Accessibility links

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم: گفتووگۆی جدی لەگەڵ ئێران و تورکیا دەکرێت لەسەر مەسەلەی ئاو


سەرباری ئەو شەپۆلە بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەڵام هێشتا مەترسی کەم ئاوی و وشکە ساڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەڕەویوەتەوە، بەو پێیەی بڕێکی کەم داهاتی ئاو لە بەنداوە گەورەکانی هەرێم خەزنکراوە.

بەنداوی دوکان، لە ئێستادا دوو ملیار سێجا ئاوی تێدایە، لە کاتێکدا 5 ملیار سێجا ئاوی تری پێویستە بۆ ئەوەی سەر ڕێژ ببێت. بەنداوی دەربەندیخانیش، 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە و بۆ پڕبوون، پێویستی بە ملیارێک و حەوتسەد ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو شەپۆلە بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، ناوچەکانی خوارووی بەنداوەکانی گرتووەتەوە، بۆیە داهاتی ئاو لە بەنداوەکان زۆر زیادی نەکردووە."

ئەو وتیشی"هێشتا لە سەرەتای وەرزی زستانداین، ئێمە چاوەڕوانی بارانی زیاتر و هاتنی مانگی 3 ی 4 ین، چونکە ئەوکات بەفری شاخەکان دەتوێتەوە و داهاتی ئاو زیاتر دەکات."

هەرچەندە زۆر سود لەو شەپۆلە بارانە وەرنەگیرا کە هەرێمی گرتەوە بۆ زیادبوونی داهاتی ئاوی بەنداوە گەورەکانی هەرێم، بەڵام ئەو بڕە بارانەی باری، بووە هۆی پڕبوونی بەنداوە بچووکەکان و کۆکردنەوەی داهاتی زیاتری ئاو تێیاندا.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم، وتی"بەنداوی بچووکمان، لە ( هەولێر، دهۆک، گەرمیان، قەرەداغ و چەمچەماڵ) زۆرە، ئەو بەنداوانە داهاتی باشی ئاویان تێدا خەزنکراوە بەهۆی بارانەوە."

عێراق و هەرێمی کوردستان لە نێو ساڵێکی هەستیاردایە، گەر ئەمساڵیش هاوشێوەی دوو ساڵی ڕابردوو، باران کەم ببارێت و وشکە ساڵی دووبارە ببێتەوە، چەندین ناوچەی عێراق و هەرێم دووچاری قەیرانی ئاو دەبن.

هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی، دەیان ناوچەی عێراق و هەرێم، هەزاران گوندنیشی خاوەن مەڕوماڵات، ئومێدیان لە سەر بارانی ئەمساڵ هەڵچنیووە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی دوو ساڵی ڕابردوو، بەهۆی کەم بارانییەوە دووچاری بوون.

ڕەحمان خانی، دەڵێت"ترسی کەم بارانیمان هەیە، دوو ساڵی کەم بارانیمان بەڕێکرد، گەر ئەمساڵ، باران زۆر نەبارێت، ناتوانین قەرەبووی دوو ساڵی ڕابردوو بکەینەوە."

جەختیشیکردەوە"داهاتێکی زۆری ئاومان پێویستە بۆ پڕکردنەوەی بەنداوە گەورەکان، گەر ئەمە ڕوو نەدات، دووچاری گرفتی قوڵ دەبین."

گرفتاربوونی عێراق و هەرێم بە کەم ئاوی لە کاتێکدایە، ئێران و تورکیا دەیان بەنداویان لە سەر سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان دروستکردووە و ئاو بۆ عێراق بەر نادەنەوە، ئەمەش گرفتەکەی بۆ عێراق و هەرێم هێندەی تر قوڵتر کردووەتەوە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین وەفدی دبلۆماسی عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیادا لە بارەی ئاوەوە گفتووگۆی کردووە، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ، ئەو دوو وڵاتە بەنداوی زیاتر دروست دەکەن و عێراق زیاتر دەخنکێنن.

رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم، وتی"هەوڵێک هەیە لەلایەن کابینەی نوێی حکومەتی عێراقەوە، تا گفتووگۆی جدی لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر مەسەلەی ئاوی هاوبەش بکرێت."

XS
SM
MD
LG