Accessibility links

نرخی خۆراک لە جیهاندا بەرزترین ئاستی لە ساڵی 2022دا تۆمارکرد


بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نرخی خۆراکی جیهانی بۆ مانگی نۆیەمی لەسەریەک لە مانگی دوانزەدا دابەزی، بەڵام بەرزترین ئاستی بۆ تەواوی ساڵی 2022 تۆمارکردووە.

نرخی خۆراک لە مانگی سێدا بۆ بەرزترین ئاستی بەرزبووەوە ، دوای ئەوەی ڕووسیا وڵاتی ئۆکرانیای خاوەن کشتوکاڵی بەهێزی داگیرکرد، کە دابینکەری گەورەی گەنم و زەیتی چێشتلێنانە بۆ جیهان.

گەمارۆیەکی دەریایی ڕووسیا کە ڕێگری لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکرد، دوای ڕێکەوتنێک لە مانگی حەوتدا بە نێوەندگیری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوو، هەڵگیرا.

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی رۆژی هەینی ڕایگەیاند، پێوەرەکانی نرخەکانیان کە بەدواداچوون بۆ گۆڕانکاری مانگانەی نرخی نێودەوڵەتی سەبەتەیەک کەلوپەلی خۆراک دەکات، لە مانگی دوانزەدا بۆ 132.4 خاڵ دابەزیوە، کە بەراورد بە مانگی یانزە بە ڕێژەی 1.9% دابەزیوە.

هەروەها بە بەراورد بە مانگی دوانزەی 2021 لەسەدا یەک کەمتر بووە.

بەڵام پێوەرەکە بە گشتی لە ساڵی 2022 بە ڕێژەی 14.3% بەرزتر بووە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو چونکە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا کە 143.7 خاڵ بووە.

ماکسیمۆ تۆرێرۆ، سەرۆکی ئابووری ڕێکخراوی فاو( FAO) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "نرخی کاڵا خۆراکییە ئارامەکان دوای دوو ساڵی زۆر ناجێگیر دەستخۆشی لێدەکرێت".

وتیشی: گرنگە بە وریاییەوە بمێنینەوە و گرنگییەکی بەهێزمان لەسەر کەمکردنەوەی نائاسایشی خۆراکی جیهانی هەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نرخی خۆراکی جیهانی لە ئاستێکی بەرزدا دەمێنێتەوە.

تۆرێرۆ وتی زۆرێک لە خواردنە سەرەکییەکان نزیکە لە بەرزترین ئاستی تۆمارکراو، نرخی برنج بەرزبووەتەوە و "هێشتا مەترسی زۆر هەیە کە پەیوەندی بە دابینکردنی داهاتووەوە هەیە".

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG