Accessibility links

6 کەس کە بۆ ڕاو چووبوون بۆ چیای ئاسۆس لە لایەن فڕۆکەی "تورکیا"وە کرانە ئامانج


دوا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی فڕۆکە 6 کەسی کردە ئامانج لە چیای ئاسۆسی سەر بە ناوچەی شارباژێری پارێزگای سلێمانی و بە هۆیەوە یەکێکیان دەستبەجێ گیان لەدەستدا و دەنگۆی مردنی یەکێکی تریشیان هەیە.

بە پێێ زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئەو کەسانەی بونەتە قوربانی هاوڵاتی ئاسایی بوون و خەڵکی گوندی قامیشن لە ناوچەی شارباژێر. ئەو کەسانە بە مەبەستی ڕاوکردن چوونەتە بەشێکی چیای ئاسۆس بەناوی کێلی عاسێ و دواتر لەلایەن فڕۆکەوە کراونەتە ئامانج.

کامەران حەسەن قائمقامی قەزای ماوەت، بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە کە بە پێی زانیارییەکانیان بۆردومانەکە بەهۆی فڕۆکەی تورکیاوە بووە.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی تورکیا ئەوەی پشتڕاست نەکردۆتەوە کە هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەکانی ئەوانەوە ئەنجامدراوە.

عەلی عەباس، کە کەسی نزیکی قوربانیەکانە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە ئەو کەسەی گیانی لەدەست داوە ناوی تەواوی عەزیز محەمەد مستەفا یە و تەمەنی نزیکەی 55 ساڵ دەبێت. ئەو ڕایگەیاند کە قوربانیەکە 5 کەسی تریشی لەگەڵدا بووە و چواریان بریندار و یەکێکیشیان سەلامەتە کە دەکاتە کوڕی قوربانیەکە بەناوی زانا عەزیز.

بەشێک لە ڕاگەیەندنەکانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ناوچە ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی سەختی ناوچەکەوە نەتوانراوە بریندارەکان بگەیەندرێنە نەخۆشخانە.

XS
SM
MD
LG