Accessibility links

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی: هەوڵی پەکخستنی پرۆژەی شەفافیەت دراوە و شکستی هێناوە


وەکو وەڵامێک بۆ ئەو ڕەخنانەی لەسەر دیارنەمانی داهاتی سلێمانی لێیان دەگیرا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و تیمەکەی، پرۆژەی شەفافیەتیان لە داهاتە نا نەوتییەکان ڕاگەیاندووە. وێبسایتی شەفافیەتیان دامەزراندووە و ڕۆژانە داهاتەکان لە ڕێگەی ئەو ماڵپەڕەوە بڵاو دەکەنەوە.

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ڕایگەیاند ئەمە یەکەمجار نییە هەوڵێکی لەو جۆرە درابێت "تا ئێستا دوو سێ جار هەوڵی گەورە و فراوان دراون بۆ هاککردن و پەکخستنی ماڵپەڕی شەفافیەت، بەڵام هەوڵەکان شکستیان پێ هێنراوە."

لە بارەی ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت هەوڵی هاککردنی پرۆژەکەوەن، وتەبێژەکەی قوباد تاڵەبانی وتی "ڕەنگە مەبەستی ناوخۆیی و سیاسی لە پشت هەوڵەکانەوە هەبن، بەڵام نازانین کێن."

لە وێبسایتی شەفافیەتدا، داهاتی ڕۆژانەی خاڵە سنورییەکان، هەروەها داهاتی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بڵاو دەکرێنەوە. پەرلەمانتارێکیش ڕەخنەی ئەوەی لە پڕۆژەکە هەیە و دەڵێت باسی خەرجییەکانی تێدا نییە.

سەمیر هەورامی، لە درێژەی لەێدوانەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی "ئامانج لە بیرۆکەی شەفافیەت و دامەزراندنی وێبسایتی شەفافیەت، بە شەفاف کردنی داهاتی سلێمانییە، تا هەموو کەس بزانێت داهاتی ڕۆژانەی فەرمانگە حکومییەکان چەندە، ئەو داتا و زانیارییانەی بڵاودەکرێنەوە ڕاست و دروستن."

لە کاتی ڕاگەیاندنی پرۆژەی شەفافیەتدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاندبوو "ڕۆژانە داهاتە نا نەوتییەکان کۆ دەکرێنەوە و بڵاو دەکرێنەوە، تا هەموو کەس ئاگاداری داهات بێت، چونکە شەفافیەت کۆڵەکەی دروستبوونی متمانەیە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا."

قوباد تاڵەبانی، گوتبویشی "ساڵێک زیاترە، تۆمەت و قسەی نەشیاو ئاڕاستەی سلێمانی دەکرێت، گوایە داهات دیار نامێنێت و پارەی بانکەکان دەبرێت، ئێستا سلێمانی وەک یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم، هەنگاوێکی گرنگی ناوە بە ئاڕاستەی شەفافیەت."

لە کاتی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەخنەی ئەوە لە یەکێتی دەگرن، گوایە داهاتی نا نەوتی سلێمانی و ناوچەکانی تر کۆ ناکرێتەوە و دەبرێت.

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆژەکەیان ( شەفافیەت) گوتیشی "وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی لەسەر سلێمانی هەبوو، بەشێکە لە ئامانجی پرۆژەی شەفافیەت، ئەگینا بیرۆکەی پرۆژەکە فراوانترە و بەشێکە لەو پرۆژانەی قوباد تاڵەبانی لە سەردەمی کابینەی پێشوودا خستوونیەتەڕوو، لەوانە بایۆمەتری، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری حکومی."

یەکێک لەو ڕەخنانەی لە پرۆژەی شەفافیەتی جێگری سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی دەگیرێت، خستنەڕووی داهاتەکانە، بەڵام لە پرۆژەکەیاندا، باسی خەرجییەکانی تێدا نەکراوە و وردەکاری چۆنیەتی خەرجییەکان نەخراونەتەڕوو.

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت "لە پرۆژەی شەفافیەتدا، تەنها باسی داهات کراوە، لە کاتێکدا گەندەڵی زۆر لە خەرجیشدا هەیە."

پارتی دیموکراتی کوردستان کە باڵادەستە بەسەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، یەکێتی نیشتیمانیش کە دەسەڵاتدارە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەدا، دوو هێزی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمن، بەڵام پرۆژەی شەفافیەت تەنها لە سنوری قەڵەمڕەوی یەکێتیدا کاری پێدەکرێت، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ مانەوەی شوێنەواری دوو ئیدارەیی لێکدەدرێتەوە.

سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت، دەڵێت "وەزیری دارایی و تیمێکی وەزارەتەکەی، هاوکارمان بوون لە ڕێکخستنی پرۆژەی شەفافیەت."

ئەو وتیشی "بیرۆکەی شەفافیەت لە سلێمانییەوە دەستپێشخەری بۆ کراوە و جێبەجێ کراوە، گەر لە هەر شوێنێکی تری هەرێم بیانەوێ، ئێمە هاوکار دەبین بۆ جێبەجێکردنی."

XS
SM
MD
LG