Accessibility links

شاعیر و چالاکوانێکی ئەمەریکایی لەلایەن کوەیتەوە هەڕەشەی دەرکردنی لێدەکرێت


شاعیر و چالاکوانێکی بدون کە خاوەنی هاووڵاتینامەی ئەمەریکایە، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، کوەیت پلانی هەبووە بەبێ خواستی خۆی لە وڵاتەکەدا دەریبکات، پاش ئەوەی بە مەبەستی سەردانیکردنی خێزانەکەی ڕۆشتووە بۆ ئەو وڵاتە دەوڵەمەند بەنەوتە.

مونا کەریم، تەمەن 35 ساڵ، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاندووە، دوای هاتنی بە گەشتێکی ئاسمانی لە بەیروتەوە بۆ فڕۆکەخانەخانەی نێودەوڵەتی کویەت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بووەتەوە.

ئەو لە بنەماڵەیەکی کۆمەڵگەی بدونەکانە، کە بەشێوەیەکی بەرچاوە لە نەوەکانی کۆچەری بیابانەکان پێکهاتوون و لەلایەن حکومەتەوە بێ دەوڵەت دادەنرێن.

مونا کەریم دەڵێت ئەو لە ساڵی 2011 وە لە کویەت دەرکرا لەوکاتەوەی بە مەبەستی خوێندن بە بەڵگەنامەی گەشتکردنی کاتیی چووە دەرەوەی وڵات. دواتر هاووڵاتینامە و پاسەپۆرتی ئەمەریکایی بەدەستهێنا کاتێکدا بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبیاتی بەراوردکاری لە زانکۆی ویلایەتی نیویۆرک لە بینگهامتۆن وەرگرت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هاوینی ڕابردوودا توانیویەتی بە پاسپۆرتە ئەمەریکاییەکەی گەشت بکات بۆ کوەیت بۆ ئەوەی سەردانی شەش خوشک و براکەی و دایک و باوکی بکات کە تا ئێستاش لەوێ دەژین.

ئەمەریکاییەکان دەتوانن لە کاتی گەیشتنیان بۆ کویەت لە فڕۆکەخانە ڤیزا وەربگرن.

ئەسۆشیەیتد پرێس دەڵێت هەوڵی داوە زانیاری لەم بارەیەوە لە وەزارەتی ڕاگەیاندنی کەویەت وەربگرێت، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

مونا کەریم گوشیەتی پێشتر بەڵێنی داوە کە بەشداری هیچ گفتوگۆیەکی سیاسی نەکات دوای ئەوەی ڕووبەڕووی پرسیار بووبووەوە لەسەر بدون و چالاکییەکانی. بدونەکان لە مێژە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە زەوتکردنی هاووڵاتیبوون و مافەکانیان لەلایەن حکومەتەوە. بدون وشەیەکی عەرەبییە بە واتای "بە بێ".

خاتوو کەریم ماڵپەڕێکی سەبارەت بە پرسەکانی بدونەکان بەڕێوەدەبرد و پێشتر بە ئاشکرا لەسەر مامەڵەکانی کویەت لەگەڵ بدونەکاندا، قسەی کردبوو.

ئەو بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە " ئەمە ڕێوشوێنێکی زۆر توندە، لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەمەریکادا بەم جۆرە ڕەفتار ناکرێت". گوتیشی کاربەدەستان پێیان گوتووە لە گەشتەکەی شەوی سێشەممە بگەڕێتەوە بۆ بەیروت ئەگینا دەستگیر دەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG