Accessibility links

مستەفا چاو ڕەش: ئاسان  نییە ڕێگە بدەیت هێزێک بێت سنورەکان بپارێزێت، لە کاتێکدا ئەو سنورانە چەندین ساڵە لەلایەن خۆمانەوە دەپارێزرێن


مستەفا چاو ڕەش بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی-یەکێتی نیشتمانی کوردستان
مستەفا چاو ڕەش بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی-یەکێتی نیشتمانی کوردستان

هەرچەندە وابڕیار بوو، هێزەکانی پاراستنی سنور، لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە ببرێنە سەر سنورەکان و جێگیر بکرێن و سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بپارێزن، بەڵام پێدەچێت بڕیارەکە تا ئێستا نەچووبێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی، پێویستی بە میکانیزمی گونجاوو ڕێکەوتنی سیاسی زیاتر هەیە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا.

فەرماندەی هێزەکانی حەفتا ئاماژە بەوە دەکات، هەر وا ئاسان نییە ڕێگە بدرێت، هێزێک بێت سنورەکان بپارێزێت، لە کاتێکدا ئەو سنورانە چەندین ساڵە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەپارێزرێن، وە ئەگەر هەر هێزێکیش دروست بکرێت دەبێت لە خەڵکی کوردستان بێت.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی حەفتا، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وەک هێزەکانی ،70 هیچ فەرمانێک یان ئاگادارکردنەوەی ڕەسمیان لەسەر ئەو بابەتە بەدەست نەگەشتوە و بڕیارەکەش تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

" ئێمە تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمیمان بۆ نەهاتووە، چونکە زیاتریش پەیوەندی بە سنورەکانەوە هەیە، کە قەراربوو لیوایەک یان دوو لیوا دروستبکرێن، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی سەر سنور چارەسەر بکات، بەڵام ئێمە تا ئێستا هیچ وردەکاریەکمان بۆ نەهاتووە تا ئیشی لەسەر بکەین."

بە پێی ڕێککەوتنەکە، سنورەکان دەبێت لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە بەڕێوە ببرێن، بۆ ئەمەش، سەعد مەعن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێڕاق ڕایگەیاند" ئەو هێزەی دروست دەکرێت کورد دەبن"، بەڵام هەر دوای چەند کاتژمێرێک پاشکەزبۆوە لە بڕیارەکەی و ڕایگەیاند "دامەزرندنی هێزەکە لە هەموو عێراق دەبێت" کە ژمارەیان 3000 کەسە، بەڵام مستەفا چاوڕەش ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت ئەندامانی هێزەکە لە نەتەوەی کورد بن، هەرچەندە سەر بە حکومەتی عێراقین.

" خۆ هەروا ئاسان نییە، تۆ ڕێگە بدەیت هێزێک بێت، ئێمە چەنێکە خۆمان پاراستومانە، ئەو ناوچەیەکە لە ژێر دەسەڵاتی خۆماندا بووە، ئەگەر هێزێکیش دروست بکرێت، ئەگەر هەر هێزێک بێت دەبێت لە خەڵکی کوردستان بێت."

بیانووی حکومەتی ناوەندی بۆ دروستکردنی هێزەکە، نەپاراستنی سنورەکان و بەکارهێنانیانە لەلایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و تورکیاوە بۆ هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا بە درێژایی 30 کیلۆمەتر بە زەمینی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدایە، هاوکات بەردەوام هێرشی فڕۆکە و درۆنی تورکی و ئێرانی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەو بارەیەوە مستەفا چاوڕەش دەڵێت" ئێمە خۆشمان حەز دەکەین وڵاتەکەمان ئەمان بێت و کێشەی نەبێت، تورکیا بۆردومانمان نەکات، یان لە شوێنی ترەوە بۆردومان نەکرێین، بەڵام گوناحی ئێمەی تیا نییە، تورکیا، 20 کیلۆمەتر هاتووە، چەند ساڵە خەریکە 20 کیلۆمەتر زیاتریش هاتووە، چەند هەزار عەسکەری هێناوەتە خاکی هەرێمەوە، بۆ دەرکردنیشیان پێویستی بە قەراری سیاسی هەیە."

سەبارەت هەڵوێستیان لەسەر هێرشەکانی تورکیاو ئێران، مستەفا چاوڕەش ئاماژە بەوە دەکات بیانوی هێرشەکان بوونی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانە، لە کاتێکدا هەرێم خۆی لە دۆخێکی خراپی ئابووری و سیاسیدایە، خەڵکی هەرێمیش لەهێرشەکان زەرەرمەندە، ئێمە نامانەوێت لەگەڵ ئێران وتورکیا توشی کێشەبین.

" زروفێک لە هەرێم دروستبووە بەناوی ئەوەی هێزی معارەزە هەیە، خۆتان ئاگادارن ئەوە بۆردومانی کۆیەو زڕگوێزکرا، ئێمە حەز دەکەین وڵاتەکەمان ئەمان بێت، و وڵاتی تورکیا و ئێران نامانەوێت، توشی هیچ کێشەیەک بین لەگەڵیاندا، ئەو وەزعەی کە خۆمانی تێداین، وەزعی ئیقتیسادی خراپە سەرباری ئەوەش، دەیان دێ چۆڵی کردوە، لەبەر ئەوەی کە بە کەیفی خۆیان دێن بۆردومان دەکەن، کە زەرەری خەڵکی کوردستانی تێدایە."

لە دوای تۆپبارانەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، بڕیاری دروستکردنی هێزێکیدا بۆ پاراستنی سنورەکان، وا بڕیاربوو هێزەکە سەر بە حکومەتی ناوەندی بێت و ژمارەی ئاندامەکانی 3000 کەس بێت، بەڵام بڕیارەکە تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، و پێدەچێت بۆ ڕێکەوتنیان لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەگەشتبنە ڕێکەوتنی کۆتاییی.

XS
SM
MD
LG