Accessibility links

ڕوسیا و سوریا هێرشەکانیان لە ئیدلب چڕتر دەکەنەوە


چاودێران و شایەتحاڵانی جەنگ ڕایانگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکەکانی ڕوسیا کەمپەکانی ئۆپۆزسیۆنیان لە نزیک شاری ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا بۆردومانکردووە و هێزەکانی حکومەتی سوریاش هەمان کەمپیان تۆپبارانکردووە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی حکومەتی سوریا 30 موشەکیان ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن کردووە، لەنێویاندا کەمپی مەرام و کەمپەکانی دیکە لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای ئیدلب.
روانگەکە ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و تۆپبارانە هاوبەشەکانی سوریا لانیکەم ٩ کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون. هەروەها ڕایگەیاندووە کە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لە وەڵامدا پێگەکانی حکومەتیان لە ناوچەکانی سەراقیب و ڕۆژهەڵاتی ئیدلب و دەشتی ئەلگاب بە تۆپ و مووشەک کردووەتە ئامانج.
سەرچاوە ئۆپۆزسیۆنەکان هەروەها ڕایانگەیاند کە هاوپەیمانێتی گرووپە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی ڕێکخراوی جیهادی هەیئەت تەحریر ئەلشام و بە سەرۆکایەتی یاخیبووانی سەر بە تورکیا هێرشیان کردە سەر چەند ناوەندێکی سەرەکی سوپای سوریا لە ناوچەکە.
ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی سوپای سوریا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی هێرشەکان نەداوە، بەڵام ڕادیۆ شام ئێف ئێم، لایەنگری حکومەت ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سوریا پێگەکانی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشامی سەر بە ئەلقاعیدەیان تۆپباران کردووە، کە بەهێزترین رێکخراوی چەکدارییە لە ئیدلب.
هەروەها ڕادیۆ شام ئێف ئێم بڵاویکردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا و ڕوسیا هێرشیان کردووەتە سەر هەمان ناوچە.

XS
SM
MD
LG