Accessibility links

تورکیا دەڵێت سوید هەنگاوی باشی ناوە بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ، بەڵام هێشتا بەس نییە


تورکیا دەڵێت حکومەتی نوێی سوید وا دیارە زیاتر هەوڵ بدات نیگەرانییە ئاسایشییەکانی ئەنقەرە چارەسەربکات لە پێناو ئەندامێتی ناتۆدا و داوای "هەنگاوی تۆکمە"ش دەکات.

مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ناتۆ لە بوخارست لەگەڵ هاوتا سویدی و فینلەندییەکانی کۆبووەوە.

ئەنقەرە ئەو دوو وڵاتەی باکوری ئەوروپا، بە تایبەتی ستۆکۆڵمی تۆمەتبار کردووە بە داڵدەدانی پەکەکە کە بە تیرۆرستیان دەزانێت بۆیە ئامادە نەبوو سەرباری ڕێککەوتنی مەدرید لە مانگی 6دا ئەندامێتیان پەسەند بکات.

چاوشئۆغڵو لە بوخارست بە پەیامنێرنی گوت " لێدوانەکانیان ( ئەوانەی سوید) باشن، خواستەکانیان باشە بەڵام پێویستە هەنگاوی تۆکمە بنێن."

وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی " پێمان گوتن هەنگاوی کۆنکرێتیمان نەبینیوە لەسەر ئەو پرسانە. لەوانە ڕادەستکردنەوەی تاوانباران و سڕکردنی سامانی تیرۆر".

تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید، بە گەشبینییەوە باسی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە کرد.

ئەو گوتی " پێویستە بڵێم هەستم کرد پاش ئەم کۆبونەوەیە، بەڵێ پێشوەچوون بەڕێوەیە."

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە بەرەو پێش هەنگاو دەنێین بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامە سێقۆڵییەی کە لە مەدرید واژۆکرا".

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە گەشبینییەوە وتی دڵنیایە کە سوید و فینلاند "بەم زووانە" دەچنە ناو ناتۆوە.

بلینکن ڕایگەیاند " تورکیا، سوید و فینلاند ڕاستەوخۆ و هەروەها لەگەڵ ناتۆ پەیوەندی دەکەن تا دڵنیابن لەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا بەتەواوی چارەسەربکرێن، لە نێویاندا نیگەرانییەکانی لەباری ئاسایشییەوە."

لە پاش شەڕی سەپێندراوی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید و فینلاند دەستبەرداری بێلایەنی سەربازی دەیان ساڵەی خۆیان بوون و بڕیاریان دا ببن بە ئەندم لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

پەسەندکردنی ئەم بڕیارە پێویستە بە کۆدەنگی لە نێو ئەو هاوپیەمانێتییە بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا هەیە، بەڵام هەتا ئێستا تەنها تورکیا و هەنگاریا ڕەزامەندییان لەسەر نەداوە.

XS
SM
MD
LG