Accessibility links

زانایان لە ئیسرائیل بانکی جین بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دروست دەکەن


ئایا دەکرێت کلیلی دەستەبەرکردنی دابینکردنی خۆراکی جیهان بۆ داهاتوو لە DNAی بەروبووم و دانەوەیلە و کشتوکاڵیە کێویەکاندا بێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە زاناکانی ئیسرائیل توێژینەوەی لەسەر دەکەن، زاناکان خەریکی دروستکردنی بانکی جینن لە تۆوی بەرهەمە کشتوکاڵیە کێویەکانی ناوخۆ. بەشێک لەو بەرهەمانە لە دوای دەستپێکردنی کشتوکاڵ هەزاران ساڵە لەمەوبەر ماونەتەوە. لەوانەیە تۆوەکان یارمەتی جووتیاران بدەن لە ساڵانی داهاتوودا مامەڵە لەگەڵ کەشوهەوای سەختدا بکەن.

ئالۆن سینگەر، پسپۆڕی ڕووەک، لەم دواییانەدا تۆوی لە چەند ڕووەکێک کۆکردۆتەوە کە لە نزیک پڕۆژەیەکی نوێی بیناسازی دۆزراوەنەتەوە.

تۆوەکان کە جۆرە جیاوازەکانی نەعنای ئاوی تێدایە، بەستوو دەکرێن و لە بانکی جینەکانی پەیمانگای ڤۆلکانی هەڵدەگیرێن کە ناوەندێکی نیشتمانی توێژینەوە و پەرەپێدانی کشتوکاڵییە لە ئیسرائیل.

ئێستا سینگەر و چەند کەسێکی دیکە بە وڵاتدا بەدوای گەنم و جۆ و بەرهەمە کێوییەکانی دیکەدا دەگەڕێن. ئامانج لێی پاشەکەوتکردن و لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی بۆماوەیی خۆیانە پێش ئەوەی بەرهەمەکان لەدەست بدرێن بە هۆی گەشەکردنی بیابانەکان و بینای زیاتر.

سینگەر دەڵێت "ڕووەکەکانی ئێرە زۆر ناوازەن، ئەوان باپیرانی زۆرێک لەو ڕووەکە چێنراوانەن کە لە ئەمڕۆدا بەکاردەهێنرێن".

دەتوانرێت زانیارییەکانی بەرهەمە کێوییەکان بەکاربهێنرێت بۆ دەستکاریکردنی بۆماوەیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ئەوەی بتوانن باشتر مامەڵە لەگەڵ نەخۆشی یان کەمی ئاودا بکەن.

دەیان هەزار جۆری جیاوازی تۆو لە بانکی جینی ئیسرائیلدا هەڵدەگیرێن. لەوانەیە لە هەندێک کۆمەڵە بچووکتر بێت لە شوێنەکانی تری جیهاندا هەیە بەڵام کۆکردنەوەی جینەکان لێرەدا بێوێنەیە لە جۆرەکانی دەیکە. بەرهەمەکان لە ناوچەیەکەوە هاتوون کە بە یەکەم شوێنی لەدایکبوونی چاندنی بەروبووم ناسراوە.

ئیناڤ مایزلیش گاتی، بەڕێوەبەری بانکی جینەکان دەڵێت "ئەمە ئەو شوێنەیە کە نزیکەی 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر تێیدا کشتوکاڵ دەستیپێکردووە". "ئەو جۆرانەی لێرە بۆ بەرهەم بەکاردێن هێشتا لە دەشت و کێودان هەن و بەدرێژایی ساڵان خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژینگەدا دەگونجێنن".

توێژینەوەکە پێشتر ئەنجامێکی باشی بەدەستهێناوە. بۆ نموونە زانایان گۆڕانکاریان کردوە جۆری جیاوازی گەنمیان بەرهەم هێناە تەمەنی کورتە. لەوانەیە ئەمڕۆ نەتوانێت ڕکابەری بکات، بەڵام دەتوانێت لە کەشوهەوای گەرمتردا یارمەتیدەر بێت کە وەرزی بەرهەمیان کەم دەبێت.

بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پێدەچێت زیان بە کشتوکاڵی جیهان بگەیەنێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەرییە زیانبەخشەکان لە ئێستاوە هەستیان پێدەکرێت لەگەڵ پلەی گەرمتر و ڕووداوە سەختەکانی کەشوهەوا و ڕوەکە داگیرکەرەکان و زیانبەخشەکانی زیاتر بڵاودەبنەوە.

ناسا موشەکێکی نوێی ئارتمیس بۆ سەر مانگ هەڵدەدات

موشەکی نوێی ناسا بۆ مانگ بەرەبەیانی چوارشەممە بۆ واڵایی هەڵدرا. موشەکی سیستەمی هەڵدانی واڵایی، یان SLS بەهێزترین موشەکە تا ئێستا دروستکراوە.

بەرزییەکەی 98 مەترە، موشەکەکە بە 4 ملیۆن کیلۆ گرام هێز بەرزبوویەوە و لە ماوەی چەند چرکەیەکدا گەیشتە 160 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. دەنگی موشەکەکە بیناکانی نزیک لە ناوەندی واڵاییی کێنێدی لە فلۆریدا هەژاند. نزیکەی 15 هەزار کەس تەماشای ئەو موشەکەیان دەکرد و خۆشیان دەردەبڕی کە ئاسمانی شەوی ڕووناک کردەوە.

هیچ کەشتیوانییەک لە یەکەم ئەرکی بەرنامەی ئارتمیسی ناسادا نەبوو. ئارتمیس ئامانجی ئەوەیە مرۆڤ بگەڕێنێتەوە سەر مانگ کەمێک زیاتر لە 50 ساڵ دوای نیشتنەوەی ئەپۆلۆ بۆ سەر مانگ. دوانزە کەشتیوانی ئاسمانی لە شەش ئەرکی ئەپۆلۆدا لە ساڵی 1969 تا 1972 گەشتوونەتە سەر مانگ و لەسەری ڕۆیشتوون.

بڕیارە ئەرکی ئارتمیس1 بۆ ماوەی 25 ڕۆژ بەردەوام بێت و سێ تاقیکردنەوە لە کەشتی ئاسمانی ئۆریۆندا ئەنجام بدرێت. ناسا هەستەوەری لەسەر داناوە بۆ پێوانەکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر جەستەی مرۆڤ.

پێویستە ئۆریۆن تا ڕۆژی دووشەممە بگاتە سەر مانگ کە زیاتر لە 370 هەزار کیلۆمەتر لە زەویەوە دوورە. ئۆریۆن بۆ 130 کیلۆمەتر لە مانگەوە دور دەبێت پێش ئەوەی بچێتە ناو خولگەیەکەوە کە نزیکەی 64 هەزار کیلۆمەتر دوورترە. ئەمەش زۆر دوورترە لە ڕووی مانگەوە لە چاو ئەو خولگانەی کە لە ئەرکەکانی ئەپۆلۆدا بەکارهێنراون.

هەروەها بڕیارە کەشتییە ئاسمانییەکە 10 سەتەلایتی بچووکی زانستی بڵاوبکاتەوە. یەکێک لە سەتەلایتەکان بۆ نەخشەی پارچە سەهۆڵەکانی سەر جەمسەری باشووری مانگ دروستکراوە، کە ئارتەمیس هیوادارە کەشتیوانانی ئاسمانی لەوێ بنیشێتەوە.

ناسا ئامانجی ناردنەکانی واڵایی بە دەوری مانگدا لە ئەرکی داهاتوودا لە ساڵی 2024 وە، دەزگای واڵایی هیوادارە مرۆڤەکان لەوێ بنیشێنێتەوە هەر لە ساڵی 2025 بە بەکارهێنانی نیشتنەوەی مانگ لە قۆناغی پەرەپێدانی لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەرکی ئارتەمیس1 تاقیکردنەوەی قەڵغانی گەرمی ئۆریۆنە. کەشتییە ئاسمانییەکە بە خێرایی 39 هەزار و 400 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەچێتەوە ناو بەرگەهەوای زەوی پێش ئەوەی لە زەریای هێمن بنیشێتەوە.

مایک سارافین، چاودێری ئەرکەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە “بە دڵنیاییەوە خۆشحاڵین کە ئێمە لەسەر ڕێگاین.” بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد و ووتی "من ئارام نابم تا بە سەلامەتی کارەکە ئەنجام دەدەین ".

ناسا ڕایگەیاندووە کە بەنیازە ژنێک و کەسێکی ڕەشپێست لە یەکەم کەشتیوانانی ئاسمانی بن کە لەسەر مانگ بنیشنەوە لە ئەرکەکانی داهاتووی ئارتمیسدا. ناسا چاوەڕێی ئەوە دەکات تا ئەم ئەرکە تەواو دەبێت پێش ئەوەی ئەو ئاسمانگەڕانە دەستنیشانکات کە لە ئەرکی داهاتوودا دەبن و ئەوانەی هەنگاوەکانی نیل ئارمسترۆنگ و باز ئەلدرینی ئەپۆلۆ 11 دووبارە دەکەنەوە. ئەوان یەکەم پیاو بوون کە لەسەر مانگ ڕۆیشتن، لە مانگی 7ی ساڵی 1969.

بەرنامەی ئارتمیسی ناسا بەلایەنی کەمەوە 37 ملیار دۆلاری تێچووی دەبێت. هەندێک لەو گروپانەی کە چاودێری خەرجییەکانی حکومەت دەکەن، تێچوونەکان دەخەمڵێنن تا ساڵی 2025 بگاتە 93 ملیار دۆلار.

بەرنامەکە ڕووبەڕووی دواکەوتنی زۆر بووەتەوە و تێچووی زیاتر لەوەی پلانی بۆ دانراوە. بڕیار بوو موشەکی SLS تا ساڵی 2017 یەکەم تاقیکردنەوەی خۆی بگەێنێتە واڵایی، هەڵدانی تاقیکاری لە مانگەکانی 8 و 9دا کورتکرایەوە. پاشان، زریانێکی بەهێز و کێشەی تەکنیکی زیاتر هەڵدانی بۆ 10 هەفتە دواخست.

ناسا هیوادارە تا کۆتاییەکانی 2030 یان سەرەتای 2040 بنکەیەک لەسەر مانگ دابمەزرێنێت و کەشتیوانی بۆ هەسارەی بارام بنێرێت.

توێژینەوە: سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئۆتۆمبێل و سوکان بە ڕێژەی لە٪50 ڕووداوی ئۆتۆمبێل کەم دەکاتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ئەو ئامرازانەی کە بۆ ئاگادارکردنەوەی شۆفێران و وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە دۆخی نائاساییدا دروستکراون، یارمەتیدەر بوون لە کەمکردنەوەی ڕوودانی ڕووداوەکان بە ڕێژەی نزیکەی لە٪50.

توێژینەوەکە یەکێکە لە گەورەترین توێژینەوەکانی جۆری خۆی بۆ پشکنینی کاریگەری سیستەمی یارمەتیدانی شۆفێر.

توێژینەوەکە لەلایەن هاوبەشی توێژینەوەی شیکاری سەلامەتی هاتوچۆ PARTS ئەنجامدراوە. ڕێکخراوەکە هاوبەشیی نێوان کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و بەڕێوەبەرایەتی سەلامەتی هاتوچۆی ڕێگاوبانی نیشتمانی وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکایە.

بۆ توێژینەوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل داتای ئامێرەکانی ئۆتۆمبێلیان لەسەر 93 مۆدێلی جیاوازی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2015 تا 2020 دابینکردووە. ئەم زانیاریانە لەگەڵ ئەو زانیاریانە کۆکراونەتەوە لەسەر زیاتر لە 12 ملیۆن ڕووداوی هاتوچۆ لە 13 ویلایەتی ئەمریکادا ڕاپۆرتکراون.

یەکێک لەو تەکنەلۆژیایانەی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە ناوی ئاگادارکردنەوەی پێکدادانی پێشەوەیە. کۆلیسۆن وشەیەکی ترە بۆ پیکدادان. ئەم سیستەمە کامێرا و ڕادار و ئامرازە تەکنەلۆژییەکانی دیکە بەکاردەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر مەودای سەلامەتی لێخوڕین. شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەیان زۆر لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکەی پێش خۆیان نزیک بێتەوە.

ئامرازێکی دیکەی پەیوەندیدار بە یارمەتیدانی شۆفێر بە وەستانی ئۆتۆماتیکی ناسراوە. ئەم سیستەمە بۆ دەستنیشانکردنی مەترسییەکانی ڕووداوی هاتوچۆ کە ئۆتۆمبێلەکانی پێشەوە دەگرێتەوە. ئەو ئامێرە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئۆتۆمبێلێک خاو بکاتەوە یان بیوەستێنێت ئەگەر هەست بە مەترسی دەستبەجێی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکان بکات.

توێژینەوەکەى گروپی PARTS دەریخستووە کە ڕووداوەکانی پێشەوە و دواوە بە ڕێژەی لە٪49 کەمبوونەتەوە کاتێک ئۆتۆمبێلەکە هۆشداریی پێکدادانی پێشەوە و وەستانی ئۆتۆماتیکی هەبووە. هەروەها سیستەمەکان ڕووداوی ئۆتۆمبێلەکانیان کەمکردووەتەوە کە لە ئەنجامدا بە ڕێژەی لە٪53 تێیدا برینداربوون.

هەروەها توێژینەوەکە پێشنیاری کردووە کە سیستەمی وەستانە ئۆتۆماتیکیەکان لە زۆر بارودۆخدا کارێکی باشیان هەبێت، لەوانە خراپی کەشوهەوا و کەمی ڕووناکی.

هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەکنەلۆژیایان بۆ دابین کراوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان لە هێڵی لێخوڕینی خۆیاندا بمێننەوە "کاریگەرن لە کەمکردنەوەی ڕووداوی تاکی ئۆتۆمبێل کە دەبێتە هۆی برینداربوونی سەخت.

