Accessibility links

سەرکردەیەکی گۆڕان: ترس هەبوو یەکێتی و پارتی لەسەر مەسەلە نیشتیمانییەکان تەنازول بکەن بەڵام دۆخەکە ڕێگەی پێنەدان


ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، مەترسی ئەوە لە ئارادایە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، دۆخی هەرێم بگەیەنێتە ئاستی دوو ئیدارەیی، هەرچەندە ئێستا دوو ئیدارەیی بوونی هەیە و حکومەت تەنها لە ئاستی سەرەوە یەکیگرتووەتەوە. جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە بزووتنەوەکەی لە داهاتوودا کۆنفرانس دەبەستێت، تاوتوێی کشانەوە یان مانەوە لە حکومەت دەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە بارەی ئەنجامی هەوڵەکانیان بۆ گێڕانەوەی سەرکردە ناڕازییەکان، دەڵێت"لەناو گۆڕان جیابوونەوە ڕووینەداوە، بەڵام ناڕەزایەتی هەبووە لە مەسەلەی بەشداری کردنمان لە حکومەت، هەندێک پێیانوایە چوونمان بۆ نێو حکومەت هەنگاوی هەڵە بووە و پێویستە بکشێینەوە."

گوتیشی" دەبێت کۆنفرانس ببەستین، بە هەموو لایەکمانەوە بڕیار بدەین و بەرپرسیارێتی هەڵبگرین، لە حکومەت بکشێینەوە یان بمێنینەوە."

بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا، جگە لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم، چەند وەزارەتێک و ژمارەیەکی زۆر پۆستی جیاجیان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان وەرگرتووە.

سەبارەت بەوەی تا چەند ئەگەری کشانەوەیان لە حکومەت هەیە، سەفین مەلا قەرە وتی"لە ئێستادا بڕوا ناکەم بکشێینەوە، چونکە هەموو لایەک درک بە مەترسی قۆناغەکە و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم دەکەین."

ماوەی چەند مانگێکە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تێکچووە، تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، بەڵام کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ گفتووگۆکردن لەسەر کێشەکانی نێوانیان، یەکێکە لە ئەگەرەکان و ڕەنگە لە ماوەی هاتوودا ئەنجام بدرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەفدێکی پێکهێناوە بۆ سەردانیکردنی لایەنەکان و گفتووگۆکردن لەسەر کێشەکان، یەکەم وێستگەی سەردانی وەفدەکە، دوێنێ چوارشەمە بوو بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی، بڕیاریشە سەردانی لایەنەکانی تری هەرێمیش بکەن.

ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوونیکردەوە، گفتووگۆیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی کردووە، تا کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن، ئامادەیی خۆشیان بۆ نێوەنگیری کردنیان نیشانداوە بۆ ئەوەی بە گفتووگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن، وتی"ئەوان دەڵێن باشە، کێشەکانمان چارەسەر دەکەین، بەڵام هەنگاوی کرداری نابینین، هەرچەندە بڕیارە کۆببنەوە و پارتی جوڵەی بۆ لای لایەنەکان دەستپێکردووە."

سەبارەت بە کرۆکی کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی، سەفین مەلا قەرە وتی"کێشەی نێوانیان لەسەر دەسەڵات و مەسەلەی ئەمنییە."

ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە، هەڕەشەکانی یەکێتی و پارتی و هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی بردنی هەرێمە بە ئاقاری دوو ئیدارەیی، وتی"دوو ئیدارەیی هەر هەبووە، حکومەت تەنها لەسەرەوە یەکیگرتووەتەوە، ئەگینا دوو زۆن هەیە، دوو هێزی باڵادەست هەیە، هەرێم خاوەنی حکومەتی دامەزراوەیی نییە، تا بڕیارەکانی لەسەرتاسەری کوردستان بڕوات، ئێمە دەمێکە داوای حکومەتی دامەزراوەیی و حکومەتی هاونیشتیمانی دەکەین، بەڵام گوێمان لێنەگیرا."

سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوونیشیکردەوە، پارتی و یەکێتی بە جیا دانوستانیان لەگەڵ عێراق کردووە، لە بری داواکردنی خواستەکانی خەڵک، بایەخیان بە خواستە حیزبییەکان داوە، وتی"ترس هەبوو لەوەی لەسەر مەسەلە نیشتیمانییەکان تەنازول بکەن، بەڵام وەزعی کوردستان ڕێگەی پێنەدان."

XS
SM
MD
LG