Accessibility links

کورد لە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک لە سوپا و ڕادەستکردنی بە پۆلیس


کەرکوک

کورد چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە لە حکومەتەکەی محەمەد شەیاع سودانی، کە هیچکام لە کابینەکانی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی پێیان ئەنجام نەدرا، ئەویش وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکوکە لە سوپا و ڕادەستکردنیەتی بە پۆلیسی خۆجێی، کە لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکە لەلایەن سوپاوە بەڕێوەدەبرێت.

یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی شیاع سودانی، وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی پارێزگا کێشە لەسەرەکانە لە سوپای عێراق و ڕادەستکردنیانە بە پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام ناکۆکی تایەفی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنەی لە کەرکوک قورس کردووە.

ئەحمەد عەسکەری ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"یەکێک لە کارنامەی حکومەتەکەی سودانی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتوون، ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی کەرکوکە بە پۆلیس، بەڵام تا چەند سەرکەوتوو دەبێت لەمەدا، هێشتا دیار نییە."

وتیشی"کاتی ئەوەیە کەرکوک وەکو پارێزگایەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، سوپا ببرێتە دەرەوەی شار بۆ شەڕی تیرۆر."

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، ناو شاری کەرکوک ڕادەستی پۆلیس دەکرێت، سوپای عێراقیش ڕۆژاوا و باشوری پارێزگاکە دەپارێزێت، پێشمەرگەش ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوک، بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپاش بە هێزی هاوبەش پڕ دەکرێنەوە.

کامەران کەرکوکی نوێنەری پارتی لە ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"گەر ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک بە پۆلیس جێبەجێ بکرێت، ئەوە کراوەتە مەرج کە باڵانسی پێکهاتەیی لەنێو پۆلیس ڕەچاو بکرێت، ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، هەنگاوی تریش دەمێنێت بۆ جێبەجێ کردن."

دەربارەی هەنگاوەکانی تر، کامەران کەرکوکی وتی"دەبێت حیزبەکان ئازادانە بارەگا دابنێن لە کەرکوک، لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی کەرکوک ڕێککەوتن بکرێت."

لای خۆشیەوە، عەمید ڕوکن عادل زەنگەنە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئاگاداری ئامادەکارییەکان نیم، بۆ ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک بە پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ."

ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک بە پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ زیاتر خواستی هێزە کوردییەکانە، کە بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە لای ئەفسەرێکی کوردە، بەڵام پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان بەم هەنگاوە دڵخۆش نین، گەر جێبەجێش بکرێت، مەرجییان هەیە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەکەرکوک، بەدووری زانی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک لە سوپا وەربگیرێتەوە و ڕادەستی پۆلیس بکرێت، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ڕەنگە کەرکوک لەم پرسەدا ئیستیسنا بکرێت."

سەرچاوەکە، وتیشی"ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەگەڵ مانەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکوکدایە لەدەستی سوپا، چونکە پێیوایە ئەمە تەنازول کردنە بۆ کورد لە بەغداوە، بەڵام گەر گۆڕانکاری بکرێت، ئەنجومەنی عەرەبی پۆلیسی محەلی لە پۆلیسی فیدراڵی پێیباشترە، تا دۆسیەی ئەمنی ڕادەست بکرێت."

پارتی دیموکراتی کوردستان لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە کەرکوکی جێهێشتووە و بارەگای حیزبی لەو شارە نییە، مەرجی سەرەکیشی بۆ گەڕانەوە، ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانیەتی کە لە ئێستا سوپای عێراقیان تێدایە.

سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، کامەران کەرکوکی وتی"مەرجی پارتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکانەیە زەرەرمەند بوون."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:23 0:00

XS
SM
MD
LG