ئێستا زۆرێک لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە لە هەندێک مۆدێلی ئۆتۆمبێلدا دادەنێن. بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دروست کراوە ئۆتۆمبێلێکان لە هێڵەکانی هاتوچۆدا لە ناوەڕاستدا بمێنێتەوە. لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە ئەم ئامرازانە بە ڕێژەی لە٪8 ڕووداوەکان کەم دەکەنەوە کە ئۆتۆمبێلەکان لە ڕێگا دەردەچن.

تیم زاپ نوێنەری پیشەسازییە لە دەستەی کارگێڕی PARTS هەروەها وەک بەڕێوەبەری باڵای گروپی ئۆتۆمبێلی ستێلانتس کە بنکەکەی لە ئەوروپایە کاردەکات. لە بڵاوکراوەیەکدا ووتی نوێترین توێژینەوە دەریدەخات تەکنەلۆژیاکانی یارمەتیدانی شۆفێر "دەتوانن ژمارەی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکەنەوە و دەرئەنجامەکانی سەلامەتی باشتر بکەن".

چاپ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامەکان "کاریگەری جیهانی ڕاستەقینە" نیشان دەدەن کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە برینداربوون و لەدەستدانی ژیان.

لەم دواییانەدا توێژینەوەیەکی جیا ئەنجامێکی هاوشێوەی پێشکەش کرد. ئەو توێژینەوەیە سەنگیی لەسەر ئەو ڕووداوانە بوو کە ئۆتۆمبێلی پیکاپ تێیدا بەشداربوون. دامەزراوەی بیمەی سەلامەتی ڕێگاوبانەکان (IIHS) توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە. بۆی دەرکەوتووە سیستەمی وەستانی ئۆتۆماتیکی ڕێژەی پێکدادانی دواوەی ئۆتۆمبێلەکانی پیکاپی بە ڕێژەی لە٪43 کەمکردووەتەوە.

توێژینەوەکە چەندین مۆدێلی پیکاپ و داتای ڕووداوەکانی 25 ویلایەتی لە ساڵی 2017 تا 2020 کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕاپۆرتکراون لەخۆگرتووە.

جێسیکا سیچینۆ سەرکردایەتی توێژینەوەکانی IIHS ی کرد. ئەو لە بڵاوکراوەیەکدا باسی لەوە کردووە لە ئێستادا پیکاپەکان 1 لە هەر 5 ئۆتۆمبێلی سەرنشین لە ڕێگاکانی ئەمریکا پێکدەهێنن.

سیچینۆ دەڵێت، بەو پێیەی ئەم ئۆتۆمبێلانە گەورەتر و قورسترن، دەتوانێت "مەترسیدارتربێت بۆ کەسانی ئۆتۆمبێلی بچووکتریان پێیە".

ووتیشی هەرچەندە ئۆتۆمبێلە پیکاپەکان مەترسی زیاتریان هەیە، بەڵام "بەرهەمهێنەران خاو بوون لە دروستکردنی بە وەستانی ئۆتۆماتیکی و سیستەمی دیکەی خۆپاراستن لە ڕووداوەکان".

سیچینۆ ئامۆژگاری کرد کە "تا خێراتر کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل بتوانن دڵنیابن لەوەی هەموو پیکاپێک کە دەیفرۆشن ئەم تایبەتمەندییە سەلامەتییە گرنگەی هەیە، باشترە".

هەردوو توێژینەوە نوێیەکە کاریگەری هەندێک لە نوێترین سیستەمەکانی یارمەتیدانی شۆفێر پشتڕاست دەکەنەوە. ئەوان بەدواداچوونیان بۆ توێژینەوەیەکی دیکەی ئەم دواییەیان کرد کە پێشنیاری ئەوە دەکات زۆرێک لەو شۆفێرانەی ئەم جۆرە ئامرازانە بەکاردەهێنن زۆرجار مامەڵە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن وەک ئەوەی بە تەواوی خۆ لێبخوڕن.

ئەو توێژینەوەیە کە لەلایەن IIHS یشەوە ئەنجامدراوە، هۆشداری ئەوەی داوە کە ئەو شۆفێرانەی متمانەی زۆریان بە تەکنەلۆژیای یارمەتیدانی شۆفێران هەیە، خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ڕووداوی سەخت. زۆرینەی شۆفێرانی توێژینەوەکە ڕایانگەیاندووە، ئەگەری ئەوە زیاترە چالاکییەکانی ئەنجامبدرێت پەیوەست بە شۆفێریەوە نەبێت، وەک خواردن یان نامە ناردن، لەکاتی بەکارهێنانی ئامێرەکاندا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:08 0:00

XS
SM
MD
LG