Accessibility links

لە خانەقین 52 گوندی کورد چۆڵکراون


خانەقین
خانەقین

بە گوێرەی لێدوانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ دەنگی ئەمەریکا، 52 گوندی کورد لە سنوری قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە بە تەواوەتی چۆڵکراون لە دانیشتوانە کوردەکانیان.

چەند گوندنیشینێک و بەرپرسێکی کوردی ناوچەکە هۆکاری چۆڵکردنەکەیان گەڕاندەوە بۆ ناسەقامگیری دۆخی ئاسایش لە ناوچەکە و نەپاراستنیان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە.

شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تەنها لەدەوروبەری خانەقین نزیکەی 35 گوند چۆڵکراون."

ئەو هۆکاری چۆڵکردنی گوندە کوردنیشینەکانی بۆ لاوازبوونی دەسەڵاتی کوردی لەناوچەکە گەڕاندەوە و وتی، "لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، پێشمەرگە 120کم پاشەکشەی کردووە لە سنوری خانەقین، داعش پەرەی سەندووە. هێزە عێراقییەکان و میلیشیاکانیش پێیانخۆشە کورد ناوچەکە جێبهێڵێت."

بۆ وەرگرتنی ڕای فەرمی بەرپرسانی ناوچەکە، دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە دلێر سایە، قایمقامی قەزای خانەقینەوە کرد، کە لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لە جێگەی محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی پێشوو، دەست بەکاربووە. بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون. وە بەرپرسانی تری شاری خانەقین ئامادە نەبوون لێدوان لەسەر هێرشەکان بدەن بە بیانووی ئەوەی کە ئەو ناوچانەی هێرشیان دەکرێتە سەر لە سنوری سوپای عێراقدان و ناوچەی ناسەقامگیرن.

پێشتر لایەنی عێراقی پەنجەی تۆمەتی بۆ گروپە تیرۆرستییەکانی وەک داعش درێژ کردووە، بەڵام بەرپرسانی کورد لەمڕووەوە گومانیان هەیە و دەڵێن هەوڵێک هەیە بۆ "دووبارە تەعریب کردنەوەی" ناوچەکە کە پێش ڕیفراندۆمی ساڵی 2017 لە ژێر دەستەڵاتی کورد بوو.

قەزای خانەقین سەربە پارێزگای دیالە یە و ڕووبەرە ئیدارییەکەی (3915) کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتوانەکەشی نزیک بووەتەوە لە (200) هەزار کەس. ناحیەکانی جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە، جەبارە و نەفتخانە لەڕووی ئیدارییەوە سەربەم قەزایەن.

زۆربەی دانیشتوانی قەزای خانەقین کوردن، بەڵام رێژەی عەرەب لە ناحیەکانی جەلەولا و سەعدیە و ناوچەکانی دەوروبەری قەزاکە زیاترە.

دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن ماوەی سێ ساڵە گوندەکانیان کەوتووەتە بەر هێرشێکی چڕی چەکدارانی نەناسراو، کە هێزە عێراقییەکان ئەو چەکدارانە بە داعش دەناسێنن بەڵام کوردەکان گومانیان لە ناسنامەی چەکدارەکان هەیە.

هەرچەندە ئامارێکی ورد بەردەست نییە لەبارەی ژمارەی کوژراوان لە هێرشەکان، بەڵام بە پێی وتەی دانیشتوانی ناوچەکە، کەم گوند هەیە قوربانی نەدابێت. هەروەها لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە لەو ناوچەیە، نزیکەی 250 پێشمەرگە و کارمەندی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کوژراون.

گومانی کوردەکان لە ناسنامەی ئەو چەکدارانەی هێرش دەکەنە سەر گوندە کوردنیشینەکان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەشێکی زۆر لەو گوندانە تا پێش ساڵی 2003 و ڕووخانی بەعس، عەرەبیان تێدا نیشتەجێ کرابوون، بەڵام دواتر کوردەکان بۆی گەڕانەوە و لە ئێستادا عەرەبەکان چاویان لەسەر ئەو گوندانەیە جارێکی تر بۆیان بگەڕێنەوە.

ئەحمەد محەمەد، گوندنیشنێکی سنوری قەزای خانەقینە و دوای جێهێشتنی گوندەکەی، ئێستا لەناو شارۆچکەی خانەقین نیشتەجێ بووە. ئەو پێشتر سەرقاڵی کشتوکاڵ بووە لە گوندەکەی و لەو ڕێگەیەوە بژێوی خێزانەکەی پەیدا کردووە.

ئەحمەد محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناچاربووم ماڵ و هەموو زەوی و زارەکەم جێبهێڵم. ئێستا ناتوانم بە سەردانیش بگەڕێمەوە بۆ گوندەکەم چونکە چۆڵە و بووەتە ناوچەی سەربازی."

ئەحمەد کە خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، ئێستا لە خانەقین دوکانێکی بچووکی داناوە. دەڵێت، "ژیان لە شار بۆ ئێمەی گوندنیشین قورسە؛ پێشتر بەژیانی گوند ڕاهاتبووین، بەڵام ناچارین خۆمان لە گەڵ ژیانی شار رابهێنین، چونکە پێناچێت جارێکی تر سەقامگیری بۆ گوندەکان بگەڕێتەوە."

ئەو گوندنیشینانەی گوندەکانی دەوروبەری خانەقینیان جێهێشتووە، بەشێکی کەمیان رۆیشتوونەتە قەزای خانەقین و لەوێ نیشتەجێ بوون. بەشێکی تریان ڕوویان لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان کردووە.

سالار مەحمود، ڕاوێژکارێکی پێشووی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە بەدواداچوونی وردی بۆ چۆڵبوونی گوندەکان کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پرۆسەی چۆڵکردن بەردەوامی هەیە چونکە کورد دەسەڵاتی نییە لەو ناوچانە و عێراقیش خاوەندارێتییان لێ ناکات. هەندێک لە دەسەڵاتدارانیش ئەجێندای شۆڤێنییەت جێبەجێ دەکەن و نایانەوێت کورد بمێنێت."

سالار مەحمود وتیشی"گوندەکان پشتێنەن بۆ قەزای خانەقین، دەستێک هەیە دەیەوێت گوندەکان بە کورد چۆڵ بکات، تا دواتر بە ئاسانی دەستیان بگاتە ناو سەنتەری خانەقین کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردە."

بەرپرسانی س پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند کە ئەوان پێشتر چەندین جار پەیامی خراپی دۆخی ئەمنی گوندە کوردنیشینەکانی خانەقینیان گەیاندووەتە بەرپرسانی عێراق، بەڵام سەرباری بەڵێنەکان بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری هەنگاوی کرداری نەنراوە.

لیوا ئەحمەد حەمە ساڵەح، جێگری فەرماندەی میحوری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "هەموو جارێک لەگەڵ سوپای عێراق کۆدەبینەوە، داوای پاراستنی ئەو گوندە کوردنیشینانە دەکەین کە دەکەونە سنوری سوپاوە تا کوردەکان گوندەکانیان چۆڵ نەکەن. بیانووی ئەوان ئاڵۆزی ناوچەکە و بوونی داعشە."

ئەو وتیشی، "گوندە کوردنیشینەکان هەڕەشەیان لێدەکرێت، هەندێک لە عەرەبەکان زۆر مەبەستیانە کوردەکان گوندەکان جێبڵێڵن و خەڵکی عەرەب لە جێگەیان نیشتەجێ بن."

XS
SM
MD
LG