Accessibility links

لە هەڵەبجە چەندین ژن پۆستی باڵایان هەیە بەڵام شوێنی پاراستن بۆ ئافرەتانی تاوانلێکراو نییە


هەڵەبجە
هەڵەبجە

لە پارێزگای هەڵەبجە بەشێک لە پۆستە ئیداریەکانی وەکو قائیمقام و سەرۆکی زانکۆ و نوسینگەی مافی مروڤ و بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان و بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشت و گوزار و چەندین پۆستی دیکە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، کەچی تا ئێستا نەتواندراوە شوێنێکی حوکمی بۆ پاراستنی ئەو ئافرەتانە دابینبکرێت کە ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە لە لایەن خێزانەکانیان.

سەرەڕای نەبوونی شێڵتەری پاراستنی ئەو ئافرەتانە، بنکەی پۆلیسی شارەکە هیچ بەشێکی نییە بۆ ڕاگرتنی ئافرەتانی تۆمەتبار.

موقدەم بورهان ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە سنوری بەڕێوبەرایەتیەکەماندا، 301 حاڵەتی توندوتیژی دژ بەژنان تۆمارکراوە. ئەو ژنانەی کە سکاڵاکارن یان تۆمەتبارن ئێمە هیچ شوێنێکمان نییە بۆ پاراستنیان."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو (8-1-2022) ڕایگەیاند کە ساڵی ڕابردوو تەنها لە شاری هەڵەبجە دوو هاووڵاتی کوژراون و 17 حاڵەتی هەوڵی کوشتن و چوار حاڵەتی خۆسوتان و 78 دۆسیەی توندوتیژ دژ بە ژنان تۆمارکراون. هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکە ڕایگەیاند کە دوو حاڵەتی "بەدڕەوشتیی" و 113 حاڵەتی دزی و 20 حاڵەتی دەست بەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و 143 حاڵەتی هەڕەشە تۆمارکراون.

ئەو 301 حاڵەتەی کە تۆمارکراون لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە هەریەک لە قەزاکانی سەیدسادق و پێنجوێن و شارەزووریش دەگرنەوە.

بەرپرسەکەی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە هەڵەبجە نەبوونی شێڵتەری بۆ ئەو ئافرەتانە بە "کەم کورتی زۆر" زانی و ڕایگەیاند، "ئاستەنگی لەبەردەم کارەکانی ئێمەشدا دروست کردووە، واشیکردوە کە نەتوانین وەک پێویست مافی ژنان بگێڕینەوە".

شێڵتەری سلێمانی

چەند چالاکوانێکی ئافرەتان دەڵێن کە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان لەو پارێزگایە یارمەتی ئەو ئافرەتانە دەدەن کە توندوریژییان بەرامبەر کراوە لە ڕێگەی دابینکردنی پارێزەر و هاوکاریان لە کاروبارەکانی تری دادگا. دەڵێن لەبەر نەبوونی شوێنی پاراستنیان لە هەڵەبجە، ناچارن هەندێکیان بگوازنەوە بۆ شێڵتەری سلێمانی .

شارا عەبدالکریم، چالاکوانی مافەکانی ژنان، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بەشێک لە ژنان بە هۆکاری کۆمەڵایەتی ناچنە ناو دامەزراوەکانی حکومەت و سکاڵا تۆماربکەن، پەنا دەبەنە بەر ڕێکخراوەکان."

ئەو جەختی لەسەر هەماهەنگی لە نێوان ڕێکخراوەکان کردەوە و ڕایگەیاند، "کردنەوەی شێڵتەرێک بۆ هێشتنەوەی ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەردەکرێت بووەتە پێویستیەکی هەنوکەیی."

ئەفسەری ژن

چالاکوانان دەڵێن، سەرەڕای نەبوونی بنکەیەکی پاراستنی ئافرەتان، لە ناو بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی شارەکە ئەفسەری لێکۆڵینەوەی ژنانی نییە کە گرفتێکی "گەورەیە" لەبەدەم پرسی مافی ئافرەتانی ئەم شارە.

ڕەنگین سەلام، چالاکوانێکی تری مافەکانی ژنان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کچێک کە شوێنێکی داڵدەدانی نییە و توندوتیژی بەرامبەردەکرێت دەکەوێتە سەر شەقام، نازانرێت چۆن بگەیەنرێت بە شێڵتەرەکان."

ئەو چالاکوانە ڕایگەیاند کە نەبوونی پەناگە بووەتە هۆی زیانی جەستەیی و دەروونی بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕوی توندوتیژی بوونەتەوە، بە شێوەیەک، "کچ هەبووە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە، بەوهۆیەوە و دەست درێژی سێکسی کراوەتەسەر، نە حکومەت و نە ڕێکخراوەکان شوێنێکیان نەبوو بۆ داڵدەدانی، بۆیە دوای چوونە ناو خێزانەکەی ڕووبەرووی توندوتیژی بوویەوە."

XS
SM
MD
LG