Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا 4 سەرباز کوژران و سەربازێک بریندار بوو


سوپای سوریا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی ناوەڕاست و کەناراوەکانی سوریایان کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار سەرباز کوژران و سەربازێکیش برینداربوو.

میدیای دەوڵەت لە زاری بەرپرسێکی سەربازی سوریاوە بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کە بەسەر دەریای ناوەڕاستدا دەفڕین، مووشەکیان بەرەو پێگە سەربازییەکان لە کەناراوەکان و ناوەڕاستی سوریا هەڵداوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە پارێزگای لازقیەی سەر کەنار و ناوچەکانی حەما و حومس لە ناوەڕاستی سوریا بیستراوە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەخستە ڕوو.

ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا، بەڵام بە دەگمەن دان بەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەدا دەنێت یان لێدوان لەبارەیانەوە دەدات.

بەڵام ئیسرائیل دانی بەوەداناوە کە بنکەکانی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران دەکاتە ئامانج، وەک حزبوڵای لوبنان کە هەزاران چەکداری ناردووە بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا.

لە 13ی ئەم مانگەدا لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوەڕاستی سوریا کە بنکەی سەربازی ئەلشعیراتی کردە ئامانج، دوو سەرباز کوژران و سێ سەربازیش بریندار بوون.

سەرچاوە: AP

XS
SM
MD
LG