Accessibility links

دوایین زانیاریی سەبارەت بەڕۆژنامەوانی کورد نازیلا مەعروفیان کە زیاتر لە دوو مانگە لە ئێران دەستبەسەرە


بە پێی ئەو هەواڵانەی لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بڵاو کراوەتەوە، نازیلا مەعروفیان، خوێندکاری زانکۆی عەلامە لە تاران کە ڕۆژنامەنووسێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی سەقزە، ڕۆژی ٣٠ی مانگی ١٠ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تارانەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەشی ژنانی زیندانی قەرچەک، سەرەڕای خراپی باری جەستەیی دەستبەسەرە و ڕێگەی پێنەدراوە کە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.

دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاسترکردنەوەی دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە دۆسییەی نازیلا پەیوەدنی کرد بە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ناوبراوەوە.

بەڕیز نیکبەخت گوتی "نازیلا لە ڕێگای دادگاەدا تووشی جەڵدەی سووکی دڵ بووە و باری تەندروستی تێکچووە و هەر بۆیە تاکو ئێستا دادگاکەی بەڕێوەنەچووە."

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دۆسییەکەوە ڕایگەیاندوە کە دوای ٦٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی نازیلا مەعروفیان، دوو دۆسیەی جیاواز لە دژی ناوبراو تۆمارکراون کە یەکێکیان ڕەوانەی لقی ٢٦ی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران و دووهەمیش ڕەوانەی لقی ١٠٢٤ی دادگای تاوانەکانی ٢ی تاران کراوە.

ڕێکخراوی هەنگاویش ڕایگەیاندوە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنی نازیلا، ناوبراو بەهۆی گوشاری دروونییەوە لە دادگا لە هۆشی خۆی چووە و دواتر بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها دەڵێت "پاش گواستنەوەی نازیلا بۆ نەخۆشخانە، بەبێ ئەوەی کە ڕەوەندی دەرمانیی خۆی تێپەڕ بکات، ناوبراو براوەتەوە بۆ زیندان."

پارێزەری نازیلا بە دەنگی ئەمەریکای گووت" ئەمڕۆ لەگەڵ باوکی نازیلا قسەم کردوە و بڕیارە یەک شەممە، ٨ی مانگ نازیلا بە کەفالەتی ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ ملیۆن تەمەنی ئێرانی ئازاد بکرێت."

نازیلا مەعرووفیان، پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێت، وەک ڕۆژنامەوان لە ئاژانسی هەواڵی "ڕوویداد ٢٤"دا چالاکی دەکرد و دوای بڵاوکردنەوەی وتووێژێک لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری تاران دەستبەسەر کرا.

جێی ئاماژەیە کە ناوبرا پێش بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ باوکی ژینا لە تویتەری خۆی ڕایگەیاند کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هۆشداری پێدراوە کە ئەگەر چاوپێکەوتنەکە بڵاو بکاتەوە، ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپی هێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە.

هەروەها پاش دەستبەسەربوونەکەی لە تویتەری خۆی نووسیبووی ئەگەر دەستبەسەرکرام بزانن کە "نە بەنیازم خۆم بکوژم و نە هیچ نەخۆشییەکم هەیە ونە لایەنگری هیچ سیاسەتمەدار و گروپێکم."

ماوەیەک دوای دەستبەسەربوونەکەی نازیلا، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئەو ڕۆژنامەوانە، هەروەها لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی بێدەنگکردنی ژنانی ئێرانی دەدات کە بەشدارن لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە مەرگی ژینا ئەمینی و لە ڕێگای دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی بێ وێنەی ژنان و ڕۆژنامەنووسانەوە هەوڵی ئەوە دەدات.

XS
SM
MD
LG