Accessibility links

ئەمەریکا دەرمانێکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر پەسەند کرد


بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا ئێف دی ئەی FDA ڕەزامەندی لەسەر دەرمانێکی نوێی پەسەند کرد ئەوەی لە مێژەوە چاوەڕوان دەکرا، کە بۆ خاوکردنەوەی نیشانەکان لە قۆناغی سوک و سەرەتایی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بەرهەمهێنراوە.

پەسەندکردنی ئیف دی ئەی بۆ دەرمانی لێکێمبی (Leqembi) کە بە ليكانماب lecanemab)) ناسراوە، تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دەزگای ڕێکخستنی لە ڕاپۆرتێکی کۆنگرێسدا ڕەخنەی توندیان لێگیرا بەهۆی هەڵکردنی گلۆپی سەوز بۆ دەرمانێکی دیکەی ئەلزەهایمەر بەناوی ئەدوهێڵم ( (Aduhelmسەرەڕای ئەنجامی تاقیکردنەوەکان کە دەریدەخەن مەترسی ئاوسانی مێشک و خوێنبەربوون لێدەکەوێتەوە، بەڵام پەسەندکرا.

ڕێکخراوی FDA لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لێکێمبی وئەدوهێڵم کە بە هاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای ئیسای (Eisai)ژاپۆنی و بایۆجین (Biogen)ی ئەمریکییەوە پەرەیان پێدراوە، "نوێنەری پێشکەوتنێکی گرنگن لە شەڕی بەردەوامدا بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرانەی نەخۆشی ئەلزەهایمەر".

بیلی دان لە سەنتەری هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی دەرمان لە ئێف دی ئەی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "نەخۆشی ئەلزەهایمەر بە شێوەیەکی بێئەندازە ژیانی ئەو کەسانە بێتوانا دەکات کە بەدەستیەوە دەناڵێنن و کاریگەری وێرانکەری لەسەر کەسە نزیکەکانیان هەیە".

دان وتی لێکێمبی "نوێترین چارەسەرە بۆ بە ئامانجکردن و کاریگەری لەسەر پرۆسەی هۆییە بنەڕەتییەکانی ئەلزەهایمەر، لەبری ئەوەی تەنها چارەسەری نیشانەکانی نەخۆشییەکە بکات".

شایانی باسە نەخۆشی ئەلزەهایمەر تێکچوونی دەمارییە کە دەبێتە هۆی تێکشکاندن و مردنی خانەکانی میشک، کە نەخۆشەکە توانای بیرکردنەوە و کارامەیی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی لەدەست دەدا، و کاریگەری لەسەر توانایی دەکات کە سەربەخۆ کاربکات.

نیشانە سەرەتاییەکانی ئەلزەهایمەر بریتین لە بیرچوونەوەی ڕووداو و یان گفتووگۆکان، و لەگەڵ بەرەوپێشچونی نەخۆشیەکە، کەمبوونی بیرگە خراپتر دەبێت و نیشانەکانی تر دەردەکەون.

جێی باسە نزیکەی 6.5 ملیۆن ئەمریکی تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بوون.

داتا سەرەتاییەکانی تاقیکردنەوەیەکی لێکێمبی کە لە مانگی نۆدا بڵاوکرانەوە دەرکەوتووە نیشانەکانی نەخۆشانی ئەلزەهایمەر بە ڕێژەی لەسەدا 27 خاوکردووەتەوە.

داتای تەواوی تاقیکردنەوەکە کە لە گۆڤاری پزیشکی نیو ئینگلاند بڵاوکراوەتەوە، نیگەرانی لەبارەی ڕوودانی "کاریگەرییە نەرێنییەکان" لەوانەش خوێنبەربوون و ئاوسانی مێشک دروستکردووە.

لە نەخۆشی ئەلزەهایمەردا دوو پرۆتینی سەرەکی، تاو و ئامیلۆید بێتا کۆدەبنەوە و دەبنە هۆی بچووکبوونەوە و مردنی خانەکانی مێشک.

لێکیمبی کە دوو هەفتە جارێک لە ڕێگەی خوێنبەرەوە دەدرێت، بە ئامانجکردنی ئامیلۆید کاردەکات.

لێکۆڵینەوەیەکی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، خێراکردنی پرۆسەی پەسەندکردنی دەرمانی ئەدوهێلم کە یەکەم دەرمانە لە ماوەی دەیان ساڵدا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر پەسەندکراوە، "پڕ بووە لە ناڕێکی" و ڕەخنەیان لە هەردوو دەزگاکە و بایۆجین گرتووە.

لە ڕاپۆرتەکەی کۆنگرێسدا هاتووە، کۆمپانیای بایۆجین کە بنکەکەی لە کامبریج لە ویلایەتی ماساشوستسە، "نرخێکی بەرزی ناڕەوا" بۆ ئەدوهێلم داناوە کە ساڵانە 56 هەزار دۆلار بووە.

کۆمپانیای ئیسای ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتادا نرخی لێکێمبی بە 26 هەزار و 500 دۆلار بۆ ساڵێک دەبێت و مەزەندەی کردووە کە 100 هەزار ئەمریکی دەتوانێت تا سێ ساڵ لەمەودوا ئەو دەرمانە وەربگرن.

جوان پایک، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی ئەلزەهایمەر، پێشوازی لە ڕەزامەندی لێکێمبی کرد بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕی کە تێچووی زۆری نایگەیەنێتە دەستی زۆربەی ئەمریکییەکان، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن مێدیکەرەوە نەیگرێتەوە، کە پرۆگرامی بیمەی تەندروستی حکومەتە بۆ بەساڵاچووان .

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG