Accessibility links

وەزارەتی دەرەوە کوشتنی هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی لە بەغدا پشتڕاست دەکاتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە پشتڕاستیکردەوە، هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی لە بەغدا کوژراوە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی پۆلیسی عێراق ڕایگەیاند کەسێکی ئەمەریکایی لە هەوڵێکی شکستخواردووی ڕفاندندا کوژراوە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن دەتوانن پشتڕاستی بکەنەوە هاووڵاتییەک بەناوی ستیڤن ترۆل لە بەغدا گیانی لەدەستداوە بەڵام وردەکاری زیاتریان نەخستەڕوو و سەرەخۆشییان لە کەسوکاری کرد و دەشڵێن "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان دەکەین بۆ هۆکاری مردنەکەی".

بەپێی سەرچاوەکانی پۆلیسی عێراق، هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی ڕۆژی دووشەممە لە ناوەڕاستی بەغدا کوژراوە، دوای هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ ڕفاندنی. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تەرمەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک ناوچەی کەڕادەی پایتەخت و لە ڕاپۆرتی سەرەتایی نەخۆشخانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گیانلەدەستدانەکە بەهۆی برینداربوونی بە فیشەک بووە. بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکان سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لێکۆڵێنەوەی لە ڕووداوەکە کردووە.

ڕێکخراوی فریاگوزاری و گەشەپێدانی ملینیەمی بنکە لە تێکساس لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت " دڵگرانین بەو تراژیدیایەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاوکارەکەمان لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە بەغدا، عێراق. ئەو لەلایەن هێرشبەرە چەکدارەکانەوە تەقەی لێکراو کوژرا لە کاتێکدا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەسەر کوشتنەکەی و مەبەستی هێرشبەرەکان لەم کاتەدا ڕوون نییە."

ئەو ڕێکخراوە خێروازە دەشڵێت " هاوکارەکەمان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە پەیمانگایەکی ناوخۆیی فێربوونی ئینگلیزی، پەیمانگای جیهانی ئینگلیزی، کاری دەکرد. بەڕێوەبەری بەشی بانگەشە و ڕیکلامەکانی دەکرد لە کاتێکدا هاوسەرەکەی بەڕێوەبەری پەیمانگە بوو."

ستیڤن ترۆڵ لە یەکێک لە تویتەکانی ساڵی 2018ی دا نوسیویەتی " چەندە پێمان خۆش بوو سەردانی بەغدامان کرد!!! گەنجینەی عێراق گەلەکەیەتی."

بەشێک لە ڕووناکبیران و چالاکوانان کاردانەوەیان هەبووە بەرامبەر کوشتنی ئەم مامۆستایە لە عێراق. یەکێک لەوانە عادل باخەوان پسپۆڕی کاروباری توندڕەوی و ئیسلامی سیاسی بنکە لە فەرەنسا هەر پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی ستیڤن ترۆڵ لە تویتێکدا پرسیاری ئەوەی کرد " کوشتنی ئەم مامۆستایە لە خزمەتی چ ئەجێندایەکدایە؟"

ڕێکخراوی فریاگوزاری و گەشەپێدانی ملینیەم لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت ستیڤن " خەڵکی عێراقی خۆش دەویست و ئەمەش هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی هەوڵ بدات بە باشترین شێوە کارەکانی بکات."

شایانی باسە پاش یەک ساڵی ململانێی سیاسی و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی ڕابردوودا حکومەتی نوێی عێراق دەستبەکاربوو. بە پێی شارەزایان یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم ئەم حکومەتە بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەکدارەکان و سەقامگیری بارودۆخی ئاسایشییە لە عێراق.

XS
SM
MD
LG