Accessibility links

دادگای باڵای عێراق کە هەموو ئەندامانی پیاون دەڵێت ژن ناتوانێت لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە لەسەر هێنانی ژنی دووەم


بەشێک لە ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەڕلەمانی کوردستان و چالاکوانانی ژنان بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراق بە پێشێلکاری مافەکانی ژنان دەزانن کە تێیدا ماف بە ژنان نادات داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان بکەن لەسەر بنەمای ئەوەی کە هاوسەرەکانیان ژنیان بەسەردا هێناون.

روبینه‌ ئوملیک عزیز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئەم بڕیارە زیان لە ئافرەتان دەدات. زۆربەی زۆری خانمانی نیگەران کردووە. بەڵام ئیتر ئەوە عێراقە و دەوڵەتە دەبێت هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی دەوڵەتی فیدراڵی پابەند بێت. بەڵام نازانرێت هێشتا تا چەند جێبەجێ دەکرێت چونکە یەکەم ڕۆژی دەرچونی بڕیارەکەیە."

دوێنێ چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی کە لە 12 دادوەر پێکدێت وسەرجەمی ئەندامەکانی پیاون، بڕیاریدا کە کارکردن بە ماددە (18) ی هەموواری باری کەسێتی هەڵبوەشێنێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرا. دادگاکە ئەو مادەیەی بە "نا دەستوری" داناوە کە دەڵێت، "ئەگەر هاوسەر (پیاو) ژنی دووەمی هێنا، ژنی یەكەم مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات."

بڕیارەکە لەسەر بنەمای تانەی دادوەرێکی کورد بوو کە بەگوێرەی ماڵپەڕی ڕووداو ناوی دادوەر فەریق شێخ حەمەساڵحە و پێشتر دادوەری باری كەسێتیی هەڵەبجە ‏بووە بەڵام ئێستا لە دادگەی بەرایی ‌و كەتنی سەیدسادقە.

ئاڤان فارس جاف، ئەندام لە ڕێکخراوی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئەم بریارەی دادگا پێچەوانەی مافە دەستوری و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستانە و دژ بە مافە ڕەواکانی ژنانە. وە ئەم بریارە پێچەوانەی ئەو گۆرانکاریانەیە کە ھەرێمی کوردستان لە پێناوی دا خەباتی کردوە وە ژنانی کورد قوربانیان بۆ داوە. وە ئەم بریارە لێدانە لە ھەول و ماندوو بونی رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەلگەی مەدەنی دوای راپەڕین . "

هاوکار قادر، پارێزەری ڕاوێژکار لە هەولێر ، ڕایگەیاند، "ئەگەرچی دەستوری عێراقی ڕێگەی داوە بە هەرێمی کوردستان کە یاسا و پەرلەمانی خۆی هەبێت بەڵام بە پێی ماددە 2 لە دەستوری هەمیشەیی عێراق، نابێت هیچ یاسایەک لە عێراقدا دەربچێت پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامی بێت. ئەم تانەیەش کە لەو ماددەیە لەبەردەم دادگای فیدراڵی دراوە لە لایەن دادگای باری کەسێتی هەڵەبجەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوەبوو کە ماددەکە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامە."

ئەو پارێزەرە دەشڵێت" دەبێت هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوری عێراقی پابەند بێت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی چونکە "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەپێی ماددە(94 ) بڕیاری کۆتایین و شیاوی تانە لێدان نین."

بەڵام بە بڕوای ڕوبینە ئوملیک، ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، دەکرێت "ڕێگای یاسایی تر بدۆزینەوە" بۆ ڕووبەڕوبونەوەی ئەو بڕیارە و "دواتر وەک لیژنەی یاسایی و مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بەڵام بیریشمان نەچێت ڕێگای تر هەیە کە ژنان دەتوانن داوای جیابونەوە بکەن بەپێی یاسا."

هەروەها چالاکوانی مافەکانی ژنان ئاڤان فارس جاف دەڵێت، "ھیواخوازین کە ھەرێمی کوردستان پێوەی پابەند نەبێت. رێکخراوەکانی ژنان لە داھاتوو کاردانەوەی خۆیان دەبێت چونکە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان خاوەن یاسای مەدەنی و کراوەین بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان."

XS
SM
MD
LG