Accessibility links

دوو خۆپیشاندەر بە تۆمەتی سوتاندنی شوێنی حکومی لە گەرمیان بە 4 ساڵ زیندانیکردن سزا دران


بە تۆمەتی دەستهەبوون لە سوتاندنی پرسگەی قایمقامیەتی قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە فەرمانگەی تاپۆی قەزاکە، دوو خۆپیشاندەر بە ناوەکانی (سابر ئەحمەد، عەبدوڵا هیوا) لەلایەن دادگای نەوجەوانانی ناوچەی کەرکوک/گەرمیان هەریەکەیان بە 4 ساڵ زیندانیکردن سزادران. ئەم دوو گەنجە کە نەوجەوان بوون و تەمەنیان 16 ساڵ بووە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە، ئێستا ڕەوانەی گرتووخانە کراون بۆ بەسەربردنی حوکمەکانیان و پارێزەرەکانیشیان سەرقاڵی تەمیزکردنەوەی بڕیارەکەن.

لە خۆپیشاندانێکی ساڵی 2020 دا، خۆپیشاندەران هێرشیانکردە سەر بینای قایمقامیەتی کەلار و تاپۆی قەزاکە، پرسگەی قایمقامیەت و بەشێکی کەم لە بینای تاپۆ، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی حکومی و ئۆتۆمبێلی پۆلیسێک سوتێنران، دواتر قایمقامیەت و تاپۆی قەزای کەلار سکاڵایان تۆمار کرد، ڕۆژی 8 ی ئەم مانگە، دادگای نەوجەوانانی ناوچەی کەرکوک/گەرمیان، دوو گەنجی تەمەن 16 ساڵی لەسەر ئەو دۆسیەیە بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادا.

قانع ئەحمەد برای یەکێک لە دوو گەنجە سزادراوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"کاتی خۆپیشاندانەکەی ساڵی 2020 براکەم گیرا و بە کەفالەتی 5 ملیۆن دینار ئازاد کرا، لە ڕۆژی 8ی مانگی یازدە بانگکران و وامانزانی بۆ شاهێدی دانە، پارێزەرمان نەگرتبوو، کەچی 4 ساڵ حوکمدرا."

دوو گەنجە سزادراوەکە، لە بەردەم دادوەردا دانیان بەدەستهەبوون لە سوتاندنی پرسگەی قایمقامیەت و بینای تاپۆدا ناوە، بۆیە هەریەکەیان و لەسەر سوتاندنی یەکێک لەو دوو فەرمانگە سزادراون، دوای سزادانیشیان، ڕەوانەی گرتووخانە کراون و پارێزەرەکانیشیان سەرقاڵی تەمیزکردنەوەی دۆسیەکەن.

سزادانی دوو گەنجە خۆپیشاندەرەکە لەکاتێکدایە، پەرلەمانی کوردستان یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانی دەرکردووە، بەپێی یاساکە سزای خۆپیشاندەر لە حاڵەتی زیان گەیاندن دا بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی، مانگێک حوکمدران و غەرامە کردنە، بەڵام هەر لە یاساکەدا، دادوەریش دەستکراوە کراوە، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی هاوشێوەدا بکات، کە ئەمەیان سزاکەی زیاترە.

نەشاد عومەر پارێزەری گەنجە سزادراوەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"سێ تۆمەت ئاڕاستەی دوو گەنجە خۆپیشاندەرە سزادراوەکە کرا، تۆمەتی سوتاندنی پرسگەی قایمقامیەتی کەلار و زیان گەیاندن بە تاپۆی کەلار و سوتاندنی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک، سکاڵاکارەکان قایمقامیەت و تاپۆ و هاوڵاتییەکە بوون."

گوتیشی"یەکێک لە خۆپیشاندەرە سزادراوەکان کە من پارێزەریم، لەسەر دەست هەبوون لە سوتاندنی بەشێک لە پرسگەی قایماقمیەت بە 4 ساڵ سزادرا."

حوکمدانی دوو گەنجە خۆپیشاندەرەکە، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هێناوەتە سەرخەت و لە ڕێگەی دەستپێکردنی هەڵمەتێک لە سۆشیال میدیا، داوای ئازاد کردنیان دەکەن، بەرپرسانی فەرمانگە سکاڵا کارەکانیش، ڕەتیدەکەنەوە بە دیاریکراوی سکاڵایان لەسەر ئەو دوو گەنجە تۆمار کردبێت.

ئەکرەم ڕەزا بەڕێوەبەری فەرمانگەی تاپۆی کەلار، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"کاتێک بەشێک لە بینای تاپۆ و ئۆتۆمبێلێکمان سوتا، ئێمە سکاڵامان لەسەر کەسی دیاریکراو تۆمار نەکردووە، بەڵکو لەسەر داوای وەزارەت، سکاڵا لەسەر سوتێنەری بیناکەمان تۆمارکراوە، چونکە تاپۆ موڵکی گشتییە و ئێمەش بەرپرسین لەوێ."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، کەسوکاری دوو گەنجە سکاڵاکارەکە، پێشبینی حوکمدانی کوڕەکانیان نەکردووە و پارێزەریان بۆ نەگرتوون، بەڵام لە ئێستادا چەند پارێزەرێکیان گرتووە و سەرقاڵی تەمیز کردنەوەی دۆسیەکانیانن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:19 0:00
XS
SM
MD
LG