بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل، سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئێران هەوڵدەدات دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ڕووسیا فراوان بکات.
هۆشدارییەکەی دەیڤید بارنیا دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا نیگەرانی خۆی لە "هاوبەشیی بەرگریی تەواو" لە نێوان تاران و مۆسکۆ دەربڕی کە مانگی دووی ڕابردوو ئۆکرانیای داگیرکرد.
تاران لە مانگی یانزەی ڕابردوودا دانی بەوەدانا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕووسیا ناردووە، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە کردبوو کە پێش لەشکرکێشی فڕۆکەکە دابینکراوە.
بارنیا لە میانی ئاهەنگێکدا بۆ جەژنی هانۆکای جولەکەکان وتی "ئێمە هۆشداری دەدەین لە نیازی داهاتووی ئێران، کە هەوڵی نهێنی هێشتنەوەی دەدەن، بۆ قووڵکردنەوە و فراوانکردنی دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ڕووسیا، بۆ فراوانکردنی پڕۆژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و چڕکردنەوەی هێرشەکانیان دژی وڵاتانی موسڵمانی دۆست لە ناوچەکەدا".
جێی باسە لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەردا، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە زانیارییەکانی لەگەڵ واشنتۆن هاوبەش کردووە کە بەپێی هەواڵگری ئیسرائیل، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیادا نیشانداوە.
لە 9ی مانگی دووانزەدا واشنتۆن پەیوەندییەکی بەرفراوانی نێوان ئێران و ڕوسیای باسکرد کە ئامێرەکانی وەک هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی و هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆدەگرێت و ئەو ماددانە دواییەش سزای نوێی ئەمریکای لێکەوتەوە.
ڤاسیلی نێبێنزیا نوێنەری مۆسکۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا وەڵامی دایەوە کە کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ڕووسیا "پێویستی بە هاوکاری هیچ کەس نییە" و ڕایگەیاند کە تۆمەتەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چەندین جار پووچەڵ کراوەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕژێمی تاران کە زیاتر لە سێ مانگە ناڕەزایەتی مەدەنی بەخۆیەوە بینیوە، "رێکەوتنی قێزەون" لەگەڵ مۆسکۆ دەکات "لە هەوڵێکی بێهیوادا بۆ مانەوە".
وه زاره تی ده ڕه وه ی ئێران ڕۆژی یه کشه ممه له به یاننامه یه کدا ڕایگه یاند که "داوای مۆڵه تی له هیچ که س" ناکات بۆ فراوانکردنی په یوه ندییه کانی له گه ڵ ڕووسیا.
ناسر کەنانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: هاوکاری نێوان ئێران و ڕووسیا لە بوارە جیاجیاکان لەوانەش بەرگری لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەشدا فراوانتر دەبێت، و دژی هیچ وڵاتێکی سێهەم نییە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس