Accessibility links

کوژرانی ٩ پۆلیسی عێراق لە هێرشێکی داعشدا لە کەرکوک


Kirkuk city
Kirkuk city

فەرماندەیی گشتی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆ یەکشەمەی داعش بۆ سەر هێزەکانیان لە باشوری کەرکوک پێکهێنا، کە بەهۆی هێرشەکەوە ئەفسەرێک و ٨ پۆلیس گیانیان لەدەست دا.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە، لە نزیک گوندی سەفرەی سەر بە ناحیەی ڕیازی باشوری کەرکوک، بۆمبێک بە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیدا تەقییەوە، دواتر داعش هێرشیکردووەتە سەر هێزەکەی پۆلیس و ڕوو بە ڕوو بوونەوە ڕوویداوە، بەو هۆیەوە ئەفسەرێک و ٨ پۆلیس گیانیان لەدەستداوە.

شێخ وەسفی عاسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە هێرشەکەی داعش دا بۆ سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی، ٩ پۆلیس گیانیان لەدەستداوە."

شێخ وەسفی عاسی، هۆکاری جم و جۆڵەکانی داعشی بۆ پاک نەکردنەوەی ناوچەکانی ڕۆژاوای کەرکوک لە داعش و نەبوونی هێزی پێویست و شارەزا گێڕایەوە، وتی "تا ئێستا بەشێکی زۆر لە گوندنیشینەکان نەگەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانیان، داعش خانووە چۆڵەکان بۆ شوێنی مانەوە و حەوانەوە بەکار دەهێنێت."

جەختیشیکردەوە " تەنها چارەسەر چەکدار کردنی گەنجانی ناوچەکە و دامەزراندنیانە لە ڕیزی هێزە عێراقییەکان بۆ شەڕی داعش."

بە پێی وتەی لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوایکردووە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست بکرێت و ڕاوەدووی ئەو چەکدارانەش بکرێت دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە.

نازم کەهیە ، ڕيکخەری پێشووی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ١٥ چەکداری داعش بینراون لە باشوری کەرکوک، کەسێک پێشوازی لێکردوون، دواتر چەکدارەکان خۆیان ونکردووە."

ئەو وتیشی " ڕەنگە ئەو چەکدارانە هێرشەکەی ئەمڕۆیان ئەنجام دابێت."

دوای هێرشەکەی ئەمڕۆ یەکشەمەی سەر پۆلیسی فیدراڵی، ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، داوایکرد هێز بە تەواوی ناوچەکانی سنوری کەرکوک دا بڵاو بکرێتەوە، ڕێگە لە ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوە بگیرێت.

لیوا محەمەد ڕۆستەم، جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە-حەمرین ی هێزی پێشمەرگە، پێشبینی زیادکردنی هێرشەکانی داعشی کرد لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت " داعش پێشتر پێشبینی هەڵایسانی شەڕی شیعە بە شیعەی کرد، بۆیە هێزەکانی بردبوو بۆ نزیک بەغدا، بەڵام شەڕی نێوخۆیی شیعە ڕووینەدا، ئێستا هەموو هێزەکانی هێناوەتەوە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان، بە ئاشکرا جوڵەیان دەبینرێ."

لە مانگی ڕابردووەوە، جوڵەی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و بە تایبەت لە سنوری کەرکوک زیادیکردووە، بە پێی وتەی عەمید محەمەد چەوری فەرماندەی پێشمەرگە لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین بۆ دەنگی ئەمەریکا، داعش لە زنجیرە چیاکانی حەمرین، خولێکی سەربازی ٤٠ ڕۆژی بە چەکدارەکانی تەواو کردووە و بە ناوچەکاندا بڵاوەی پێکردوون، تا کردەی سەربازی ئەنجام بدەن.

لای خۆشیەوە، محەمەد سامان، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی زنانەی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، بە دەنگی ئەمەریکای وت " داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی، لە کامیرای هێزە عێراقییەکانەوە، جم و جۆڵیان بە ئاشکرا دیارە."

XS
SM
MD
LG