Accessibility links

مێژووی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و بەریتانیا


 عەلیڕەزا ئەکبەری بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئێران کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی- بەریتانیاییە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە
عەلیڕەزا ئەکبەری بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئێران کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی- بەریتانیاییە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە

پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و ئێران کە دەیان ساڵە گرژ و ئاڵۆزی تێکەوتوە، بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ عەلیڕەزا ئەکبەری، جارێکیتر دەبێت بە ناوەندی سەرنجەکان و دەکەوێتەوە بەر باسی میدیاکان.

عەلیڕەزا ئەکبەری کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی- بەریتانیاییە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن تاوانبار کراوە، تۆمەتێک کە ناوبراو ڕەتیدەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا هێڵی گشتی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە و پێشهاتە سەرەکییەکانی ئێران لە ساڵانی ١٩٥٠وە دەخاتەڕوو.

ڕاپۆرتەکە بەم شێوەی خوارەوە هێڵی پێشهاتەکان باس دەکات:

١٩٥٣ - بەریتانیا و ئەمەریکا پێکەوە هاوکاریان کرد لە ڕێکخستنی ڕووخاندنی محەممەد موسەدق سەروک وەزیران و گەڕاندنەوەی محەمەد ڕەزا پەهلەوی بۆ سەر دەسەڵات.

١٩٧٩ - شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی شای ئێران کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، لەم ساڵەدا دەیڕۆخێنێت.

١٩٨٠ - بەریتانیا باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران دادەخات.

١٩٨٨ - بەریتانیا پەیوەندی دیپلۆماسی تەواو لەگەڵ ئێران زیندوو دەکاتەوە.

١٩٨٩- ئایەتوڵڵا خومەینی ڕێبەری باڵای ئێران داوای لە موسڵمانان کرد کە نووسەری بەریتانی سەلمان ڕوشدی بە هۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان" و سووکایەتی بە ئیسلام بکۆژن و ئەمەش وایکرد بەریتانیا لە مانگی ٣ی هەمان ساڵدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران پچڕێنێت.

١٩٩٠بەشێکی بچووکی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دوو وڵات دەگەڕێتەوە.

١٩٩٤ - بەریتانیا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە پەیوەندی لەگەڵ سوپای نایاسایی کۆماریی ئیرلەند، تۆمەتێک کە ئێران ڕەتیکردەوە، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوانیانی خراپتر کرد و هەردوو وڵات لەسەر ئەو پرسە دیپلۆماتکارانی یەکتر دەردەکەن.

١٩٩٨ - ئێران بە فەرمی خۆی لە بانگەوازی کوشتنی ڕوشدی جیاکردەوە.

١٩٩٩- ئێران ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەریتانیا بەرزکراوەتەوە بۆ ئاستی باڵوێزایەتی.

٢٠٠١ - وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جاک ستراو سەردانی ئێرانی کرد بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی "دژە تیرۆر" دوای هێرشەکانی ١١ی سپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ بۆ سەر ئەمەریکا.

٢٠٠٤- ئێران ٨ کارمەندی سەربازی بەریتانیای دەستگیرکرد بەهۆی لادانیان بۆ ناو ئاوەکانی لە عێراقەوە و دواتر ئازاد دەکرێن.

٢٠٠٥- بەریتانیا ڕایگەیاند بەڵگە هەیە ئێران یان حزبوڵڵای لوبنان کە سەر بە ئێرانن، سەرچاوەی ئەو تەکنەلۆجیایە بوون کە لە بۆمبەکانی کەناری ڕێگاکان دژی سەربازانی بەریتانیا لە عێراق بەکارهێنراون، تۆمەتێک کە تاران ڕەتیکردەوە. هەر لەو ساڵەدا ئێران بەریتانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت تەقینەوە بومبێکەوەیە کە شەش کەس لە ئێران تێدا کوژران و لەندەن ڕەتیکردەوە.

مانگی ٣ی ساڵی ٢٠٠٧ - هێزەکانی ئێران دەستیان بەسەر هەشت دەریاوانی هێزی دەریایی بەریتانیا و حەوت سەربازی هێزی دەریایی ئەو وڵاتەدا گرت لە ڕێڕەوی ئاوی شەت ئەلعەرەب کە ئێران و عێراق لە یەکتر جیادەکاتەوە و دواتر کەسەکان لە مانگی ٤دا ئازاد دەکرێن.

مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٠٧ – وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵوێزی به ڕیتانیای بانگهێشت کرد بۆ ده ڕبڕینی ناڕه زایه تی بەڕامبه ڕ پێدانی خەڵاتی فەرمی سوارچاکی بەڕیتانیا به سەلمان ڕوشدی.

مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٠٩ - بەریتانیا سەروەت و سامانی ئێرانی لە ژێر سزاکانی ڕۆژئاوا کە بەهۆی بەرنامە ناکۆکییەکەی ئێرانەوە سەپێندرابوو، سڕ دەکات و هەر لەو مانگەدا بەریتانیا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر ئێران دوای ئەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بەریتانیای بە "خیانەتکارترین" دوژمنی ئێران ناوبرد. لەندەن و تاران هەریەکەیان دیپلۆماتکاری ئەویتر لەم ساڵەدا دەردەکەن.

مانگی ٧ی ساڵی ٢٠٠٩ - ئێران دواهەمین کەس لە ٩ ئێرانی کە لە باڵوێزخانەی بەریتانیا کاریان دەکرد و لە مانگی ٦دا بە تۆمەتی تێوەگلان لە خۆپیشاندانەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی ئێران دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کرد.

٢٠١١ - بەریتانیا سزای دارایی بەسەر ئێراندا سەپاند و فەرمانی بە سەرجەم دامەزراوە داراییەکانی بەریتانیا کرد کە بازرگانی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکان و بانکی ناوەندی ئێران ڕابگرن و هاوکاتیش شورای نیگهبانی ئێران پڕۆژە یاسای کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەریتانیا پەسەند کرد.

مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١١ - بەریتانیا باڵوێزخانەی ئێرانی لە لەندەن داخست و کارمەندەکانی دەرکرد و ڕایگەیاند هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی بەریتانیا لەو مانگەدا لە تاران بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی ئێران بووە.

٢٠١٥-ئێران لەگەڵ ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و چین گەیشتە ڕێککەوتنی ئەتۆمی. بەپێی ڕێککەوتنەکە ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی زۆرێک لە سزا دەرەکییەکان، سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی قبوڵ کرد. ئێران دوای چەند کاتژمێرێک لە دانیشتنە ناوکییەکان، باڵوێزخانەکەی لە لەندەن دەکاتەوە.

مانگی ٤ی ساڵی ٢٠١٦ - ئێران نازەنین زاغەری-ڕاتکلیف، کارمەندی بەریتانی- ئێرانی دەستگیرکرد و دواتر بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی سزا دەدرێت، تۆمەتێک کە ناوبراو ڕەتیکردەوە.

مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٩- تویتەر هەژماری ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانی ڕاگرت بەهۆی تویتێکەوە کە تیایدا وەسفی فەتوای خومەینی لە دژی ڕوشدی کردبوو.

مانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢٢ - زاغەری-ڕاتکلیف و یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە هەڵگری دوو ڕەگەزنامەی بەریتانی و ئێرانییە بە ناوی ئەنووشە ئاشوری لە ئێرانەوە گەڕانەوە بۆ بەریتانیا.

مانگی ٨ی ساڵی ٢٠٢٢ - سەلمان ڕوشدی لەسەر شانۆ لە بۆنەیەکی ئەدەبی لە ویلایەتی نیویۆرک بەر چەقۆ درا. وه زارەتی دەرەوەی ئێران ده ڕایگەیاند هیچ کەس و لایەنیک مافی ئەوەی نییە تاران تۆمەتبار بکات. هاوکات چەند ڕۆژنامەیەکی توندڕەوی ئێران ستایشی هێرشبەرەکەی سەر ڕوشدی دەکەن.

مانگی ١٠ ساڵی ٢٠٢٢ - بەریتانیا سزای بەسەر سێ کەسایەتی سەربازی ئێرانی و کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری کەڵوپەلی سەربازیدا سەپاند بەهۆی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا کە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاریهێناون.

مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٢ - سەرۆکی دەزگای سیخوڕی ناوخۆیی بەریتانیا ڕایگەیاند کە دەزگای هەواڵگری ئێران لانیکەم ١٠ هەوڵی بۆ ڕفاندن یان کوشتنی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەی لە بەریتانیا داوە.

مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣ - سوپای پاسدارانی ئێران ٧ کەس کە پەیوەندییان بە بەریتانیاوە هەبوو بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەتەوە دەستگیرکرد.

مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٣- ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن، سزای لەسێدارەدان بەسەر عەلیڕەزا ئەکبەری، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئێراندا دەسەپێنێت کە هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیا- ئێرانە. میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەڵێن ناوبراو دەستی هەبووە لە تیرۆرکردنی زانایەکی باڵای ئەتۆمی لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا، تۆمەتێک کە ئەکبەری ڕەتیدەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG