Accessibility links

ڕووسیا لە دوای هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی کیێڤ، شەپۆلێکی نوێی دیکەی مووشەکی ئاراستەی ئۆکرانیا دەکات


ڕوسیا ڕۆژی شەممە شەپۆلی دووەمی مووشەکەکانی ئاراستەی ئۆکرانیا کرد و خەڵکی ناچارکرد کە دوای زەنگی ئاگادارکەرەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا خۆیان حەشار بدەن، ئەمەش تەنها چەند کاتژمێرێک دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانە گرنگەکانی کیێڤ و شاری خارکیڤ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

دەسەڵاتدارانی شاری میکۆلایڤ و شاری لڤیڤ لە ڕۆژئاوا و بەندەری ئۆدێسا لە دەریای ڕەش ڕایانگەیاند کە بەرگری ئاسمانی لەهەوڵی خستنەخوارەوەی مووشەکەکانە. پەخشی گشتی ئۆکراینی ساسپیلن ڕایگەیاندوە کە لە ناوچەی ڤینیتسا دەنگی تەقینەوە بیستراوە.

مۆسکۆ کە لە مانگی ٢ی ساڵی ڕابردووەوە هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، لە مانگی ١٠وە خەریکی هێرش کردنە سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیای بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا و تێکچوونی گەرمکەرەوەی ناوەندی.

دووهەم هێرشی ڕووسیا ڕۆژی شەممە دوای چەند کاتژمێرێک ڕوویدا و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆیتەرز گوێیان لە زنجیرە تەقینەوەیەک بووە لە کیێڤ لە بەیانیدا و ئەمەش پێش ئەوەی تەنانەت زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشە ئاسمانییەکان لێبدرێت. هێشتا ڕوون نییە هێرشەکە زیانی گیانی لێکەوتوەتەوە یان نا.

بە گوتەی کاربەدەستان، هێرشەکانی شەپۆلی یەکەمی ڕووسیا زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە و کەس بریندار نەبووە، بەڵام پاشماوەی مووشەکەکان بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنێک و لە دەرەوەی پایتەختیش خانووەکان زیانیان بەرکەوتووە.

یوری ئینات گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ڕایگەیاند کە پێدەچێت مووشەکەکانی ڕووسیا بە درێژایی ڕێڕەوێکی بالیستیکی بەرز و لە باکوورەوە تەقێندرابن و هەر ئەمەش ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشە ئاسمانییەکە نەکەوتوەتە کار.

ئەو ڕاگەیاندووە کە ئۆکرانیا توانای دەستنیشانکردنی مووشەکی بالیستیکی نییە و ناتوانێت بیانخاتە خوارەوە.

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئۆلێگ سینێهوبۆڤ، پارێزگاری ناوچەی خارکیڤ ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە دوو مووشەکی ئێس-٣٠٠ ئەو شارەی نزیک سنووری ڕووسیایان کردوەتە ئامانج.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە هێرشەکان ژێرخانە گرنکەکانی وزە و دامەزراوە پیشەسازییەکانیان لە قەزای خارکیڤ کردوەتە ئامانج.

هێرشەکانی ڕۆژی شەممە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە شەڕدان بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری سۆلێدار کە شارۆچکەیەکی بچووکی کانگاکانی خوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و چەند ڕۆژێکە ئامانجی هێرشە بێوچانەکانی ڕووسیایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG