Accessibility links

دادگای پاکستان سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ڕۆژنامەنووسێکی پاکستانی لە کینیا دەکات


دادگای باڵای پاکستان ڕۆژی سێشەممە لیژنەیەکی پێنج دادوەری پێکهێنا بۆ سەرپەرشتیکردنی لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی ڕۆژنامەنووسێکی دیار کە لە کینیا تەقەی لێکرا و کوژرا.

ڕۆژنامەنووس ئەرشەد شەریف تەمەن 50 ساڵ لە 23 ی مانگی 11 دا لە کاتی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلێک لە ناوەڕاستی نایرۆبی پایتەختی کینیا کوژرا. پۆلیسی کینیا ڕایگەیاندووە؛ ئەوە حاڵەتێکی هەڵە دیاریکردنی ناسنامە بووە.

شەریف پێشتر بە هۆکاری بوونی هەڕەشە لەسەر ژیانی لە پاکستان هەڵاتبوو، دوای ئەوەی حکومەت دۆسیەی خیانەتی لە دژی تۆمارکردبوو.

دادگای باڵای پاکستان ئاشکرای کرد؛ خۆبەخشانە دۆسیەکەیان گرتووەتە ئەستۆ و داوای وەڵام لە وەزارەتەکانی دەرەوە، ناوخۆی پاکستان و دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و نوسینگەی هەواڵگری دەکەن.

دادگا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ "کۆمەڵگەی ڕۆژنامەنووسان و ڕای گشتی بە قووڵی نیگەرانن لە گیانلەدەستدانی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاست باڵایە و داوای لێکۆڵینەوەی دادگا دەکەن بۆ ئەو بابەتە".

شەریف ساڵانێکی زۆر وەک پێشکەشکاری بەرنامەی هەواڵی تەلەفزیۆنی لە کاتە سەرەکییەکاندا لە چەناڵی ARY News لە پاکستان کاری کردووە.

پۆلیسی کینیا ڕایگەیاندووە، پۆلیسی دەستگیرکردن و گەڕان بەدوای دزەکانی ئۆتۆمبێلدا، تەقەیان لەو ئۆتۆمبێلە کردووە کە شەریفی تیادا بووە، کاتێک لە درەنگانی شەودا بەبێ ئەوەی بوەستێت بە بەربەستەکەیاندا تێپەڕیوە.

پۆلیس لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە؛ ئەو ئۆتۆمبێلەی شەریف تێیدا سەرنشین بووە نەیتوانیوە بوەستێت، تەنانەت دوای ئەوەی ئەفسەرەکان تەقەیان کردووە. نۆ فیشەک بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە و یەکێکیش بەر سەری شەریف کەوتووە گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG