Accessibility links

هێرشبەرەکەی پاریس، نەکوشتنی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لەلایەن کوردەکانەوە وەک پاساو دەهێنێتەوە بۆ هێرشەکەی


دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ڕایانگەیاند، ویلیەم ماڵێت، توندڕەوی ڕاستڕەو، کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا 3 کوردی کوشت زیندانی کراوە.

کاربەدەستان دەڵێن هێرشبەرەکەی پاریس بە کوشتن بە مەبەستی " نژادپەرستی" تاوانبارکراوە.

ماڵێتی تەمەن 69 ساڵ ڕۆژی هەینی 23 ی ئەم مانگە هێرشی کردە سەر ناوەندی ناوەندێکی ڕۆشنبیری کوردی ئەحەمەد کایا و کافێیەکی کوردی لە نزیکی.

لەسەر داوای پزیشکەکان، بەرپرسانی ئەمنی ماڵێتیان بردە کلینیکی دەروونی و دواتر هێنایەوە بۆ زیندان.

بەپێی لێدوانەکانی داواکاری گشتی، ماڵێت ڕۆژی هەینی چووەتە ناوچەی ١٠ی پاریس کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کورد و تورکن. ئەو لە دانپیادانانەکەیدا گوتویەتی هەوڵیداوە ژمارەیەک خەڵکی بیانی بکوژێت و پاشان خۆشی بکوژێت.

سەرەتا هێرشی کردووەتە سەر کافێکە، دواتر هێرشی کردووەتە سەر ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا و پاش ئەوەش چووەتە سەرتاشخانەیەک، بەڵام خەڵکەکەی ئەوێ ڕادەستی پۆلیسیان کردبوو.

ماڵێت ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دزیکردنێک لە ساڵی 2016دا ویستویەتی بیانییەکان و کۆچبەران بکوژێت. لۆرێ بیکۆ، داواکاری گشتی پاریس ڕایگەیاندووە، ماڵێت گوتوشیەتی، هێرشی کردووەتە سەر کەسانێک کە نەیناسیون.

بە پێی نیویۆرک تایمس ماڵێت بە لێکۆڵەرەوەکانی گوتووە کوردەکان لە جیاتی ئەوەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بکوژن، لە کەمپەکاندا هێشونیانەتەوە کە ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی وای لێکردووە ڕقی لە کوردبێت.

ئەو ڕووداوی تەقەکردنە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە کۆمەڵگای کورد سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ یادی ١٠ ساڵەی کوشتنی سێ چالاکوانی ژنی کورد لە پاریس. ڕووداوی کوشتنەکە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووتەوە و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگەی کوردەکانی پاریس دەخوازن ئەو هێرشە وەکو هێرشێکی تیرۆرستی و سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام کاربەدەستانی فەرەنسا دەڵێن هەتا ئێستا هیچ نیشانەیەکی ئەوەیان نەدۆزیوەتەوە کە ماڵێت پەیوەندی بە هیچ ڕێکخراوێکەوە هەبێت بۆیە داواکاری دژە تیرۆر دۆسێکەی وەرنەگرتووە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە نیویۆرک تایمس وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG