Accessibility links

چارەنووسی زیاتر لە 400 کەس کە بڕیاری لە سێدارەدانیان لە هەرێمی کوردستان بۆ دەرچووە بە نادیاری ماوەتەوە


لە هەرێمی کوردستان 416 کەس کە بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی سزاکانیانەوە چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە و لەبری لەسێدارەدان سزاکانیان بۆ کراوە بە زیندانی هەتاهەتایی.

هەندێک لە پسپۆڕانی یاسا پێشنیارێک دەکەن بۆ پەرلەمانی کوردستان کە لە ڕێگەی پرۆژە یاسایەکەوە ئەو کەسانەی کە بڕیاری سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە بەڵام 30 ساڵ زیندانیان تەواو کردووە و لەو ماوەیەدا سزاکانیان جێبەجێ نەکراوە، سزای لە سێدارەدانەکەیان لەسەر لاببرێت و چارەنووسی ئەوانی دیکەش یەکلابکاتەوە.

هێمن عەبدوڵا، مامۆستا لە بەشی یاسا لە زانکۆی هەڵەبجە، لە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە هەرێمی کوردستاندا 416 کەس سزای لەسێدارەدانیان هەیە و سزاکانیان بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم جێ بەجێ نەکراوە. ئەمەش پێچەوانەی دەقە یاساییەکانە. ئەگەر بڕیارە سزاکەیان ڕابگیرێت پێویستە لە ڕێگەی دادگای تەمیزەوە بێت. باشترین ڕێگەش بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو کەسانەی کە ئەو سزایانەیان وەرگرتووە لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوەیە، کە بە پڕۆژەیاسایەک ئەو کەسانەی 30 ساڵە لە زینداندان و لەو ماوەیەدا سزاکەیان جێ بەجێ نەکراوە ئازاد بکرێن".

لە هەرێمی کوردستان ماوەی 14 ساڵە سزاکە ڕاگیراوەو جێ بەجێ نەکراوە.

زانیار بەختیا، مامۆستایەکی تر لەکۆلێژی یاسای زانکۆی هەڵەبجە، دژی سزادانە بە لەسێدارەدان. ئەو لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێویستە ئەم سزایە هەڵبگیرێت دژی پرینسیپەکانی مافی مرۆڤە و هیچ ڕێگەیەک بە چاکسازی نادات بە مرۆڤەکان؛ لە ئەگەری کاراکردنەوەی پێویستە ئەم سزایە لە چوار چێوەی یاسای سزادانی عێراقدا بە فۆڕمێکی نوێ و لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا بەسەر ئەو کەسانەدا جێ بەجێ بکرێت کە تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن".

سەبارەت بە هۆکاری کارنەکردن بە سزای لەسێدارەدان یاخود نەسڕینەوەی لە یاسای سزاکانی هەرێمی کوردستاندا، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە هەریەک لەوتەبێژی دەستەی مافی مروڤی هەرێمی کوردستان و بەشی یاسای دەستەی مافی مروڤ بەڵام هیچ کام لە پەیوەندیەکان بەردەستنەبوون.

وە نوسینگەی هەڵەبجەی مافی مروڤ ڕایگەیاند کە ناتوانێت لێدوان بدات لەسەر ئەم بابەتە.

گۆران ئەسوەد، پارێزەر لە دادگای هەڵەبجە، سەبارەت بەهۆکارەکانی جێ بەجێ نەکردنی یاسکە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، " هیچ هۆکارێکی دیاریکراو نوسراو نیە کە بڵین بەم هۆکارە ڕاگیراوە. ئەم ڕاگرتنە شتێکی عورفی و زارەکیە لەسەر پێشنیاری سیاسیە باڵادەستەکان بووە بۆ پیشاندانی ڕوویەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بە وولاتانی ئەورووپی وڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کە هەرێمی کوردستانیش یاسای لە سێدارەدان جێ بەجێ ناکات ".

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:34 0:00

XS
SM
MD
LG