Accessibility links

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم: چاوەڕێی پەرلەمانین بۆ دانانی جێگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان


پەرلەمان
پەرلەمان

هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە پاش کشانەوەی ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانی هەرێم سەرەتای ئەم مانگە، پێویستە کورسیە بەتاڵەکان بە پێی ڕێوشوێنی یاسایی دەزگاکە پڕبکرێنەوە.

هەندرێن محەمەد ڕایگەیاند، " چاوەڕێیین پەرلەمان داوامان لێبکات بۆ ناردنی ناوی ئەو کاندیدانەی دەچنە شوێنی پەرلەمانتارە دەسلەکارکێشاوەکان."

سەرەتای ئەم مانگە پێنج پەرلەمانتار لە فراکسۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، وە پێشتریش شایان عەسکەری لە فراکسیۆنی گۆڕان، کشانەوی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان. لە هەمانکاتدا، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوتر 12 پەرلەمانتار ڕایانگەیاند کە بایکۆتی پەرلەمان دەکەن وەک ناڕەزایی دەربڕین دژ بە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان بۆ ساڵێک.

کۆی ژمارەی پەرلەمانتارانی هەرێم 111 ئەندامە. لە ئەگەری پڕنەکردنەوەی کورسییە چۆڵەکان، ڕوننیە کە پەرلەمان بە 93 ئەندام بەشێوەیەکی یاسایی کارەکانی بەڕێبکات.

هەندرێن محەمەد ڕایگەیاند كه‌ بۆ ئەو ئەندامانەی "نەچونەتە" پەرلەمان بەڵام لیستەکەیان نەکشاوەتەوە، پێویستە ئەندامی نوێ له‌هه‌مان لیست دیاری بکرێن.

ئه‌گه‌ر هه‌موو كاندیده‌كانی لیستێک نه‌چوونه‌ په‌رله‌مان ئه‌وكاته‌ ئه‌و لیسته‌ پێی ده‌وترێت "هه‌موو كاندیده‌كانی نافز بوون" وە پێویستە كورسیە بەتاڵەکانی ئەو لیستە به‌سه‌ر هه‌موو حزبه‌كانی تر كه‌ له‌ په‌رله‌مان ماون، به‌پێی ده‌نگی حزبه‌كان و زۆرینه،‌ دابەشبکرێت.

بە پێی ئەم ڕونکردنەوەیەی هەندرێن محەمەد بێت یەکگرتووی ئیسلامی، کە خاوەنی پێنج ئەندام پەرلەمان بوو، تەواوی کورسیەکانی بەسەر حزبەکانی تردا دابەش دەکرێت.

جگە لە فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هاوکات فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ هەفتەی ڕابردوو بڕیارییان دا دانیشتنەکانی پەرلەمان بایکۆت بکەن. نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی دەستییان لەکارکێشاوەتەوە، کۆمەڵی دادگەری و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بایکۆتییان ڕاگەیاند.

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ڕایگەیاند، "هه‌تا ئێستا په‌رله‌مان ئاگاداری نه‌كردوینه‌ته‌وه‌. ماوه‌ی مانگێک له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانه‌ بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگادار بكاته‌وه‌. ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ ده‌توانین به‌ ماوه‌ی یه‌ک ڕۆژ وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه‌."

لەدوای تەواو بوونی وادەی یاسایی پەرلەمانی هەرێم، وابڕیارە پەرلەمانی هەرێم کۆبونەوەکانی خۆی دەستپێبکاتەوە. بەڵام بە وتەی سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی هەرێم بۆ دەنگی هەرێم تا ئێستا دەسلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانە نەخراونەتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.

دەربارەی ئەو 12 پەرلەمانتارەی کە پێشتر بایکۆتیان ڕاگەیاندبوو، هەندرێن محەمەد وتی، "ئه‌وانه‌ قسه‌ی ڕاگه‌یاندنن؛ ده‌بێت یه‌كه‌مجار ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بایكۆت ده‌كه‌ن، بایكۆتیش ڕێكاری خۆی هه‌یه.‌ ئه‌گه‌ر له‌ سێ دانیشتن ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌وكاته‌ به‌ ده‌ستله‌كار كێشاوه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت و كورسیه‌كه‌ی په‌رله‌مان به‌ به‌تاڵ ئه‌ژمار ده‌كرێت. "

جێی وەبیرهێنانەوەیە، بە پێی ئەو وادەیەی مانگی یەکی ئەمساڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکرد، دەبوو هەڵبژاردن لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرابایە. وادەی یاسایی پەرلەمان و سەرۆکایەتییەکانیش لە 6ی مانگی 11 ی ئەمساڵ تەواو بوو.

جگە لە پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش 23ی 12ی 2019 ماوەی یاسایی کۆتایی هات بەبێ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بتوانێت کۆمسیۆنێکی نوێ هەڵبژێرێت.

XS
SM
MD
LG