو دەیانگوت سەر بە حکومەتی ئەمەریکاییە ئێستاش خۆیان هەمان ئەو شتە دەکەن کە کازمی دەیکرد لە ژێر گوشاری ئەمری واقیعدا."

هەر لە پاش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003 وە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، عێراق کەتووەتە نێوان ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و ئێرانەوە. هەرچەندە لەو کاتەوە هەتا ئێستا حکومەتە یەک بە دوای یەکەکانی عێراق هەمیشە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەردوو وڵاتدا هەبێت.

سەرەک وەزیری عێراق لە دواین وتووێژیدا ڕایگەیاند خواستی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو ئەمەریکا و ئێراندا هەیە "ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین". گوتیشی "من ئەمە بە مەحاڵ نازانم کە ببینم عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا هەبێت".

هەرچەندە هەندێک لە شیکەرەوان تێڕوانینەکانی سودانی زیاتر بە دیپلۆماسی دەزانن نەک سیاسی چونکە ئەو بنکە سیاسییەی پشتیوانی لە خودی سودانی دەکات زۆر نزیکە لە ئێرانەوە.

لە ئێستادا نزیکەی 2 هەزار سەربازی ئەمەریکا لە عێراقدان بۆ مەبەستی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری هیزەکانی عێراق. نزیکەی چەند سەد سەربازی هێزەکانی ناتۆش لەو وڵاتەدان کە ئەوانیش هیچ ڕۆڵێکی شەڕکردنیان نییە.

XS
SM
MD
LG