Accessibility links

ئەردۆغان و نەتانیاهۆ باس لە پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا دەکەن


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، کە لەم مانگەدا جارێکی تر هەڵبژاردنی بردەوە، ڕاگەیاند گرنگە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بپارێزرێن.

نوسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە نەتانهاهۆی گوت دڵگرانە" بەو ڕووداوانەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە کەناری ڕۆژئاوا ڕوویاندا."

نەتەنیاهۆش دڵگرانی دەربڕی بۆ قوربانیانی تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە ئەستەنبوڵ.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ماوەیەکە ئاڵۆزبووە.

پارتی لیکودی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هەردوو ڕابەر کۆکبوون لەسەر پێکەوە کارکردن بۆ دامەزراندنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل." هەروەها گوتیشی ئەوان باسیان لە چۆنییەتی بەهێزکردنی ئابوری و پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیش کردووە.

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندییە دوولایەنکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا ئاڵۆزییەکی زۆری تێکەوتووە. سەردانەکەی ئەم ساڵی سەرۆکی ئیسرائیل ئیسهاق هەرزاگ بۆ ئانکەرە یەکەم گەشتی ڕابەرێکی ئیسرائیلی بوو بۆ تورکیا لەوەتای ساڵی 2008 وە.

زیاتر لە دە ساڵە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا گرژ بووە، ئانکەرە لە پاش هەڵمەتەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتییەکی کەلوپەلی فریاگوزاری بۆ غەززە، باڵیۆزی ئیسرائیلی لە وڵاتەکەی دەرکرد. لەو هێرشەدا دە هاووڵاتی تورک کوژران.

بەڵام پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵی 2016 وە دامەزرانەوە، هەرچەندە دوو ساڵ پاش ئەوەو لە ساڵی جارێکی تر تورکیا دیپلۆماتەکانی لە تورکیا کشاندەوە و شاندی ئیسرائیلیشی دەرکرد پاش ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک فەلەستینییان لە خۆپیشاندانەکانی کەرتی غەززە کوشت.

هەردوو وڵات لەمساڵدا باڵیۆزیان بۆ وڵاتەکان دەستنیشان کردەوە.

XS
SM
MD
LG