لەشکری ئەمەریکا دەڵێت بە ڕۆکێت هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.
نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا CENTCOM ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی نزیکەی کاتژمێر 9 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی 2 ڕۆکێت هەڵدراوە بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە ناوچەی کۆنوکۆ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.
دەشڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات چوونەتە شوێنی هەڵدانی ڕۆکێتەکان و ڕۆکێتێکی دیکەیان دۆزیوەتەوە کە نەتەقیبوو.
کۆلۆنێل جۆو بوچینۆ ، وتەبێژی نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا وتی" هێرشی لەم جۆرە، هێزەکانی هاوپەیمانان و دانیشتوانی سیڤیل دەخاتە بەر مەترسییەوە وە ئەو سەقامگیری و ئارامییەی بە قورسی لە سوریا و ناوچەکە بە دەستهاتوون تێکدەدات."
کۆنوکۆ ،کێڵگەیەکی غازی سروشتییە لە پارێزگای دێرزور و ناوچەکەی دەوروبەری بەو ناوە ناسراوە. لەوەتای مانگی نۆی ساڵی 2017 ئەو کێڵگەیە و ناوچەکەی دەوروبەری لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئەمەریکایە.
بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکان، نزیکە 900 سەربازی ئەمەریکایی لە سوریا هەن بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی مغوایر لە شەڕی دژی داعش.
سەرچاوە/ تویتەری نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا