Accessibility links

سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە بۆ تێرۆر" دادگایی دەکرێت


شەبنەم کۆرور فنجانچی، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا
شەبنەم کۆرور فنجانچی، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا

سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا بە تۆمەتی " پرۆپاگەندە بۆ تیرۆر " دادگایی دەکرێت، ئەوەش بەهۆی داواکانییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن لەشکری تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە لە دژی گەریلاکانی پەکەکە.

شەبنەم کۆرور فنجانچی لە 26 ی مانگی دەدا دەستگیرکرا، دوای ئەوەی بووە یەکێک لەو کەسایەتییە ناودارانەی سەرنجی ڕای گشتییان ڕاکێشا بۆ ئەو ڕاپۆرتانانەی کە یەکەم جار لە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەوە بڵاوکرانەوە و باسیان لەوە کرد 17 گەریلای پەکەکە بە چەکی کیمیایی تورکیا لە چیا و ئەشکەوتەکانی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.

حکومەتی تورکیا بە توندی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردۆتەوە، وە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش خانم فنجانچی تۆمەتبار کرد بە بەوەی بە " بە زمانی تیرۆر قسەدەکات ".

لە ئێستادا فنجانچی تۆمەتبارکراوە بە بڵاوکردنەوەی " پرۆپاگەندەی تیرۆر " ، ئەوەش تاوانێکە کە پێشتر کەسانی دیکەی پێ حوکمدراوە و سزای 13 ساڵ زیندانییان بۆ دەرکردوون.

فنجانچی لە سەرەتا کە دەستگیرکرا، چەند خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دەربڕین لە شەقامەکانی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوون، دەیان کەسیش لەو خۆپیشاندانانەدا دەستگیرکران.

خۆپیشاندەران لە بەردەم دادگای ئستەنبوڵ داوای ئازادکردنی خانم فنجانچی دەکەن، 23 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2022
خۆپیشاندەران لە بەردەم دادگای ئستەنبوڵ داوای ئازادکردنی خانم فنجانچی دەکەن، 23 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2022

فنجانچی تەمەن 63 ساڵ کە شارەزایەکی پزیشکی دادوەرییە، کاتێک چووە ناو هۆڵی دادگاکە لە ئیستەنبوڵ، مشتێکی بەرز کردەوە و لایەنگرانیشی چەپڵەیان بۆ لێدەدا لە کاتێکدا دەیان پۆلیس لە بەرامبەریان وەستابوون.

فنجانچی دووبارە داوایکرد لێکۆڵینەوەیەکی جدی بکرێت، و پشکنینی مەیدانی و توێکاری بۆ تەرمی گەریلاکان بکرێت.

فنجانچی بە دادگای وت " وەکو داکۆکیکارێک لە مافەکانی مرۆڤ، بەرپرسیارێتی ئەوەم هەیە بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین و مافی گشتی بکەم بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان."

دکتۆر عەلی ئیحسان ئوکتەن، جێگری سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا ، لە بەردەم دادگای ئستەنبوڵ وتارێک پێشکەش دەکات و داوای ئازادکردنی خانم فنجانی دەکات، هەینی 23 ی مانگی دوازدەی 2022 .
دکتۆر عەلی ئیحسان ئوکتەن، جێگری سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا ، لە بەردەم دادگای ئستەنبوڵ وتارێک پێشکەش دەکات و داوای ئازادکردنی خانم فنجانی دەکات، هەینی 23 ی مانگی دوازدەی 2022 .


فنجانچی لە تورکیا بە کەسێکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ناسراوە و بە ئاشکرا دژی حکومەتەکەی ئەردۆغان قسە دەکات.

ڕێکخراوی ئەمنستی و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ پێنج ڕێکخراوی دیکە پێکەوە داوای ئازادکردنی فنجانچی دەکەن.

سەرۆکی دەستەی پزیشکی جیهانی فرانک ئولڕیچ مۆنتگۆمێری ئەڵمانی لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەبێت دەستخۆشی لە کارەکانی بکرێت نەک سزا بدرێت."

بەڵام دادوەری سەرەکی دادگاکە وتی فنجانچی " چالاکانە بەشداربووە لە پرۆپاگەندەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان" و داوای کرد تاوەکو دادگاییەکی دیکە لە زینداندا بهێڵرێتەوە.

خانم فنجانچی لای خۆیەوە وتی "پێتان وانەبێت دەستگیرکردن و زیندانیکردن بۆ من شتێکی قورس بێت، بەڵکو هەلێکی زێڕینە بۆ داکۆکیارێکی مافی مرۆڤی وەک من."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG