بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ، پاسپۆرتی ژاپۆن و سەنگافورە و کۆریای باشوور لە لیستی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهاندان. هەڵگری ئەو پاسپۆرتانە دەتوانن بەئازادانە گەشت بکەن بۆ زۆرترین شوێنی جیهان.
هەڵگرانی پاسپۆرتی ژاپۆن بەبێ ڤیزا یاخود ڤیزا لەسەر داواکاری دەتوانن سەردانی 193 شوێن بکەن و بەم پێیەش پاسپۆرتی ژاپۆن دەبێتە بەهێزترین پاسپۆرتی جیهان بۆ ساڵی 2023.
بە دوای ژاپۆنیشدا، هەڵگرانی پاسپۆرتی سەنگافورە و کۆریای باشوور دەتوانن بە ئازادی سەردانی 192 شوێن بکەن. بەم جۆرە سێ بەهێزترین پاسپۆرتی وڵاتان دەکەونە کیشوەری ئاسیاوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەفغانستان لە خوارەوەی لیستەکەدایە و لاوازترین پاسپۆرتی جیهانە لە ڕووی ئازادی گەشتکردنەوە، هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەفغانستان تەنها دەتوانن سەردانی 27 وڵات بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ڤیزە هەبێت.
لەو وڵاتانەی بەشێکی گەورەی پێکهاتەکەی کوردەکانن، تورکیا لەسەرەوەی لیستەکەدایە وعێراق و سوریا و ئێران لە خوارەوەی لیستەکەدان.
پاسپۆرتی تورکیا ڕیزبەندی 52 ی گرتووە و هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە دەتوانن بە ئازادانە گەشت بۆ 110 شوێن بکەن.
بە دوای تورکیادا وڵاتی ئێران دێت کە ڕیزبەندی 99ی گرتووە و هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێران دەتوانن سەردانی 43 شوێن بکەن.
پاسپۆرتی سوریا ڕیزبەندی 107 ی گرتووە و هەڵگرانی پاسپۆرتەکە دەتوانن گەشتی 30 شوێن بکەن.
بەڵام پاسپۆرتی عێراق کەوتۆتە پێش کۆتایی لیستەکەوە و ڕیزبەندی 108ی گرتووە، هەڵگرانی پاسپۆرتەکە دەتوانن بە ئازادانە سەردانی 29 شوێن بکەن. بەم پێیە پاسپۆرتی عێراق دووەم لاوازترین پاسپۆرتی جیهانە، لە دوای ئەفغانستان.
هەروەها پاسپۆرتی وڵاتانی پاکستان و یەمەن و سۆماڵیا و فەڵەستین و نیپاڵ لە ڕیزبەندی پاسپۆرتە لاوازەکاندان.
ڕاپۆرتەکە لەلایەن Henley & Partners ئامادەکراوە. ئەم دەزگایە 199 پاسپۆرت بەپێی ژمارەی ئەو شوێنانەی هەڵگرانی دەتوانن بەبێ ڤیزەی پێشوەختە سەردانی بکەن، دەستنیشان دەکات. ئەم ڕیزبەندییە بەردەوام تازە دەکرێتەوە کاتێک گۆڕانکاری لە ڤیزاکاندا ڕوودەدات.
باشترین پاسپۆرتی وڵاتان بۆ ساڵی 2023، بەپێی پێوەرەکانی پاسپۆرتی Henley & Partners
1. ژاپۆن (193 شوێن)
2. سەنگافورە، کۆریای باشوور (192 شوێن)
3. ئەڵمانیا، ئیسپانیا (190 شوێن)
4. فینلاند، ئیتاڵیا، لۆکسمبۆرگ (189 شوێن)
5. نەمسا، دانیمارک، هۆڵەندا، سوید (188 شوێن)
6. فەرەنسا، ئێرلەندا، پورتوگال، بەریتانیا (187 شوێن)
7. بەلجیکا، نیوزلەندا، نەرویج، سویسرا، ئەمریکا، کۆماری چیک (186 شوێن)
8. ئوسترالیا، کەنەدا، یۆنان، ماڵتا (185 شوێن)
9. هەنگاریا، پۆڵەندا (184 شوێن)
10. لیتوانیا، سلۆڤاکیا (183 شوێن)
خراپترین پاسپۆرتی وڵاتان بۆ ساڵی 2023، بەپێی پێوەرەکانی پاسپۆرتی Henley & Partners
102. کۆریای باکوور (40 شوێن)
103. نیپاڵ، خاکی فەلەستین (38 شوێن)
104. سۆماڵ (35 شوێن)
105. یەمەن (34 شوێن)
106. پاکستان (32 شوێن)
107. سوریا (30 شوێن)
108. عێراق (29 شوێن)
109. ئەفغانستان (27 شوێن)