Accessibility links

ئێران دوو کەسی تۆمەتبار بە کوشتنی بەرپرسێکی ئەمنی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە سێدارەدەدات


ئێران ڕۆژی شەممە دوو پیاوی لەسێدارەدا بە تۆمەتی کوشتنی بەرپرسێکی ئەمنی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان کە دوای مردنی ژینا ئەمینی ژنە کوردی ئێرانی تەمەن 22 ساڵ لە 16ی مانگی نۆدا زۆربەی شارەکانی گرتەوە.

ئەو دوو کەسەی ڕۆژی شەممە لە سێدارە دراون، بە تاوانی کوشتنی ئەندامێکی میلیشیای هێزی نیمچە سەربازی بەسیج سزا دراون. سێ کەسی دیکەش لە هەمان کەیسدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و 11 کەسیش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

دەزگای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندووە، "محەمەد مێهدی کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەی کە بووە هۆی شەهیدکردنی ناڕەوای ڕوحوڵڵا ئەجامیان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەڵواسران".

دوایین لەسێدارەدانەکان ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانە گەیشتە چوار کەس کە بە فەرمی ناسراون کە لە دوای نائارامییەکان لە سێدارە دراون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران داوای سزای لەسێدارەدان بۆ لانیکەم 26 کەسی دیکە دەکەن، کە ناوی بردووە بە "دادگاکردنی ساختە بۆ ترساندنی خۆپیشاندەران لە ڕاپەڕینی جەماوەریدا داڕێژراوە کە وڵاتەکەی هەژاندووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەوانەی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، لە مافی بەرگرییەکی گونجاو و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرانی بە دڵی خۆیان بێبەش کراون. گروپەکانی مافەکان دەڵێن تۆمەتباران لەبری ئەوە ناچار بوون پشت بە پارێزەرانی دیاریکراوی دەوڵەت ببەستن کە کاری گونجاو ناکەن بۆ بەرگریکردن لێیان.

ڕێکخراوی لێبوردنی ئەمنستی ڕایگەیاندووە، ئەو دادگایەی کە کەرەمی، پاڵەوانی کاراتێی تەمەن ٢٢ ساڵ، تاوانبار کردووە، پشتی بە دانپێدانانی زۆرەملێ بەستووە.

عەلی شەریفزادە ئەردەکانی پارێزەری حوسێنی لە تویتێکی 18ی مانگی دوانزە ڕایگەیاند کە حوسێنی بە توندی ئەشکەنجە دراوە و ئەو دانپێدانانەی کە لە ژێر ئەشکەنجەدا دەرهێنراون هیچ بنەمایەکی یاسایییان نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حوسێنی بە دەست و قاچی بەستراوەوە لێی دراوە و بە لێدان لە سەری دراوە تا بێهۆش دەبێت و تەزووی کارەبای لە بەشە جیاوازەکانی جەستەی دراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی "هرانا" ڕایگەیاند کە تا ڕۆژی هەینی 517 خۆپیشاندەر لە کاتی نائارامییەکاندا کوژراون کە 70 کەسیان منداڵی کەم تەمەنن. ئاماژەی بەوەشکردووە، 68 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون، و پێدەچێت 19 هەزار و 262 خۆپیشاندەر دەستگیرکرابن.

یەکەم خۆپیشاندەر کە لە سێدارەدارا، موحسین شێکاری تەمەن 23 ساڵ بوو لە 8ی مانگی دوانزەدا، کەمتر لە سێ مانگ دوای دەستگیرکردنی. ناوبراو بە سووتاندنی سەبەتەی زبڵدان و داخستنی ڕێگایەک و بریندارکردنی ئەندامێکی میلیشیای بەسیج بە چەقۆ و هەڕەشەکردن لە سەلامەتی گشتی تۆمەتبار کرابوو.

مەجید ڕەزا ڕەهنەڤارد تەمەن 23 ساڵ، ڕۆژی 12ی مانگی دوانزە لە شاری مەشهەد بە شێوەیەکی گشتی بە کرینێکەوە هەڵواسرا، ئەمەش دوای کەمتر لە مانگێک لە دەستبەسەرکردنی. ناوبراو بە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج و بریندارکردنی چوار کەسی دیکە لە مەشهەد تۆمەتبار کرابوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG