Accessibility links

یەکێتی: چارەنوسی 3 سەرکردەکە لە دەستی لیژنەی لێکۆڵینەوەدایە


چارەنووسی سێ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە بە نزیک لەلاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی هەژمارد دەکرێن، خراوەتە دەست لیژنەیەکی سێ کەسی کە لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە پێکهێنراوە، چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە بڕیار لەسەر سزادانیان یاخود دەرکردنیان لە ریزەکانی یەکێتی بدات.

ئەو سێ ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی کە لیژنەیان لەسەر پێکهێنراوە، بریتین لە ( پەروین کاکە حەمە، چەتۆ ساڵەح، سەردار هەرکی)، تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ، لەدادگای بەغدا لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شاهیدیان داوە، بەوەی دوورخستنەوەی ناوبراو لە یەکێتی پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە بووە.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی، لە ڕۆژی 4 ی ئەم مانگە، بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی (ئاسۆ مامەند) کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتی ( سەرکەوت زەکی و رزگار حاجی حەمە) ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، تا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سێ ئەندامەی سەرکردایەتی بکەن، کە بەپێی بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسی "سکاڵایان دژی یەکێتی" تۆمار کردووە.

حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هەر کارێک لە نێو یەکێتی کرابێت، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە کراوە، ئەو هاوڕێ یانەمان کە دژی یەکێتی شاهێدییان داوە، کارێکی باشیان نەکردووە."

ئەو وتیشی"هیچ بڕیارێک دژی ئەو سێ ئەندام سەرکردایەتییە نەدراوە، لیژنەیان لەسەر پێکهێنراوە، لیژنەکە چارەنوسیان لە نێو یەکێتی دا یەکلایی دەکاتەوە."

لە ڕۆژی 8 ی تەمموزی ساڵی 2021 ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی ئەوکاتی یەکێتی تەقییەوە، کاتێک دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر لە بن دەستی لاهور شێخ جەنگی دەرکراو دواتر بڕیاری دوورخستنەوەشی لە حیزبەکەی درا.

هەرچەندە بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی, لاهور شێخ جەنگی لە ڕیزەکانی یەکێتی دەرکراوە، بەڵام لاهور شێخ جەنگی لە دادگای بەغدا سکاڵای تۆمار کردووە و دوورخستنەوەی لە یەکێتی بە "نایاسایی و ناپەیڕەوی" وەسفکردووە.

ئەو سێ سەرکردەیەی یەکێتی ( پەروین کاکە حەمە، چەتۆ ساڵەح و سەردار هەرکی) کە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لیژنەی لەسەر پێکهێناون، لەلایەن حیزبەکەیانەوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی چوونەتە بەغدا و لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شاهێدییان لەدادگا داوە.

دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە سەردار هەرکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

پێکهێنانی لیژنە لەسەر ئەو سێ ئەندام سەرکردایەتییەی یەکێتی لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی 2/11/2021 بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، جگە لە لاهور شێخ جەنگی، هەریەک لە ( ئاڵا تاڵەبانی، شادمان مەلا حەسەن، ژینۆ محەمەد) ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی کە نزیکن لە لاهور شێخ جەنگییەوە، لەو حیزبە دەرکران.

شادومان مەلا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، کە کۆتایی ساڵی 2021 لە حیزبەکەی دوورخراوەتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"دەرکردنی سەرکردە لە یەکێتی دەبێتە هۆی پوکانەوەی حیزبەکە و چارەسەر نییە، چارەسەر ئاشتی و گفتووگۆ و لێکتێگەیشتنە."

چاوەڕوان دەکرێت ئەو لیژنەیەی لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵ سێ سەرکردایەتییەکەی یەکێتی، بڕیاری دوورخستنەوەیان لە حیزبەکە یاخود سڕکردنیان لەکاری حیزبی دەربکات.

XS
SM
MD
LG