Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: ئێران مەترسی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات


نووسینگەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە میانی گەشتێکی ناوچەییدا کە لە ڕۆژی شەممەوە دەستپێدەکات گوتی، ئێران مەترسی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات.

کلیڤەرلی هەروەها ڕەخنەی لە ڕووسیاش گرت و گوتی هیچ وڵاتێک بێبەری نییە لە کاریگەرییەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراک. گوتیشی پابەند دەبێت بە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانانی ناوچەکە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە کۆنفرانسێکی ئەمنیدا لە بەحرەین ڕۆژی شەممە کلیڤەرلی گوتی" چەکی دابینکراو لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشە لە هەموو ناوچەکە دەکات. ئەمڕۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە هەموو کاتێک پێشکەوتووترە و ڕژیم پەنای بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیا بردووە کە خەڵکی سڤیل لە ئۆکرانیا دەکەنە ئامانج."

گوتیشی "بەریتانیا سوورە لەسەر ئەوەی شانبەشانی دۆستانمان کاربکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران و ڕێگەگرتن لە بە قاچاخبردنی چەکی نایاسایی، هەروەها بۆ ڕێگری لە توانای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕژێمەوە."


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG