Accessibility links

ئەو وەستایە کێ بوو کە سیستەمە غازیە کارەساتبارەکەی لە ماڵەکەی سلێمانی دانابوو؟


لە ڕووداوەکەی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی کە بەهۆی تەقینەوەی غاز لە ماڵێکدا 27 گیانیان لەدەستدا یان برینداربوون، کەسێک بە ناوی حسێن گوڵکار کە وەک دەڵێن وەستای دانانی سیستەمی غاز بووە و خزمێکی خاوەن ماڵەکە بووە؛ ئەویش گیانی لەدەستداوە.

حسێن گۆڵکار، خەڵکی شاری بانەیە و ساڵانێکە لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری سلێمانی دەژیا.
نووسەر ساڵح بێچار کە هاوڕێی نزیکی حسێن گوڵکار بووە بە دەنگی ئەمەریکای وت "حسێن گوڵکار لەگەڵ ئەوەی وەستای دانانی سیستەمی غاز بووە، هاوکات ژەنیاری ئامێری زەڕب، وەرزشوانی تایکواندۆ و هاوکات خۆشنووس بووە. بەدەر لەوەی خاوەن قەڵەم و نووسین بووە، بە تایبەت تەنز نووسێکی بە توانا بووە، وە وەرگێڕانی کردووە لە کوردییەوە بۆ فارسی و بە پێچەوانەشەوە. ئەو خاوەنی کچ و کوڕێکە و هەردووکیان ئەندازیارن، و هاوسەرەکەشی کە لەکاتی ڕووداوەکەدا لەگەڵیدا بووە بریندابووە."
ئاماژەی بەوەش کرد " حسێن ئەزموونی زیاتر لە 40 ساڵی هەبووە لە دانانی سیستەمی غازی ماڵاندا."

هاوکات حاجی ڕێبوار کە ئامۆزای خاوەن ماڵەکەیە و خزمی حسێن گوڵکارە، پێی ڕاگەیاندین "سیستەمی غازی ئەو ماڵە پێش چەند ساڵێک لەلایەن خۆیەوە (حسێن گوڵکار) دانرابوو، بەڵام ماڵەکە کاریان پێ نەکردبوو، تا بەر لە دوو ڕۆژ کاتێک تەنکی سەربانەکە پڕ دەکەن لە غاز و دەیانەوێت سیستەمەکە بخەنە کار. دەبینن کێشەی لێچوونی غاز لە سیستەمەکەدا هەیە، بۆیە پەیوەندی دەکەن بە وەستاکە تا بتوانێت بۆیان چاک بکات، بەڵام لە کاتی کارکردندا غازەکە دەتەقێت و ئەو ڕووداوە ڕوودەدات، کە بە پێی قسەی خۆیان دەڵێن بەهۆی پەنگ خواردنی غازەوە بووە لە ماڵەکەدا."

لە لایەکی دیکە عەمید دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند وتی وەستاکە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی فەرمی نەبووە و دەستکاری سیستەمی غازی ماڵەکەی کردووە و بووە هۆی لێچوونی غاز و ئەم کارەساتە ڕوویداوە.



XS
SM
MD
LG