Accessibility links

داعش دەڵێت ڕێبەرە نوێیەکەی کوژراوە


داعش ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقوڕەشی ڕێبەری نوێیان لە شەڕدا کوژراوە و جێگرەوەکەیان دیاری کردووە. سەرچاوەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش هەواڵەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە.

گوتەبێژێکی داعش ڕایگەیاند ئەلهاشمی، کە هاووڵاتییەکی عێراقی بوو، لە "شەڕێکدا لەگەڵ دوژمنانی خودا" کوژراوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر ڕۆژی کوشتنەکەی یان شوێنی کوشتنەکەی بدات.

سەرچاوەیەکی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند ئەو سەرکردەیەی داعش لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا کوژراوە. بەڵام سەرچاوەکەی هەسەدەش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوە نەکرد لە کوێ و کەی کوژراوە.

لە لایەکی دیکە فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ڕایگەیاند "کوژرانی ئەبو ئەلحەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەیشی گورزێکی دیکەیە لە داعش. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەشکری سوریای ئازاد لە پارێزگای دەرعا لە سوریا ئەنجامی داوە. هێشتا ڕێکخراوی داعش جێی هەڕەشەیە بۆ ناوچەکە. هێشتا فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا و هاوبەشەکانی سەنگی دەخەنە سەر شکستهێنانی بەردەوامی داعش."

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زانا عومەر دەڵێت گومان دەکرێت ئەو لە ئیدلب کوژرابێت.

گوتەبێژەکەی داعش کە لە تۆمارێکی دەنگیدا پەیامەکەی بڵاوکراوەتەوە ڕێبەری نوێی گروپەکەی بە ئەبو ئەلهاشم ئەلحوسەینی ئەلقوڕەیشی، ڕاگەیاند.

وتەبێژەکە وردەکارییەکانی سەرکردە نوێیەکەی نەخستەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە جیهادییەکی "دێرین"ە و داوای لە هەموو گروپە دڵسۆزەکانی داعش کرد بەیعەتی پێ بدەن.

ئەبو ئیبراهیم قوڕەشی سەرکردەی پێشووی داعش لە مانگی دووی ئەمساڵدا لە هەڵمەتێکی ئەمەریکا بۆ سەر پارێزگای ئیدلب لە باکوری سوریا کوژرا.

پێشتریش ئەبو بەکر بەغدادی لە مانگی 10 ی ساڵی 2019 هەر لە ئیدلب کوژرا.

شایەنی باسە چەند مانگێک لەمەوبەر تورکیا ڕایگەیاند کە ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقوڕەشی، کە ئێستا هەواڵی کوشتنەکەی پشتڕاست کراوەتەوە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی تورکیاوە دەستگیرکراوە.

XS
SM
MD
LG