Accessibility links

لە شاری بتلیسی تورکیا ڕۆژنامەنوسێک بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی " زانیاری هەڵە" دەستگیردەکرێت


ڕۆژنامەنوسێک لە شاری بتلیسی تورکیا بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی " زانیاری هەڵە" دەستگیر کراوە. ئەمەش یەکەم جارە بە پێی ئەو یاسایەی کە ڕەخنەگرنا دەڵێن مەترسییە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین، کەسێک زیندانی بکرێت.

دیار ئۆراک پارێزەری ڕۆژنامەوان سینان ئایگول ڕۆژی پێنجشەممە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی پشتڕاست کردەوە.

دەستگیرکردنی ئەم ڕۆژنامەوانە لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکانی تورکیا پاش دوای دوو مانگ لە دەرکردنی ئەو یاسایەی پەرلەمانە کە پارتی دەسەڵاتداری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت پارێزگاری لە ڕای گشتی دەکات. ڕەخنەگران و چالاکوانان هەر لە سەرەتای دەرکردنی ئەم یاسایەوە نیگەرانیان دەربڕی لەوەی دەکرێت ئەم یاسایە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە خراپ بەکاربهێنرێت بە مەبەستی بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی.

سینان ئایگولی ڕۆژنامەنوس بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە پارێزگای بتلیس دەستبەسەر کرا، دوای ئەوەی لە تویتەر نووسیبووی کە گوایە کچێکی تەمەن 14 ساڵ لەلایەن چەند پیاوێکەوە لەنێویاندا ئەفسەری پۆلیس و سەربازیش دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر. دواتر بابەتەکەی لابرد.

ئایگول لە زنجیرە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، حکومەتی خۆجێهی پێی ڕاگەیاندووە کە چیرۆکەکە نادروستە، دوای ئەوەی پۆستی لەسەر ئەو ڕووداوە کردووە.

ئایگول کە سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی بیتلیسە، داوای لێبوردنی کرد بەهۆی ئەوەی کە بابەتەکەی بەبێ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتداراندا پشتڕاست بکاتەوە بڵاو کردبووەوە.

دواتر هەر لە ڕۆژی چوارشەممە، دادگایەکی ناوخۆیی بڕیاری دەستگیرکردنی ئایگولی دەرکرد تا دادگاییکردن، بڕیاریدا ئەو کارەی دەتوانێت ببێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا و دەتوانێت ئارامی وڵاتەکە تێکبدات.

لە لێدوانەکەیدا بۆ دادگا، ئایگول گوتی، دوای قسەکردن لەگەڵ دەسەڵاتداران هەڵەکەی ڕاستکردووەتەوە و تویتەکەی سەرەتای سڕیوەتەوە و بەنیازی ئەنجامدانی تاوان نەبووە.

دیار ئۆراک پارێزەری ئایگول گوتی ئەو دەستگیرکردنە نایاساییە. ئەو بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " جێبەجێکردنی یاساکە، کە بە پێی زانیارییەکانی ئێمە بۆ یەکەم جارە بەکارهێنراوە، کە بەم شێوەیە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لێکدەدرێتەوە، نیگەرانی ئەوەمان لا دروست دەکات کە لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی هاوشێوە لە داهاتوودا زیاتر دەبێت."

بە پێی ئەو یاسایە هەر کەسێک زانیاری هەڵە بڵاو بکاتەوە هەتا سێ ساڵ زیندانی دەکرێت. پارتی ئاکەپەی ئەردۆغان و پارتی مەهەپەی نەتەوە پەرستی هاوپەیمانی دەڵێن ئەم یاسایە بە مەبەستی ڕوبەڕوبوونەوەی زانیارییە هەڵەکانە. ئەم یاسا نوێیە نیگەرانی لەسەر سەرکوتکردنی زیاتری میدیاکان هێناوەتە ئاراوە.

XS
SM
MD
LG