Accessibility links

فەرماندەی پشتیوانی دووی پێشمەرگە: داوامان لە عێراق کرد لیوایەکی تری پاسەوانی سنور بۆ تۆکمەکردنی سنورەکان پێکبهێنرێت


سنووری عێراق
سنووری عێراق

فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی دووی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ئامانج لە سەردانی بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکان بۆ بەغدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، بۆ گفتووگۆکردن بووە لەسەر تۆکمەکردنی سنورەکان و زیادکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور. فەماندەکە جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، داوایان لە وەزارەتی بەرگری عێراق کردووە پەلە بکات لە پێکهێنانی هێزی هاوبەش، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.

هەفتەی ڕابردوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی زۆنی سەوزدا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراقدا کۆبوونەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا روکن مەریوان محەمەد، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، لە بارەی هۆکاری سەردانەکەیان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی عێراق دا، دەڵێت "سەردانەکە بۆ پیرۆزبایی و یەکترناسین بوو، لەگەڵ ئەو فەرماندانەی لە حکومەتی نوێی عێراق دا پۆستیان وەرگرتووە، بەڵام هەندێک پەیامیشمان پێگەیاندن."

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیامەکانیان، لیوا ڕوکن مەریوان وتی "داوای زیادکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور و دابینکردنی پێداویستییەکانمان کرد، تا بتوانن بە باشی سنورەکان بپارێزن، بەتایبەت داوامانکرد، لیوایە تر بۆ پاسەوانێتی سنورەکان پێکبهێنرێت، هەروەها داوای پەلەکردنمان لە دروستکردنی هێزی هاوبەش کرد بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپا، داوای دابینکردنی پێداویستییەکانی دژە تیرۆر و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان کرد لە دژی داعش."

فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، هەریەک لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری عێراق، ڕەزامەندییان نیشانداوە لەسەر دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپا لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، وتی "ماوەتەوە سەر ئەوەی بودجەیان بۆ دابین بکرێت و بودجەکەیان لە موازنەدا بۆ دیاری بکرێت."

دەربارەی ڕۆڵی دوو لیوا هاوبەشەکە و چۆنیەتی دابەشکردنییان بەسەر سنورەکان دا، لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد وتی"ئەو دوو لیوایە، فەوج فەوج دابەش دەکرێن بەسەر هەموو میحوەرەکان دا، لە خانەقینەوە تا نزیک موسڵ."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، وتی"ئیش و کاری دوو لیوا هاوبەشەکە و چۆنیەتی هەماهەنگی کردنی نێوان پێشمەرگە و سوپا ڕوون نییە، بەڵام لیوایەکیان بۆ میحوەری یەک تا میحوەری چوار، لیواکەی تریشیان، بۆ میحوەرەکانی تر، موچە و هەموو پێداویستییەکانیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە دابین دەکرێت."

XS
SM
MD
LG