Accessibility links

ئایا کوشتی قاسم سولەیمانی چ گۆڕانکارییەکی لە ناوچەکەدا دروستکرد؟


ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ تۆڵەکردنەوە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی سەرکردەی پێشووی هێزی قودسی سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

قاسم سولەیمانی بەر لە سێ ساڵ لە ئاکامی هێرشکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵتی بەغدا، بە فەرمانی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی و سەکردە لەشکرییەکانی ئێراندا کوژران.

قاسم سولەیمانی لە سیاسەتی دەرەوەیی ئێراندا پێگەیەکی گەورەی هەبووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕابەڕی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبووە و جێی متمانەیەکی زۆری ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بووە بە ئەندازەیەک دۆسێکانی عێراق، یەمەن، لوبنان، سوریا و هەندێک شوێنی تریشی درابووە دەست.

ڕۆژی سێشەممە لە ساڵیادی کوشتنەکەیدا، سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە مزگەوتی گەورەی تاران گوتی " ئێمە خوێنی شەهید سولەیمانیمان فەرامۆش نەکردووە و فەرامۆشیش ناکەین."

سەۆرکی ئێرن ئیبراهیمی ڕەئیسی لە سێهەمن ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی
سەۆرکی ئێرن ئیبراهیمی ڕەئیسی لە سێهەمن ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی

ڕەئیسی لە کاتێکدا قسەی بۆ ئەو ئامادەبوانە دەکرد کە ئاڵای ئێران و وێنەی سولەیمانییان بەدەستەوە بوو، گوتیشی پێویستە " بکوژان و ئەنجامدەرانی" ئەو کوشتنەی ئەو بزانن کە " تۆڵەی خوێنی شەهید سولەیمانی دڵنیایە بە ئاسانی ناخەون."

ڕۆژێک پاش کوشتنەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند " سولەیمانی پیلانی هێرشی نزیک و ترسناکی بۆ سەر دیپلۆماتکاران و کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا داڕشتبوو، بەڵام ڕێگەمان نەدا و لەناومان برد."

کوشتنەکەی قاسم سولەیمانی تەمەن 62 ساڵ، لەلایەن هەندێک لە شیکەرەوانەوە بە ئەندازەی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بە گرنگ بۆ ئاسایشی جیهان بەراورد کرا.

جەلیل ئازادیخواز نوسەر و ڕۆژنامەوان پێی وایە کوشتنی قاسم سولەیمانی بڕیارێک بوو لە پێناو جیهانێکی ئارامتر "کوشتنی قاسم سولەیمانی دنیایەکی ئارامتر، هێورتر و باشتر و بێجەنگ و خوێنڕێژی شەڕی کەمتری لە ناوچەکەدا دروستکرد."

جەلیل ئازادیخواز
جەلیل ئازادیخواز

لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بەڕێز ئازادیخواز دەشڵێت لەگەڵ ئەوەی کوشتن قاسم سولەیمانی گۆڕانکارییەکی بەرفراوانی لە سیاسەتی ئێران لە تەوای جیهاندا دروست کردووە بەڵام کاریگەرییەکانی بە تایبەتی بۆ سەر سیاسەتی ناوچەکە هەبووە "ئامادەیی سەربازی ئێران، دەستێوەردانەکانی و ئاکتیڤبوونی لە ناوچەکەدا بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر و بەرچاو کەمبووەتەوە. قاسم سولەیمانی بە چڕو پڕی پەیوەندی هەبوو لەگەڵ هێزە تیرۆرستییەکانی و سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئەمە ڕێگایەک بوو کە زیاتر دەستی ئاوەڵا کردبوو، و لەم دەستکراوەییەدا دەیتوانی ڕێکخستنەکانی خۆی زیاتر پەرەپێبدات. هێزی سەربازی بە تایبەتی گروپەکانی تیرۆرستی زیاتر ئامادە بکات و پەرەیان پێبدات. وەکو لە سوریا، لە یەمەن بینیمان. هەروها لە عێراق بینیمان کە حەشدی شەعبی دروست کرد."

کاوە محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێی وانییە کوژرانی قاسم سولەیمانی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکردبێت "نەمانی قاسم سولەیمانی هیچ شتێکی لە سیاسەتی ئێران (لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) نەگۆڕیوە ئێران بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە هەژمونی لە ناوچەکەدا زیاد بکات. یەکێک لەو شتانەی کە ئێران لە سیاسەتی خۆیدا لە دەرەوەی ئێران پەیڕەوی دەکات و پێی وایە لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشمانی ئێرانە، ئەوەیە کە خەڵکانێک ئەم سیاسەتەی بۆ جێبەجێ دەکەن کە خۆی نییە! سوپای خۆی نییە! بەڵکو کەسانێکن کە سەر بە ئێرانن جا لە ڕووی تایفی بێت یان سیاسی بێت لایەنگری ئێرانن. بۆ نمونە لە یەمەن حوسییەکان لە عێراق بەشێک لە شیعەکان لە لوبنان بەهەمان شێوە، ئەمانەن سیاسەتەکانی جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی خۆی ڕاستەوخۆ بە هێزو قورساییەکی سیاسیی گەورە بێتە ناو پرسەکانەوە. لەبەر ئەوە هیچ لە دۆخەکەی نەگۆڕیوە ئەو سیاسەتە لە ناوچەکە بەردەوامەو پێم وایە هەر بەردەوامیش دەبێت."

لەگەڵ ئەوەشدا کە دەگوترا هەموو دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا بەهۆی قاسم سولەیمانییەوە بووە، بەڵام پاش کوژرانەکەیشی هێشتا دەستێوەردانی ئێران لە عێراقدا هەر بەدی دەکرێت بە بەڵگەی ئەوەی ئەم حکومەتەی ئێستای عێراقیش بە فشاری ئێرانەوە پێکهێنرا.

کاوە محەمەد
کاوە محەمەد

بەڕێز محەمەد دەڵێت جگەلەوەی کە کەسێکی چالاکی مەیدانی لە گۆڕەپانەکەدا نەما کوژرانی سولەیمانی هیچ گۆڕانکارییەکی لە سیاسەتەکانی ئێران لە عێراقدا نەکردووە " ئەو سیاسەتەی کە ئێران بەرامبەر بە عێراق هەیەتی، سیاسەتێک نییە کە وابەستەبێت بە کەسێکەوە، بەڵکو ئەوە سیاسەتێکی کۆن و بەردەوامە. ئەم سیاسەتە پێش قاسم سولەیمانی هەبووە و داوی قاسم سولەیمانیش بەردەوامە. بەڵام قاسم سولەیمانی وەک کەسێک کە مەیدانی بوو زیاتر و لەو سەردەمەی ئەودا پێیان وابوو کە توانیویەتی هەندێک دەستەکەوت بۆ ئێران بەدەستبهێنیت لە عێراق ، سوریا، لوبنان و یەمەن. ئەمەش وای کردبوو کە بەرزبکرێتەوەو وەکو قارەمانێک باس بکرێت."

بەڵام بە پێچەوانەی بەڕێز محەمەد، جەلیل ئازادیخواز پێی وایە ئێران لە ئێستادا بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو دەستێوەردانەکانی نەک هەر لە عێراق بەڵکو لە وڵاتانی تری ناوچەکەش کەمتربووەتەوە، "جاری وا هەبوو حکومەتی عێراق بە تەواوەتی قاسم سولەیمانی دەیبرد بڕێوە. بەڵام ئێستا ڕەوشەکە بە تەواوەتی گۆڕاوە ئەو گۆڕانکارییانە لە ڕووی سیاسییەوە لە عێراق دیبینین و لە ڕووی سەربازی و کۆمەڵایەتییەوە لە سوریا و لە یەمەن، تەنانەت لە فەلەستینیش بەدیدەکرێت. ئەمانە هەمووی بەرەنجامی کوشتنی قاسم سولەیمانییە."

لە یادی سێ ساڵەی کوشتنەکەی قاسم سولەیمانیدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا دەڵێت " کوشتنە ترسنۆکانەکەی" قاسم سولەیمانی نەگەیشتە ئامانجەکانی خۆی و دەشڵێت "ئێران بەردەوامە لە گێڕانی ڕۆڵێکی بەرچا و پێگەی ئەمەریکا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتردەبێتەوە."

بەڕێز ئازادیخواز پێی وایە کوشتنی قاسم سولەیمانی نەک تەنها گورزێک بوو بۆ سیاسەتی دەرەوەیی ئێران بەڵکو زیانی بە سیاسەتی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش گەیاندووە.

ئەو دەڵێت " بەگشتی لە نێوخۆی ئێراندا لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ملیتاری و ویلایەتی فەقیدا، قاسمی سولەیمانی دەکرێت بە یەکێک لەو کەسە سەرەکییە باوەڕپێکراوانە دابنرێت کە بەدەست خامنەئیەوە بووە. پەیوەندی خامنئەئی و پەیوەندی قاسم سولەیمانی پەیوەندییەکی ئێجگار تۆکمە بوو. ئەو پەیوەندییانە لە ئاستێکدا بوو کە قاسم سولەیمانی بە ئەندازەی هەرسێ وەزیری ئابوری، وەزیری بەرگری و وەزیری دەروە دەسەڵاتی هەبوو. واتا لەو سێ ڕەهەندەدا هەر کارێکی دەکرد نەدەگەڕایەوە بۆ دەوڵەت، نەدەگەڕایەوە بۆ ئەو وەزارەتانە. بۆ نمونە بەشار ئەسەد (سەرۆکی سوریا) ی بانگهێشت کرد بەبێ ئەوەی وەزیری دەرەوە بزانێت. تەنها لەگەڵ ڕەهبەری قسەی دەکرد و بە پێی ئەو سیاسەتانەی کە ڕەهبەری دایدەڕشت دەجوڵایەوە. بەڵام ئێستا وا نییە! ئێستا دەبینین کە ئاستەنگی زۆر گەورەیان لەبەردەمایە بۆ یارمەتیدانی حیزبوڵا ، جگە لە ئاستەنگە ئابورییەکان لە ڕووی سیاسیشەوە (ئێران) ئەو دۆخەی نەماوە ئێستا قائانی ناتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت و ئەو دەسەڵاتەی نییە."

ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی قاسم سولەیمانییە.

کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری دەستەی سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی، بووە هۆی پەرەسەندنێکی زۆری ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران. چەند ڕۆژێک پاش کوشتنەکان ئێران بە ئاراستەکردنی مووشەکی بالاستیکی بۆ دوو بنکەی ئەمەریکا لە عێراق وەڵامی دایەوە، بەڵام هیچ ئەمەریکاییەک لەو هێرشەدا گیانی لەدەستنەدا. لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا کاردانەوە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی کە لە وەتای ساڵی 1980 وە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیان نییە تا دێت ئاڵۆزتردەبێت.

XS
SM
MD
LG