Accessibility links

پنتاگۆن: ئەمەریکا دەورییەکانی پاسەوانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوری سوریا دەستپێدەکاتەوە


پنتاگۆن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا بە تەواوی دەورییەکانی پاسەوانی لە باکوری سوریا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە ناوچەکە ڕاگیرابوون.

لەلایەکی ترەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی گروپەکە شانبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش "بە شێوەیەکی کاتی " بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی تورکیاوە ڕاگیرابوون.

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو ئەو دەوریانەی ڕۆژی سێشەممە دەستیپێکردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش نییە بەڵکو سنووردار دەبن بە ناوچەکانی دەوروبەری کەمپێکی فراوان کە دەیان هەزار کەسی تێدایە و زۆربەیان ژن و منداڵن و پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و هەروەها زیندانەکانیش کە هەزاران توندڕەویان تێدایە.

تورکیا لەم ماوەیەی ڕابردوو بە تۆپ و فڕۆکە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بۆردومان دەکرد. ئەنکەرە هێزە کوردییەکانی سوریا تۆمەتبار دەکات بە تەقینەوەکەی 13 ی مانگی یازدە لە ئەستەنبوڵ.

تا ئێستا هیچ هێز و کارمەندێکی ئەمەریکی بەهۆی هیچ کام لەو هێرشانەدا زیانیان بەرنەکەوتوە. بەڵام لە 26ی مانگی یازدە سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، 2 موشەک هێزەکانی هاوپەیمانانی کردە ئامانج لە بنکەکانیان لە نزیک شارۆچکەی شەدادە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. هیچ کەسێک پێوە نەبوو و زیان بەر بنکەکە نەکەوت.

لە مانگی سێی ساڵی 2019دا، هێزەکانی سوریای دیموکرات، دوایین ناوچەی لە دەستی داعش دەرهێنا، ئەمەش شکستی ئەو گروپە توندڕەوە بوو کە سەردەمانێک بەشێکی گەورەی سوریا و عێراقیان داگیرکردبوو. بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات هۆشداری دەدەن که هێرشه کانی تورکیا شەڕی دژ به داعش تێکدەدات. شانه نووستووەکانی داعش هەتا ئێستاش هێرشی کوشنده ئه نجام دەدەن.

نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە سوریادا هەن لە چەند ناوچەیەکی باکور و باشور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG