Accessibility links

کۆچی دوایی پاپای پێشوو، باڵیکێشا بەسەر نەریتەکانی ساڵی نوێ لە ڤاتیکان


پاپا فرانسیس ڕۆژی یەکشەممە بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاشتی جیهانی کرد کە نەریتێکی کڵێسای کاتۆلیکی ڕۆمانییە، بەڵام مەرگی پاپای پێشوو بێنێدێکتی شازدەهەم باڵی کێشابوو بەسەر نەریتەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێ لە ڤاتیکان.

پاپا فرانسیس سەرۆکایەتی مەراسیمێکی لە بازلیکای سانت پیتەر کرد لە کاتێکدا تەرمی بێنێدێکت کە ڕۆژی شەممە لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئامادە دەکرا بۆ مەڕاسیمێکی سێ ڕۆژی ماڵئاوای کردن لێی، لە هەمان کڵێسادا. مەڕاسیمی ماڵئاواییەکە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکات.

بەشداری پاپا فرانسس لە ڕۆژی ئاشتی جیهانیدا، ڤاتیکان، 1ی 1ی ساڵی 2023
بەشداری پاپا فرانسس لە ڕۆژی ئاشتی جیهانیدا، ڤاتیکان، 1ی 1ی ساڵی 2023

بەپێی خواستی خودی بێنێدێکت، مەڕاسیمی بەخاکسپاردنەکەی لە ڕۆژی پێنجشەممەدا مەڕاسیمێکی ئاینی و سادە و ئارام دەبێت. ئەمە دەبێتە یەکەم جار لە ماوەی چەندین سەدەی ڕابردوودا کە پاپایەکی زیندوو سەرۆکایەتی پرسەی پاپای پێش خۆی بکات.

بێنێدێک کە لە ساڵی 2013دا دەستی لەکارکێشایەوە، بوو بە یەکەم پاپا لە ماوەی 600 ساڵی ڕابردوودا دەستلەکار بکێشێتەوە.

پاپا فرانسس لە میانەی مەڕاسیمەکەدا نزای بۆ بێنێدێک کرد.

پاپا فرانسس نزاشی کرد بۆ ئاشتی لە وڵاتانی بەشەڕ وێران بوو، لە ناویاندا ئۆکرانیا کە ڕووسیا لە ڕۆژی سەری ساڵی نوێشدا بەردەوام بوو لە هێرشە توندەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە.

فرانسس داوای لە شوێنکەوتوانی کرد کە چالاکانە کاربکەن لە پێناو ئاشتی و گوتی کات بەفیڕۆ مەدەن بە دیار کیبۆردێکی بەردەم شاشەی کۆمپیوتەرەکانەوە بەڵکو دەستەکانتان ماندوبکەن بە هەندێک کاری چاکەوە.

فرانسس ڕۆژی شەممە بێنێدێکتی بە پیاوێکی بەڕێز و میهرەبان ناودێرکرد کە خەڵاتێک بوو بۆ کڵێسا و جیهان.

تەرمی پاپای پێشوو بێنێدێکت ئامادەکراوە بۆ مەڕاسیمی سێ ڕۆژی ماڵئاوای کردن، ڤاتیکان، 1ی یەکی 2023
تەرمی پاپای پێشوو بێنێدێکت ئامادەکراوە بۆ مەڕاسیمی سێ ڕۆژی ماڵئاوای کردن، ڤاتیکان، 1ی یەکی 2023

لە کاتێکدا ڕێزلێنان لە پاپای پێشوو لەلایەن سەرکردەکانی جیهان و ئەندامانی کۆنەپارێز و دڵسۆزەکانەوە بەردەوام بوو، بەڵام هەندێکی دیکە ڕەخنەی زۆریان لە پاپاییەکەی گرتووە.

هەندێک ئەو ڕێبازە توندەیان بەبیر هێنایەوە کە بەسەر خاوەن بڕوایانی پێشکەوتووخوازدا سەپاندبووی، بەتایبەتی لە ئەمەریکای لاتین، کاتێک سەرۆکی بەشی عەقیدەی ڤاتیکان بوو لە سەردەمی پاپا جۆن پاوڵی دووهەمدا. ئەو کردارانەی بووە هۆی هاندانی کاتۆلیکە لیبراڵەکان

کاردیناڵی ئەوکاتە جۆزێف ڕاتزینجەر بە "ڕۆتویلەری خودا" ناوزەد بکەن.

لە کاتێکیشدا کە هەندێک کەس ستایشی دەکەن بۆ کارەکانی لە پێناو بەفەرمی کردنی وەڵامەکانی ڤاتیکان بۆ هەراسانە سێکسییەکانی لە کڵێسادا کراون، گروپەکانی مافی قورباییەکانیش تۆمەتباری دەکەن بەوەی بە هەر نرخێک بووبێت دامەزراوەکەی پاراستووە.

ئەرشیڤ: پاپا بێنێدێکتی شازدەهەم، کاردیناڵ جۆسێڤ ڕاتزینگەری بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی لە باڵەکۆنەی باسیلیکای سان پیتەری ڤاتیکانەوە سڵاو لە خاوەن بڕوایان دەکات، پاش ئەوەی وەک پاپا هەڵبژێردرا، 19ی چواری 2005
ئەرشیڤ: پاپا بێنێدێکتی شازدەهەم، کاردیناڵ جۆسێڤ ڕاتزینگەری بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی لە باڵەکۆنەی باسیلیکای سان پیتەری ڤاتیکانەوە سڵاو لە خاوەن بڕوایان دەکات، پاش ئەوەی وەک پاپا هەڵبژێردرا، 19ی چواری 2005

گروپی SNAP دژ بە هەراسانکردن دەڵێت لە ڕوانگەی ئێمە " مردنی پاپا بێنێدێکتی شازدەهەم ئەوەمان بێردەخاتەوە زۆر وەکو پاپا ژۆن پاوڵی دووەهەم، بێنێدێکت زیاتر نیگەرانی تێكچوونی دیمەنی کڵێسا و دارایی بۆ پلەبەندییەکان بوو زیاتر لە تێگەیشتن لە چەمکی داوای لێبوردنی ڕاستەقینە کە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی بەدوادابێت."

وەکو زۆربەی کاربەدەستانی ڤاتیکان کە لەگەڵ بێنێدێکتدا کاریان کردووە، کاردیناڵی کەنەدی مارک ئۆویلێت دەڵێت لەو بڕوایەدابوو ئەو کەسایەتییە ئاینییە بە ڕەگەز ئەڵمانییە وەکو پیاوێکی ئاینی و پیاوێکی کولتوری، " میراتییەکی مەزنی" لە پاش خۆی جێهێشتووە.

ئۆویلێت بە تەلەفزیۆنی ڕۆیتەرزی وتووە، "بڕوام وایە ئەمە ئەرکێکیشە بۆ داهاتوو، بۆ ئەوەی بە قووڵی بیر لە باوەڕی کرستیان بکەینەوە لەبەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە لە سەردەمی ئێمەدا دێتە ڕێمان".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG