Accessibility links

سەرۆکی ئیسرائیل پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی تورکیا دەکات


ساکر ئۆزکان تۆرونلار باڵیۆزی تورکیا لە ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە نامەی دەستبەکاربوونی خۆی پێشکەش بە ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل کرد، ئەمەش دوایین هەنگاوە بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دوای چەندین ساڵ لە قەیرانی نێوان هەردوو وڵات.

هێرزۆگ پاش ڕێوڕەسمەکە گوتی " ئەمڕۆ ئێمە هەنگاوێکی تری گرنگ تەواو دەکەین، دەگەینە قۆناغێکی تر لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان و قووڵکردنەوەی دۆستایەتی نێوان تورکیا و ئیسرائیل."

پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی 2010 وە تێکچوو دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینیەکان کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکانی ئیسرائیل دەدا، لە ئەنجامدا نۆ چالاکوانی تورک کوژران

ئاشتەوایییەکی کورت لە ساڵی 2016، دوای دوو ساڵ کۆتایی هات کاتێک تورکیا باڵیۆزی خۆی کێشایەوە و باڵیۆزی ئیسرائیلی دەرکرد بەهۆی کوشتنی فەلەستینییەکان لە غەززە.

دوابەدوای چەند مانگێک لە دانوستاندن و سەردانێکی هێرزۆگ بۆ تورکیا لە مانگی سێی ڕابردوو، هەردوو وڵات لە مانگی هەشتدا چاککردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانیان و گەڕانەوەی باڵیۆزەکانیان ڕاگەیاند.

هێرزۆگ، کە هاوتا تورکەکەی خۆی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیشی بانگهێشتی ئیسرائیل کردووە، وتی ئێستا پەیوەندییەکان "لە سەر ڕێڕەوێکی جێگای دڵخۆشیدان".

مانگی ڕابردوو ئیریت لیلیان باڵیۆزی نوێی ئیسرائیل بۆ تورکیا، نامەی دەستبەکاربوونی خۆی پێشکەش بە ئەردۆغان کرد.

ڕێوڕەسمەکەی ڕۆژی چوارشەممە تەنها چەند هەفتەیەک دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی بنیامین نەتەنیاهۆ بوو لە کاتێکدا گەڕایەوە ئەو پۆستەی کە لە ساڵی 2009 بۆ 2021 وەک سەرۆک وەزیر خزمەتی کرد.

سەرباری ناکۆکییەکانی پێشوو لە نێوانیاندا لە کاتی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 11 دا ئەدۆغان پیرۆزبایی لە نەتەنهایۆ کرد.
بەڵام ئەنقەرە ڕەخنەی لە هاوپەیمانی نوێی دەسەڵاتداری نەتەنیاهۆ گرتووە بەهۆی سەردانێکی "وروژێنەر"ی ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی بۆ مزگەوتی ئەلئەقسا لە ئورشەلیم لە سەرتای ئەم مانگەدا.
بڕیارەکەی ئەو وەزیرە ئەوپەڕی ڕاستڕەوەی ئیسرائیل بۆ سەردانی ئەو شوێنە هەستیارەی کە لەلای جووەکان بە چیای پەرستگا ناسراوە، ئیدانەکردنی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

XS
SM
MD
LG