Accessibility links

بولگاریا 5 کەس لە پەیوەندی بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ تۆمەتبار دەکات


ئیڤان گێشێڤ، سەرۆکی داواکاری گشتی بولگاریا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، پێنج کەسیان تۆمەتبارکردووە بە پشتگیریکردن لە کردەوە تیرۆریستییەکان کە پەیوەندیان بە تەقینەوەکەی ناوەڕاستی ئەستەنبوڵەوە هەبووە کە لە 13ی ئەم مانگەدا ڕوویداو شەش کەسیشی تێدا کوژرا.

گێشێڤ ڕاگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی تایبەتی بولگاریا لەم هەفتەیەدا سێ پیاوی بە ڕەچەڵەک ماڵدۆڤی و ژن و پیاوێکی بە ڕەچەڵەک کوردی سووریایان دەستبەسەر کردووە، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوە و هاوکاری نزیک لەگەڵ داواکاری گشتی لە وڵاتی تورکیای دراوسێ.

گێشێڤ وتی "پێنج کەس تۆمەتبار کراون. تۆمەتەکان دوو جۆرن، کە یەکێکیان پشتیوانیکردن لە کردەوە تیرۆریستییەکانە لە وڵاتێکی دیکە، ئەویش هێرشەکەی ئەستەنبوڵ، وئەوەی تریان بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان تا رادەیەکی سەرەکی لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەڕێگەی تورکیا و قاچاخچێتییەوە بەشداربوون.

دادگایەکی بولگاریا ڕۆژی شەممە لە دانیشتنێکی داخراودا بڕیاریدا کە ئەو چوار کەسە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە دەستبەسەری پێش دادگاییکردندا ڕابگیرێن، و ڕایگەیاند کە بەڵگەی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکان تۆمەتباربکرێن.

داواکارانی گشتی داوای لە دادگا نەکردووە کە ژنەکە لە دەستبەسەریدا بمێنێتەوە بەهۆی بارودۆخی تەندروستیەوە.

لە شاری چیسیناو وەزارەتی دەرەوەی مۆڵدۆڤا پشتڕاستی کردەوە کە سێ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون.

دانیال ڤۆدا، نوێنەری وەزارەتەکە وتی: وڵاتەکەمان بە توندی سەرکۆنەی هەر کارێکی تیرۆریستی دەکات، کە بریتین لە ئەوانەی لە ئەستەنبوڵ ئەنجام درا.

گێشێڤ وتیشی: داواکارانی گشتی تورکیا پێشتر داوای ڕادەستکردنەوەی بەشێک لەو کەسانەیان کردووە کە گومانیان هەیە لە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ دەستیان هەبوبێت.

ڕۆژی هەینی دادگای تورکیا بڕیاری دەستگیرکردنی 17 کەسی دەرکرد کە گومانی تێوەگلانیان لە تەقینەوەکەدا لێی دەکرێت، لەنێویاندا گومانلێکراوی بۆمبڕێژکردنەکە، کە پۆلیس ناسنامەکەی بە ئەحلام ئەلبەشیری ڕەگەزنامەی سووری ڕاگەیاندووە.

تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە، کە بە هۆیەوە زیاتر لە 80 کەسیش لە شەقامی ئیستیقلال بریندار بوون.

حکومەتی تورکیا دەستبەجێ تەقینەوەکەی خستە ئەستۆی شەرڤانە کوردەکانی سوریاوە، و پۆلیسیش ڕایگەیاندووە کە ئەحلام ئەلبەشیر گومانلێکراوی سەرەکی لەلایەن چەکدارە کوردەکانی سوریاوە مەشقی پێکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG