Accessibility links

تەقینەوەیەک ئەو کێڵگە غازیە دەهەژێنێت کە سەرچاوەی سەرەکی کارەبای هەرێمی کوردستانە


ئەمڕۆ هەینی تەقینەوەیەک لە نێو کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوک ڕوویدا کە سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبای هەرێمی کوردستانە.

بەرپرسە حوکمی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند کە تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە دیارینەکراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. ئەوان دەڵێن هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوە بەڵام ڕووداوەکە بووەتە هۆی بڵاوکردنەوەی دوکەڵ و دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە ناوچەکە.

ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دەنگی تەقینەوەکە لە ناو کێڵگەی کۆرومۆرەوە بیستراوە. ناتوانم بڵێم سەرچاوەی تەقینەوەکە دەرەکی بووە یاخود لە نێو خودی کێڵگەکەوە بووە، چونکە تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."

ئەو وتیشی"تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، کۆمپانیاکانیش ئیش و کارەکانیان ڕانەگرتووە و سەرقاڵی کارکردنن."

بە گوێرەی دانیشتوانی ناوچەکە، تەقینەوەکە سەرلەبەیانی ڕوویداوە و دەنگی هێندە بەهێز بووە کە بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەی قادر کەرەم ی بائاگا هێناوە. هێزە ئەمنییەکانیش کوت و پڕ گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە.

محەمەد ئەحمەد، کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکانی سنوری قادرکەرەمە، دەڵێت، "دەنگی تەقینەوەکە بەرز بوو، دوکەڵیش بە ئاسمان دا بەرز بوویەوە. بەڵام نازانین هۆکارەکەی چی بوو چونکە ئێمە ناتوانین لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک بینەوە."

فەرماندەیەکی باڵای سەربازی هەرێمی کوردستان، کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت, "کۆرومۆر لەلایەن گروپە میلیشیاکانی دەوروبەری خورماتووەوە بۆردومان دەکرێت. چەندین جار نیگەرانی گەیەنراوەتە سوپای عێراق لەو ناوچەیە، بەڵام لاوازن بەرانبەر ئەو گروپانە."

بە پێی وتەی فەماندەکەی پێشمەرگە، هێشتا ئەوە دەستنیشان نەکراوە کە تەقینەوەکە لە ڕێگەی هێرشەوە بووە یاخود بەهۆی گرفتی تەکنیکی.

سەرچاوەیەکی حکومی لە پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "سەرجەم تەقینەوەکانی پێشووتر لەلایەن گروپە میلیشیاکانەوە ئەنجامدراون، بەڵام تەقینەوەکەی ئەمڕۆ هەینی گومان دەکرێت پەیوەندی بە تەقینەوەی غازی شلەوە هەبووبێت."

دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بەردەست نەبوو.

کێڵگەی غازی کۆر و مۆر لە ڕووی ئیدارییەوە دەکەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵەوە. کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی کە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کاری وەبەرهێنانی غاز و بەرهەمهێنانی کارەبا لەو کێڵگەیە ئەنجام دەدات.

کێڵگەکە تا ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە 52 ملیۆن پێ سێجا غازی لێ بەرهەم هێنراوە. کۆتایی ساڵی رابردووش ڕێژەی بەرهەمهێنانی غاز بۆ نزیکەی 500 ملیۆن پێ سێجا زیادکرا.

دانە غاز پلانی هەیە کە لەمساڵدا رێژەی بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرومۆر بۆ 722 ملیۆن پێ سێجا زیاد بکات لە ڕۆژێکدا. بۆ ساڵانی داهاتووش رێژەکە بۆ نزیکەی ملیارێک پێ سێجا بەرز بکاتەوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆردومانکردنی ناو بە ناوی کێڵگەکە پلانی بەرزکردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی پێ ڕاگرتوون.

ساڵی رابردوو چەندین جار کێڵگەی غازی کۆرومۆر موشەک بارانکرا؛ جاری یەکەم لە ڕۆژی 24/7/2022 چەند کاتیۆشایەک ئاراستەی کێڵگەکە کرا. هەروەها ڕۆژی 25/7ی ساڵی ڕابردوو، جارێکی تر کێڵگەکە بە حەوت کاتیۆشا بۆردومانکرایەوە. لە ڕۆژی 12 ی 10ی هەمان ساڵ، دیسانەوە کێڵگەی کۆرومۆر موشەک بارانکرایەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، سەرجەم ئەو موشەکانەی ساڵی رابردوو ئاراستەی غازی کۆرومۆر کراون، لە سنوری قەزای خورماتووەوە هاویشتراون کە گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی تێییدا باڵادەستن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە فەرمی حەشدی شەعبی لەو ڕووداوانە بەرپرسیار نەکردووە، بەڵام هەمیشە لە لێدوانەکانیدا ڕەخنەی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە بەوەی کە هێرشەکان لە سنوری ئەوەوە ئەنجامدەدرێن.

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆکاری موشەک بارانکردنی کێڵگە غازییەکە لەلایەن گروپە شیعەکانەوە بۆ ناڕەزایەتی ئێران لە زیادکردنی بەرهەمێهێنانی غاز لەو کێڵگەیەی هەرێم دەگێڕنەوە، بەو پێیەی نایەوێت غازی ناوچەی تر ببێتە جێگرەوەی غازەکەی لە بازاڕەکانی عێراق و ناوچەکەدا.

XS
SM
MD
LG