Accessibility links

هێرشێکی خۆکوژی لە نزیک وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە


هێرشبەرێکی خۆکوژ ڕۆژی چوارشەممە لە نزیک وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە کابولی پایتەخت کەرەستەی تەقەمەنییەکەی تەقاندەوە و بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان 20 کەس لەو هێرشەدا کوژراون.

شایەتحاڵەکانی کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، بە بەشی ئەفغانی دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاندووە، تەقینەوەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ ڕوویداوە و پاش تەقینەوەکەش دەنگی تەقەش بیستراوە.

خالد زەردان، وتەبێژی پۆلیسی تاڵیبان لە کابول لە تویتێکدا ئەم ڕووداوەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، تەقینەوەکەی سەر ڕێگای وەزارەتی دەرەوە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و تیمی لێکۆڵینەوەی ئەمنی ڕەوانەی ناوچەکە کراون. ئەو وردەکاری زیاتری لەو بارەیەوە نەخستەڕوو.

موهاجر فەراحی بریکاری وەزیری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری حکومەتەکەی تاڵیبان بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، تەقینەوەکە کاتێک ڕوویداوە کە شاندێکی چینی لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان خەریکی کۆبونەوە بوون.

تەقینەوەکە ڕۆژی چوارشەممە لە ناوچەیەک ڕوویدا کە ژمارەیەک باڵیۆزخانەی بیانی بە تایبەت باڵیۆزخانەی چینی لێوە نزیکە.

وێنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دوکەڵی تەقینەوەکە و هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی تەقینەوەکە نیشان دەدەن.

تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، زۆربەی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن داعشەوە لە ئەفغانستان ئەنجامدراون.

XS
SM
MD
LG